شۆرشی ڕیفۆرم به‌رده‌وام ده‌بێت

 له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی سلیمانی، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وتارێكی بۆ ئاماده‌بوان ڕایگه‌یاند، كه‌ ئه‌و شۆرشه‌ ڕیفۆرمه‌ی وه‌زاره‌تی خویندنی باڵا بۆ گشت لایه‌نه‌كانی خویندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌، بازدانێكی مه‌زن بوو و ئه‌م كاروانه‌ش روو له‌ خۆره‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت" وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕأست خه‌ون بەو ڕیفۆرمه‌وه‌ ده‌بینین".

 

دوێنێ 27/7/2011، كاتژمێر 10:30 له‌ هۆڵی ته‌لاری هونه‌ر له‌ سلیمانی به‌ ئاماده‌بونی پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیزعه‌لائه‌دین وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ئاماده‌بونی سه‌رۆكی زانكۆكانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، هه‌ر‌وه‌ها پارێزگاری سلێمانی و به‌رپرسانی حزبی و حكومی، مه‌ڕاسیمی ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، وه‌زیری خویندنی باڵا له‌ وته‌كه‌یدا په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڤال مام جه‌لال و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌ خوێندكاران ڕاگه‌یاند و سوپاسی سه‌ركرده‌ ئه‌كادیمییه‌كانی كرد، گوتیشی " كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌ت له‌ ساڵی 1992 ته‌حه‌دای هه‌موو بارودۆخێكی كرد و قۆناغ به‌ قۆناغ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهینا، له‌ كابینه‌ی شه‌شه‌مدا جه‌خت له‌سه‌ر زامنكردنی كوالیتی و وه‌به‌رهێنان له‌ خویندنی باڵادا كرا، ئێستا ئێمه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕینی قۆناغێكین، كه‌ قۆناغی ده‌ستبه‌ردانه‌  له‌ یاسا كۆنه‌كانی عێراق، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌توانین سه‌ربه‌خۆیی زانكۆكانی هه‌رێم زامن بكه‌ین، چونكه زانكۆ به‌ به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی، ناوێكی گه‌وره‌ و دێیه‌كی وێرانه‌"‌.

پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز باسی له‌وه‌ كرد كه‌ زانكۆی سلێمانی له‌ پڕۆسه‌ی تواناسازیدا پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌ نزیكه‌ی 1000 خوێندكاری بۆ مه‌سته‌ر و دوكتۆرا وه‌رگیراوه‌، له‌ خولی سێیه‌میشدا 500 كورسی بۆ ته‌رخانده‌كرێت،موژده‌ی دایه‌ خویندكاره‌ یه‌كه‌مه‌كانیش به‌وه‌ی كه‌ هه‌مویان بۆ ده‌ره‌وه‌ی ولات ده‌نێردرێت تا له‌وێ له‌ ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان درێژه‌ به‌ خوێندنیان بده‌ن.