وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پرۆسەى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەرو دکتۆرا یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەى تواناسازی نیشتیمانى لە مێژوى خوێندنى باڵا لە کوردستان، دڵنیایش دەدات هەر کەسێک لە هەر ئاستێک کەمتەرخەمى یان دەست تێوەردانى ناڕەوا لە پرۆسەکە بکات ڕوبەڕوى سزاى توندى ئیدارى و یاسایى دەکەینەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (23/2/2020) به‌سه‌رپه‌رشتی و ئاماده‌بونی د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، (ژورى سەرپەرشتیکردنى پڕۆسەى خوێندنى باڵا) بەمه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌چونی دواین هه‌نگاوه‌كانی پڕۆسەى وەرگرتنى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان، بە ئامادەبونى ئەندامانى کۆبۆوە، تیایدا وردەکاری قۆناخەکانی پرۆسەی خوێندنی باڵا هەڵسەنگێنرا، کە کۆی قۆناخەکانی ئەم پرۆسەیە بریتین لە (پیشکەشکردن، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، ڕێکخستنی پێشبڕکێ، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان).
لە وتەیەکدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جه‌ختی كرده‌وه به‌هه‌ماهه‌نگی زانكۆكان بۆ ئه‌مساڵی خوێندنی (2019-2020) گشت ڕێوشوێنێكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر سێ بنه‌مای (شه‌فافیه‌ت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری) له پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا/دبلۆم و ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكانی كوردستان رهنگبداتهوەو مافی هیچ پێشكه‌شكارێك نهفەوتێت بەشێوەیەک پرۆسه‌كه دور بێت له هه‌مو ده‌ستێوه‌ردانێك و پرۆفایلی ئه‌كادیمی پێشكه‌شكاران یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ی پێوه‌ره‌ی سیستمی خاڵبه‌ندی بێت بۆ ریزبه‌ندكردنی پێشکەشکاران، د. ئارام محمد قادر دوپاتیشیكرده‌وه له پێناو شه‌فافیه‌تی پرۆسه‌كه دوای ته‌واوبونی پرۆسه‌ی وردبینی، ئەنجامی بەرایی ڕادەگەیەنرێت، بە جۆریک هەمو پیشکەشکارێک دەتوانێت پرۆفایلی خۆی لە ناو پێشبڕکێدا ببینێت.
بۆ قۆناخی پێشكه‌شكردن دو لێژنه‌ی جیاواز له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و كۆلێژ له گشت زانكۆكان پێكهاتوە، به‌مه‌به‌ستی وردبینیكردن له دۆسیه‌ی پێشكه‌شكاران له چوارچێوه‌ی یاسا و رێنماییه‌كانی په‌یوه‌ندیدارو هەمو لێژنەکان توانیویانە تەواوی دۆسیەکان بە فلتەری وردبینیدا تێپەڕێنن و هەر دۆسێیەک گرفتی یاسایی هەبوبێت لەلایەن لێژنە پەیوەندیدارەکان ڕەتکراوەتەوە.
دواتر لە قۆناخی دوەمدا کە بریتییە لە تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی، وەزارەتی خوێندنی باڵا چه‌ندین ڕێوشوێنی لەڕێگەى دەرچواندنی ڕێنمایی و گشتاندن و نووسراوى فەرمى بۆ زانکۆکان گرتوتەبەر بۆ مەبەستی په‌یڕه‌وكردنی شه‌فافیه‌ت له پرۆسه‌ی ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، نمونەی ئەو ڕێکارانەش بریتین لە رێگه‌نه‌دان به هه‌ڵه‌چنینی په‌راوی تاقیكردنهوهکان له ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌می زانكۆ، هەروەها ئەو مامۆستایانەی کە کەسی نزیکیان داوایان بۆ خوێندنی باڵا پێشکەس کردبێت ئەوا ڕێگەیان پێ نەدراوە کە لە پرۆسەی دانانی پرسیار و هەڵە چنیندا بەشدار بن، هاوکات رێگهنەدراوە به بردنه ژوره‌وه‌ی هیچ ئامێرێکی ئەلکترۆنی بۆ ناو هۆڵەکانی تاقیكردنه‌وه، لەهەر جێگایەکیش پێویست بوبێت زانکۆ ئامێری ژمێرەری بۆ بەشداربوان دابینکردووە.
بۆ قۆناخی سێیەمیش کە بریتییه له پرۆسه‌ی داخیلركردنی نمره‌ی گشت پێوەرەکانی سیستمی خاڵبه‌ندی و ڕێکخستنی پێشبڕکێ بۆ ڕیزبه‌ندكردنی پێشکەشکاران له چوارچێوه‌ی پلانی په‌سه‌ندكراو، له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌ت به‌مه‌به‌ستی نه‌بونی هه‌ڵه‌و په‌یڕه‌وكردنی شه‌فافیه‌ت لێژنه‌یه‌كی چوار ئه‌ندامی له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر كۆلێژێك له گشت زانكۆكان داتاكان و نمره‌كان لە فۆرمێكی یه‌كگرتودا تۆمار ده‌كه‌ن و واژوی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و به‌رپرسیاریه‌تی له ئه‌ستۆ ده‌گرن.
جێگەى ئاماژەیە لە ئێستادا وودبینی بۆ داتای پێشكه‌شكاران و ئەنجامەکان و سیستمی خاڵبەندی و پێشبرکێ ده‌كرێت و پرۆسەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە، له دوای ته‌واوبونی له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئەنجامە بەراییەکان راده‌گه‌یه‌نرێت و ده‌رگای سكاڵا‌و تانه‌گرتن بۆ پێشكه‌شكاران ده‌كرێته‌وه.