وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی مەڵبەندی دووی یەكێتیی كرد

newsitem-1921-5.02.2015-ku.jpg

د.یوسف گۆران: پێشینەی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ماستەر بۆ فەرمانبەرانی زانكۆی كەركوك دەبێت


*ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ شاری كەركوك، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی (4/2/2015) د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی مەڵبەندی (2) دووی  یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كرد و بەگەرمی لەلایەن دلێر عبدالقادر جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و ژمارەیەك لە كارگێڕو ئەندام و كادرانی مەڵبەند بەگەرمی پێشوازی لێكرا.

   لە دیدارێكدا دوای بەخێرهێنانی بۆ شاری كەركوك و مەڵبەندی دوو، باس لە بارودۆخی خوێندن و بەتایبەت خوێندنی باڵا لە شارەكە كرا، لەو بارەیەوە جێگری لێپرسراوی مەڵبەند دوای ستایشكردنی كارەكانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد بۆ بایەخدان بەشاری كەركوك بەتایبەت كردنەوەی نوسینگەی وەزارەت لە شارەكە، پاڵپشتی و پشتیوانی مەڵبەندیان بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە شارەكە دوپات كردەوە، ئەوەشی ڕاگەیاند: كردنەوەی نوسینگەی وەزارەت لە كەركوك  هەنگاوێكی گرنگە بەئاڕاستەی جێبەجێكردنی مادەی 140.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەركی سەرەكی ئێمە خزمەتكردنە بەهەموو گەلی كورد، ئەركێكی دیكەشمان خزمەتكردنە بەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. بۆ كردنەوەی نوسینگەی كەركوكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-ش ووتی: ئەگەر پاڵپشتی و هاریكارییەكانی پارێزگاری كەركوك و لێپرسراوی مەڵبەند نەبوایە، كردنەوەی نوسینگەی وەزارەتەكەمان زۆر ئەستەم بوو، هەرچەندە حكومەت زۆری پێ باش بوو، بەڵام لە ڕووی كردایەوە ئەستەم بوو، بۆیە هاتوم سوپاسی ئەو هاریكارییەتان بكەم.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: لە ڕێگەی ئەو نوسینگەیەوە كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی خوێندكاران و پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی زانكۆی كەركوك بەتایبەت لە دابینكردنی مامۆستا، هەربۆیە لە بەرنامەماندایە لە پلانی ساڵی داهاتو لەو بەشەی بۆ كەركوك لە خوێندنی باڵا/ ماستەر دابینی دەكەین، پێشنەی وەرگرتن برخسێنین بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە لە زانكۆی كەركوكن، بۆ ئەوەی دوای تەواوبونی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەكانیان لە زانكۆكانی كوردستان، بگەڕێننەوە زانكۆی كەركوك و خزمەت بكەن، لەهەمان كاتیشدا دوای فەرمانبەرانی زانكۆی كەركوك، ئەو فەرمانبەرانەی كە لە دامەزراوەكانی دیكەی ئەم پارێزگایەدا دەوام دەكەن چانسی وەرگرتنی زیاتریان پێ‌ دەدەین، هەروەك نیازی وەزارەتەكەشی ئاشكرا كرد بۆ فراوانكردنی پڕۆژەكانیان بۆ زیاتر خزمەتكردن بەدانیشتوانی شارەكە بەتایبەت لە وەرگرتنی ژمارەیەك خوێندكاری كەركوكی بۆ درێژەدان بەخوێندنی باڵا/ دكتۆرا لە هەرێمی كوردستان.

ئامادەبوانی كۆبونەوەكە دەستخۆشیان لە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد لە بەرامبەر ئەو كارئاسانی و پڕۆژانەی پێشكەش بەخوێندكارانی كەركوكی دەكەن، ئەوەشیان ڕاگەیاند: ئەگەر ئەو پڕۆژانەی وەزارەت نەبوایە، ئەوا خوێندكارانی كەركوك كێشەكانیان زیاتر دەبون و زۆر زیاتریش دوا دەكەوتن.