د.ئارام محمد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیدەکاتەوە لە پێناو هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى و بەهێزکردنى پێگەى زانستى زانکۆکان، پرۆژەى ستراتیژى لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان ئەنجامدەدەین.
ئەو دوپاتکردنەوەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ پێنجشەممە, ڕێکەوتى (١٨/٧/٢٠١٩) لە میانەى پێشوازیکردنى لە هەریەک لە (هەرێم کەمال ئاغا) و (کوردەى هاشم جیهاز) و (حسین شەهید حسن نەرمۆ) ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هات, کە بەمەبەستى پیرۆزبایکردن لە د.ئارام محمد وەک وەزیرى نوێى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى وەزارەتیان کرد بوو.
لەو چوارچێوەیەداو, لەسەرەتاى دیدارەکەدا هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەى بە گرنگى کارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەک یەکێک لە وەزارەتە گرنگەکان کرد، کە پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە تاک و کۆمەڵگەو بەرەو پێشبردنى ئاستى مەعریفیەوە هەیە، بۆ ئەمەش پشتیوانى خۆى و پاڕلەمانتارانى بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند بۆ خزمەتکردنى زیاترى خەڵکى کوردستان لە بەغدا هاوکارو پاڵپشتى سەرکەوتنى پرۆژەکانى وەزارەتەکەتان دەبین.
لەبەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان, سوپاسى پیرۆزبایى و سەردان و بەسەرکردنەوەکەیان کرد و, ڕایگەیاند: بە پشتیوانى هەمولایەک و توانا مرۆییەکانى وەزارەت، کارى تەواو دەدەین بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەى گرنگ لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان. چونکە چاومان لەوەیە باشتر پەرە بەکار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بدەین و ببین بە جێگەى متمانەى کەسوکارى شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکى کوردستان.
هەر لەو دیدارەدا بۆ پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی سەرجەم پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان بتوانن متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن و بەتەواوەتی بچنە چوارچێوەی ستانداردە جیهانییەکانەوە.کار دەکەین بۆ ئەوەى دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبکرێن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی.
لەلایەکى دیکەوە, هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە, د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە (نەسروڵا سورچى) لێپرسراوى مەڵبەندى حەوتى نەینەواى (ى.ن.ک) و جێگرو کارگێڕاى مەڵبەند، لە دیدارێکدا وەفدى مەڵبەندى موسڵ پشتیوانى خۆیان بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پڕۆژەکانى ئەم وەزارەتە لە بوارى ڕیفۆرم و پێشخستنى ئاستى زانکۆکان دوپاتکردەوە.
هەر ئەمڕۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەجیا پێشوازى لە ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و, لێپرسراوانى دامەزراوە حکومی و حزبیەکان و کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکان کرد, لە کۆى دیدارەکاندا ڕاوێژ و گفتوگۆ لەبارەى برەودان بەکەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان کرا, بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر درێژەدان بەکاروانى خزمەت و خەباتى زانستى کردەوە.