وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان) پرۆژەی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەنجومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی کۆمیتەیەکی زانستی ستراتیجی نیشتیمانییە، کار دەکات بۆ هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە بوارە پسپۆڕییە جیاجیاکاندا ، لە بەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەکارهێنانی بەرهەمەکانی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان.
گرنگترین کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بریتی دەبن لە:
- داڕشتنی ستراتیجی گشتی توێژینەوەی زانستی و دەستنیشناکردنی ئەو پرسانەی کە لەسەر ئاستی نیشتیمانی پێویستییان بە توێژینەو و لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکانی زانستی و تەکنۆلۆجی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ئاراستەکردنی زانستییانەی چالاکی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان.
- پشتیوانیکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگای دەستەبەرکردنی گرانتی ساڵانەی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی و بەخشینی بەو توێژینەوانەی کە لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی هەرێمی کوردستانن، هەروەها داڕشتنی میکانیزمی گونجاو بۆ بەخشینی گرانتەکان لەسەر بنەمای شەفافیەت ، هەلی یەکسان ، کواڵیتی و کاریگەری توێژینەوەکان .
- داڕشتنی میکانیزمی گونجاو بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ سێکتەرەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و دامودەزگاکانی کۆمەڵی مەدەنی بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری و داتای پێویست دەربارەی ئەو پرسانەی کە پێویستی هەنوکەییان بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ورد هەیە.
- دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی و ڕەخساندن و پشتگیریکردنی دەرفەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش لەگەڵ سێنتەر و ناوەندە زانستییە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت توێژینەوە لەسەر ئەو بوارانەی کە کاریگەری نیشتیمانی و نێودەوڵەتییان هەیە.
- دانانی پرۆگرامی (Fellowship) ی ساڵانە بۆ ئەو توێژەرانەی کە پرۆپۆزەڵەکانیان لەسەر بنەمای پێشبڕکێ و کواڵیتی و پێداویستییە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکرێت (PhD Fellowship, Post-Doctoral Research Fellowship)
- سەرپەرشتیکردن و ڕێکخستنی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی توێژینەوەی زانستی لە بوارەجیاجیاکان و کارئاسانی بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بەرهەمە مەعریفییەکان. واتا تەرجەمەکردنی بەرهەمەکانی توێژینەوە بۆ ژیانی پراکتیک و دروستکردنی کاریگەری لەسەر بوارە جیاجیاکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لەلەیەن بەرێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەندامەکانی بریتیی دەبن لە زانایان و توێژەرانی کارا و ئەکادیمیانی کوردستان لە بواری پسپۆڕی جیاجیادا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی داوا لە توێژەران و ئەکادیمیان دەکات ئەوانەی کە ئارەزومەندن ببنە ئەندامی ئەنجومەنی توێژینەوەی زنستی و لەم پرۆژە نیشتیمانییە گرنگەدا جێ پەنجەیان هەبێت با بە زووترین کات سی ڤییەکانی خۆیان لە ڕێگای ئیمەیلی فەرمی (research.council@mhe-krg.org) ڕەوانەی وەزارەت بکەن، دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی سی ڤییەکان ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی (26/02/2015) یە.