د.یوسف گۆران: خوێندنى باڵا بەرنامەى تایبەتى بۆ یەکسانى جێندەرى هەیە

simanar le rozhi znan

لە چوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ سنورى بادینان، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سێنتەرى ڕۆشنبیرى و جڤاکى زانکۆى دهۆک بەشدارى لە چالاکیەکى زانستى زانکۆکە کرد، کە بۆ یادى (٨)ى مارس ڕۆژى جیهانى ژنان ڕێکخرابو.

لەو چالاکیەدا، کە بەدروشمى "پێشمەرگە سومبولێ ئاشتێیى و هەبونا ژیانێ یە" ڕێکخرابو، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى کوردستان و، د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، نوێنەرى ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و، فیمینیست و، مامۆستایان و توێژەران ئامادەیبون چەند بابەتێکى زانستى و ئەکادیمى و کۆمەڵایەتى پێشکەشکرا، لەوەشدا زیاتر جەخت لەسەر  دۆخ و مافى ژنانى ئێزدى کرا.

د.مسڵح محمد سەرۆکى زانکۆى دهۆک لەو بۆنەیەدا، دواى بەخێرهێنانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەفدى هاوڕێى، کورتەیەکى لەسەر کاروچالاکی زانکۆکەیان لەبارەى چۆنیەتى دابینکردنى مافى ژنان پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: لە چەند رۆژى ڕابردودا پەیمانگەیەکى تایبەت بەڕاهێنانەوەى دەرونى و کۆمەڵایەتیان لە زانکۆى دهۆک کردوە، وتیشى لەو پەیمانگەیەدا جگە لە پێگەیاندنى نەوەیەک و پێشکەشکردنى بڕوانامە، لەهەمان کاتدا دەکەین بەناوەندێک بۆ چارەسەرى دەرونى و کۆمەڵایەتى بۆ ئەو کەسانەى کە دوچارى کێشە دەبن، ئەوەشى ڕاگەیاند: دەرگاى پەیمانگەکەیان بەڕۆى ژنانى ئێزدى کراوە دەبێت بەتایبەت ئەو ژن و کچانەى لە ژێر دەسەڵاتى داعش رزگاریان بوە.

هەر بەو بۆنەیەوە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پەیامێکدا، سەربارى پیرۆزبایکردنى ئەو ڕۆژە جیهانیە لە ژنان و کچانى کورد، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە دەبێتە ساڵانە یادى ئەو ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕابگرین و، بیکەینە بۆنەیەک بۆ دابینکردنى مافى تەواوى ژنان، چونکە بەبێ دابینکردنى مافەکانى نیوەکەى دیکە، ناتوانین کۆمەڵگە بەگەڕبخەین.

سەبارەت بەمافى ژنانى ئێزیدیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خوشکان و برایانى ئێزدی دوچارى کێشەیەکى زۆر بون، هەربۆیە حکومەت و وەزارەتەکەمان هەوڵى بەردەوامیان داوە بۆ دابینکردنى مافەکانیان، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەک ئەرکێکى نەتەوەی بڕیاریدا کێشەى خوێندکارانى ئێزدى چارەسەر بکات، بەوەش سەرجەم خوێندکارانى ئێزدى لە زانکۆکان وەرگرت، د.یوسف گۆران راشیگەیاند: ئەرى لە پێشینەى حکومەتیش بۆ ئەوەیە دوبارە قوربانیانى شەڕ بەتایبەت کچان و ژنانى ئێزدى ئەوەیە بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە، لەو ڕوانگەیەوەش ئێستا دو پەیمانگە یەکێک لە زانکۆى دهۆک و، یەکێکى دیکەش لە زانکۆى کۆیە بەهاریکارى زانکۆى هارڤارد کراوەتەوە، بۆیە دەکرێ بڵێین حکومەت هەوڵى زۆریداوە، بەڵام نەیتوانیوە هەمو کارێک بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بیرمان لەوە کردۆتەوە دیدێکى کۆمەڵگەیى کشتگیرمان هەبێ و لە ڕوى دەرونى و کۆمەڵایەتى و ئابورى چارسەرى کێشەى ژنان و کچان بکەین تا بەشێوەیەکى ئاسایى جارێکى بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە و وەک تاکێکى ئاسایى لێیان بڕاوندرێ، نەک وەک کەسێکى جیاواز، ئەوەش ئەرکى سەرجەم لایەنەکان هەنگاو بەو ئاراستەیە بنرێ.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: کە وەک وەزارەت بۆ یەکسانى جێندەر بەرنامەیەکى تایبەتیان هەیە تا بتوانین ژنان بێنینە پێشەوە، ڕونیشیکردەوە ئەرکى زانکۆکان بریتیە لە دۆزینەوەى ڕێگە چارەى گونجاو بۆ کێشەکانى کۆمەڵگە، بۆیە دەستخۆشى لە زانکۆى دهۆک دەکەم بۆ ڕێکخستنى ئەو چالاکیە زانستیە لەم ڕۆژە گرنگەدا.

هەر لەو چالاکیەدا، چەند بابەتێکى زانستى و سیاسى پێشکەشکرا، ئەوەش ڕاگەیندرا، کە تا ئێستا نزیکەى (٣) سێ هەزار ژن و کچى ئێزدى لە دەستى داعش ڕزگار کراوە و، بەشێکیشى لە وڵاتانى ئاڵمانیا چارەسەریان بۆ دەکرێ.