وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند باشترن پاداشت بۆ شارى هەڵەجە، بنیادنانى زانکۆیەکى پێشکەوتو و ئاست بەرزە، کە بتوانێت خزمەت بە رۆڵەکانى میللەتەکەمان بکات، وتیشى: شارى هەڵەبجە نانسنامەى نەتەوەیمانە دەبێت هەمو هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ سەرخستنى زانکۆى هەڵەبجە.
لەوەرزێکى نوێى سەردانەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەسەرکردنەوەى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکان و لە یەکەم ویستگەى ئەو سەردانەیدا د. ئارام محمد قادر، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٠) زانکۆى هەڵەبجەى بەسەرکردەوە.
لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیشدا بە یاوەرى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى دیوانى پارێزگاى هەڵەبجەى کردو لەلایەن ئازاد تۆفیق پارێزگار و سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجەو جێگرى پارێزگارو قائیمقام و لێپرسراوانى یەکە ئیدارەکانى هەڵەبجە پێشوازى لێکرا.
لە کۆبونەوەیەکدا تەئکید لە هەماهەنگى و هاوکارى زانکۆ و حکومەتى خۆجێى کرایەوە، بۆ ئەمەش پارێزگارى هەڵەبجە بەڵێنیدا پشتیوانى تەواوى پرۆسەى خوێندنى باڵاو زانکۆى هەڵەبجە بێت، لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد سوپاسى پارێزگارو لێپرسراوانى یەکە ئیدارەیەکانى کردو هەماهەنگییەکانى بەرزنرخاندن.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى پارێزگار و یەکە ئیدارییەکانى هەڵەبجە بەشدارییان کرد لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە، لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. مەهاباد کامل عەبدوڵا سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە لە وتەیەکدا بەناوی زانكۆی هەڵەبجە بەخێرهاتنی وەزیرى خوێندنى باڵا و پارێزگاری هەڵەبجەى كردو ئاماژەی بە كێشە و كەموكوڕى و پێداویستیەکانى زانکۆ کرد، بۆ ئەمەش پێشنیاز و بۆچونى ئەنجومەنى زانکۆى بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆکە خستەڕو.
لەلایەن خۆیەوە وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە پشتیوانى لە سەرخستن و پێشکەوتنى زانکۆى هەڵەبجە دەکەین، بۆ ئەمەش تەئکیدى کردەوە باشترن پاداشت بۆ شارى هەڵەبجە بنیادنانى زانکۆیەکى پێشکەوتو و ئاست بەرزە، کە بتوانێ خزمەتى رۆڵەکانى میللەتەکەمان بکات، وتیشى: شارى هەڵەبجە نانسنامەى نەتەوەیمانە دەبێت هەمو هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنى زانکۆى هەڵەبجە چڕبکەینەوە.
د. ئارام محمد بەڵێنى بە ئەنجومەنى زانکۆ دا ئەوەى لە توانادابێت بۆ سەرخستنى ئەم زانکۆیە هەرگیز درێغى ناکەین، لە پلاندامان دا هەیە زانکۆى هەڵەبجە بکەینە دەستە خوشکى زانکۆیەکى بەناوبانگى جیهانى، بۆ ئەوەى بتوانین لە ڕێگەى ئەم هەماهەنگیە نێودەوڵەتیەوە زانکۆ لە ڕوى سیستمى بەڕێوەبەردن و پڕۆگرامى خوێندن و توێژینەوەى زانستى زیاتر بەرەو پێش ببەین.
هەروەها پشتیوانى خۆشى بۆ پرۆژەى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە نیشاندا، بەڵام داواى لەسەرۆکایەتى زانکۆ کرد لەڕێگەى بۆردى پشتیوانى زانکۆى هەڵەبجەوە بەوردى دیراسەى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى بکرێت و پرۆپۆزەلێکى زانستى بۆ دابڕێژرێت و هەوڵى دەستەبەرکردنى ژێرخان و پێداویستییە زانستیەکان و توانا مرۆیەکانى بدرێت بەر لە دەستپێکردن و وەرگرتنى خوێندکاران.
لە کۆتای وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە سەرکردە ئەکادیمییەکانى زانکۆى هەڵەبجەو مامۆستاو فەرمانبەران کرد، بەگیانى یەک تیمى کار بۆ سەرخستنى زانکۆکەیان بکەین و پشتیوانتان دەبین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆ، پارێزگارى هەڵەبجە لە وتەیەکدا سوپاسى هاتنى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کردو پشتیوانى خۆى و حکومەتى خۆجێى بۆ زانکۆ دوپاتکردەوە، داواشى لە ئەنجومەنى زانکۆ کرد لە ناو حەرەمى زانکۆدا بەتەواوەتى ڕێز لە جیاوازى بیروڕاو تێڕوانینى فکرى بگیرێت، چونکە هەمیشە هەڵەبجە شانازى بەوە کردەوە کە لانکەى گەشەکردنى بیروڕاى جیاواز و ڕێزگرتن لە فرەیى و ئایدیا جیا جیاکان بوە.
هەر لە میانى سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆلێژى تەکنیکى زانستە پراکتیکییەکانى هەڵەبجەى بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ مامۆستاو فەرمانبەرانى کۆلێژەکە گفتوگۆى لەبارەى پێشخستنى ئاستى کۆلێژەکەیان کرد.