دواى ئەوەى هەنگاوەکانى پێدانى متمانە بە بەشێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى لێژنەى جیا جیاى تایبەتمەندەوە دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق تایبەت بە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لەگەڵ نوێنەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم کۆبونەوە.
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (٢٠٢٠/٢/٢٠) وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراق کە لە لێژنەى تایبەت بۆ پێدانى متمانە بە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان پێکهاتبون لە (د. حەیدەر عامر ئەحمەد) سەرۆکى لێژنەو (م. حامد شار محمود) ئەندامى لێژنە، سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانیان لە شارى هەولێر کردو بە ئامادەبونى (د. محمد شاکر) ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا، لەگەڵ (د. خەتاب ئەحمەد شێخانى) بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى و کاربەدەستانى دیکەى وەزارەت کۆبونەوە.
لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لە وتەیەکدا ئاماژەى بە هەنگاوەکانى لێژنەکانى حکومەتى عێراقى کرد بۆ سەردانى زانکۆکانى کوردستان بەتایبەت ئەو زانکۆیانەى کێشەى متمانەیان هەبوە، بۆ ئەمەش تەواوى ئامادەیى و کارئاسانى بۆ لێژنەکە دوپاتکردەوە، کە ئەرکەکانیان تایبەتە بە پێدانى متمانە بە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانى هەرێمى کوردستان.
لەلایەن خۆشیەوە پەرلەمانتار د. محمد شاکر ئەندامى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە وتەیەکدا کورتەیەکى لەبارەى کارى لێژنەکەکان خستەڕو کە لە ٣ لێژنە پێکهاتبون و لە ئێستادا ٢ لێژنە کارەکانى تەواو بون و لێژنەى سێیەمیش دەستى بەکارەکانى کردوە، بۆ ئەمەش داواى لە زانکۆکان کرد هاوکارى لێژنەکان بن و کار ئاسانى پێشکەش بە لێژنەکان بکەن.
لەبەرامبەردا ئەندامانى لێژنەى پێدانى متمانە بە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان ڕایانگەیاند: لە دەستپێکى کارەکانیان سەردانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێریان کردوەو لە داهاتودا سەردانى زانکۆکانى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و دهۆک دەکەن، بەمەبەستى پێدانى متمانە بە زانکۆ پۆلیتەکنیەکان، هەروەها راشیانگەیاند هەموان کۆکین کێشە هەڵپەسێردراوەکانى بوارى خوێندنى باڵا لە نێوانمان چارەسەربکەین ئەویش بە ڕەچاوکردنى یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان لە هەرێمى کوردستان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا رۆڵى هەموو ئەو لایەنانەى بەگرنگ نرخێنرا کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لەم پرۆسەیە بۆ ئەوەى متمانەى فەرمى بە زانکۆکانى هەرێم و کێشەکانى کەرتى خوێندنى باڵا لە نێوان هەرێم و ناوەند چارەسەربکرێن.