وەزارەتى خوێندنى باڵا، لەمەراسیمێکدا یەکەمی کۆلێژ و بەشە زانستییەکانى زانکۆى هەولێرى پزیشکى خەڵاتکرد

بریكار + هەولێری پزیشكی + یەكەمەكان + خەڵات

ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى ١٤/٩/٢٠٢٠ بە بەشدارى د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و د. سامان بەرزرنجى وەزیرى تەندروستى و د. فرسەت سۆفى پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان، مەراسیمى خەڵات کردنى یەکەمەکانى کۆلێژ و بەشە زانستییەکانى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەڕێوەچو.

 

لەمیانى بەڕێوەچونى مەراسیمى خەڵات کردنەکەشدا د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد و تیایدا لەپاڵ پیرۆزبایى لە سێ یەکەمەکانى کۆلێژ و بەشە زانستییەکانى زانکۆى هەولێرى پزیشکى سڵاو ڕێزى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە یەکەم و دوەم و سێیەمەکان ڕاگەیاند و، وتى : ڤایرۆسى کۆڕۆنا چەند ڕاستییەکى بۆ ڕون کردینەوە کە پیشەى پزیشکى و زانستییە پزیشکیەکان پیرۆزترین و مرۆییترین پیشەن بۆ دابینکردنى پاراستنى ئاسایشى کۆمەڵگە، هاوکات گرنگى کردنەوەى زانکۆى هەولێرى پزیشکیشى هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕون کردەوە.

 

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتیشى: ئەو سەرکەوتنەى ئێوە نابێت لێرەوە کۆتایى پێبێت، بەڵکو ڕیگەیەکە بۆ ئەوەى زیاتر پەرە بەزانست و فێربون بدرێت و بەرەو ئاستى مەعریفى بەرزتر و دەسکەوتى گەورەتر هەنگاو بنێن.

 

لەبەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا ژمارەیەک وتار پێشکەش کران و تیایدا لەپاڵ دەربڕینى پیرۆزبایى بۆ سێ یەکەمەکانى کۆلێژ و بەشە زانستییەکانى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەگرنگیەوە باسى دۆخى ئێستاى هەرێم لەبارەى بڵاو بونەوە و ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا کران.

 

لە کۆتایى مەراسیمەکەدا د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕێزو سوپاس و پێزانینى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاراستەى یەکەمەکانى کۆلێژ و بەشە زانستییەکانى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٩-٢٠٢٠ کرد.