وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق لە نوسراوێکدا هەنگاوەکانی دانپێدانانی بەشێک لە زانکۆكانی هەرێم دەستپێدەکات، لە بەرامبەریشدا وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم ئەم هەنگاوە بە دەستپێکێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانى نێوانيان دادەنێت.
بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراقى بەژمارە (٥١٦٤) لە ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٩) بڕیارى پێکهێنانى سێ لێژنەى دراوە تایبەت بە هەڵسەنگاندنى پێداویستیەکانى دانپێدانان بە زانکۆکانى (سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، ڕاپەڕین، کوردستان/ههولێر، پۆلیتەکنیکى هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانى و پۆلیتەکنیکى دهۆک).
لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: پێشوازی لەم بڕیارەی حکومەتی عێراقی دەکەین و بەهەنگاوێکی گرنگی دادەنێین بۆ ئاساییکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان، وتيشى: ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ زیندوکردنەوەی گیانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و هاوکاری نێوانمان بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم سوپاس و پێزانینی خۆى ئاڕاستەی هەموو ئەو لایەنانەى كرد کەهاوکار و هەماهەنگ بوون لەم پرۆسەیە بەتایبەت ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکان لە لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەش تەواوی فەرمانگەکانی وەزارەت و زانکۆ پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری و هاوکاریکردنی لێژنە پسپۆرەکان بەمەبەستی خێرا بەڕێوەچوونی ڕێککارە پێویستەکان.
لە کۆتایى لێدوانەکەیدا د. ئارام محمد ڕایگەیاند: کاردەکەین بۆ ئەوەى هەردولامان پابەندبین بە بنەماکانى دەستورى عێراق، بەو پێیەى ئەو زانکۆیانەى لەلایەن حکومەتى هەرێم مۆڵەتى پێدەدرێت، ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتى عێراقى دانپێنراو بێت.
جێگەى ئاماژەیە بەشێک لە زانکۆ تازەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی دانپێنرا نەبون، زۆر جار دەرچوانى ئەم زانکۆیانە دووچاری گرفت دەبوون لەکاتی پەسەندکردنی بڕوانامەکانیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەتایبەت لەو کاتانەی دەرچوان بۆ درێژەدان بەخوێندن ڕویان لە وڵاتە عەرەبیەکان دەکرد. لە ساڵانی ڕابردووش چەندین لێژنەی پسپۆر لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بەمەبەستی هەڵسەنگادن سەردانی ئەم زانکۆیانەی کردوەو ڕاسپاردە و تێبێنی پێویستییان پێشکەش کردوە.