كاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه 25/4/2010 پرۆفیسۆر د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له دیوانی وه‌زاره‌ت، پێشوازیكرد له د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانان و شاندێكی هاوڕێی.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، كه د.جه‌مال ره‌سوڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم و جوان جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی وه‌رگرتنی خوێندكاران و راوێژكاران و ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان به‌شدار بوون، گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی پلانی ساڵانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ وه‌رگرتنی خوێندكاران و دانانی میكانیزمێك به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی پلاندانان بۆ وه‌رگرتنی خوێندكاران و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی بازاڕی كاری هه‌رێم و كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی بێكاری، كه ساڵانه له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ساڵی خوێندن و ده‌رچوونی خوێندكاران رێژه‌ی بێكاری به‌رزتر ده‌بێته‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین تیشكی خسته‌سه‌ر گرنگی هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌ته‌كان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئامار و داتای پێویست، به‌مه‌به‌ستی كاركردن له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی كادری پێشكه‌وتوو و شاره‌زا. هه‌روه‌ك جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی سیسته‌م و ستراتیژی نوێی خوێندنی باڵا، كه ده‌بێته بنه‌مایه‌كی پته‌وی گۆڕانكاری و به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگای كوردی له گشت كایه و ئاسته‌كاندا.
له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌زیری پلاندانان باسی له گرنگی پلان و به‌رنامه‌ڕێژی كرد و به‌پێویستی زانی وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگا حكومی و ئه‌هلییه‌كان به پلان و به‌رنامه كار بكه‌ن و له هه‌موو كارێكیشدا پێویسته هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی زیاتر سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌كه. هه‌روه‌ك سوپاسی وه‌زیری خوێندنی باڵای كرد بۆ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ری و هه‌ماهه‌نگییه له بواری كاری حكومیدا.