لەبەر ڕۆشنایى بڕیار و ڕاسپاردەکانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆردى هونەرەجوانەکان لە زانکۆکانى کوردستان سێیەمین کۆبونەوەى خۆى ئەنجامدا و چەند بڕیارێکى گرنگیشیدا.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەسەرپەرشتى د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئامادەبونى د.نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و ڕاگرى کۆلێژەکانى هونەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، تاوتوێى دۆخى خوێندنى باڵا لە کۆلێژەکانى هونەرە جوانەکان کرا.
لە کۆبونەوەکەدا کە تەرخان کرابو بۆ تاوتوێکردنى بارودۆخى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە کۆلێژەکانى هونەرە جوانەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، چەندین بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و چەند پێشنیازێکیش بۆ ئەو مەبەستە خرایەڕو، دواى تاوتوێکردنى پێشنیازەکان، کۆبونەوەکە بڕیاری کردنەوەى خوێندنى باڵا/ماستەرى لە کۆلێژەکانى هونەرەجوانەکان لە چوارچێوەى هاوکاریکردن و سەرپەرشتیکردنى بۆردەکە پەسند کرد.
بۆ خوێندنى دکتۆرا لە کۆلێژەکانى هونەرەجوانەکان، کۆبونەوەکە بڕیاریدا سەرجەم کۆلێژەکان لە زوترین کاتدا پرۆپۆزەڵەکانیان پێشکەش بەفەرمانگەى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بکەن تا لەبەر ڕۆشنایى بڕیار و ڕێنماییەکانى دڵنیایى جۆرى و ستافى ئەکادیمى و هەلومەرجەکانى بونى ئەو جۆرە خوێندنە لەو کۆلێژانە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ ئینجا بڕیارى کۆتاى لەسەر بدرێت.
لە کۆتای کۆبونەوەکەشدا، ئەندامانى بۆردەکە بەڵێنى هاریکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر دوپاتکردەوە، ئەوەش بەهۆى گرنگى بابەتەکە کە هونەرەجوانەکانە و پەیوەستە بەشوناس و ناسنامەى هەر گەلێک و، پێوەرى شارستانیەت و بونیەتى.