بەئامادەبونى د.یوسف گۆران، لە خولى (٣٧) دەرچوانى زانکۆى سەڵاحەددین بڕوانامەى بەکالۆریۆس بەخشرایە (٣٧٨٣) دەرچو

Ahangi Derchwani Zankoy Sallahadeen

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: گەر بمانەوێت لەم هەرێمەدا ئابوریەکی گەشەکردومان هەبێت،  ئەوا دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندن و خویندنی باڵا بکەین، چونکە گەشەکردنی ئابوری لە سەدەی بیستویەکدا پشت بە زانست و تویژینەوە و داتا دەبەستێت، بۆ ئەوەش دەبێ زانکۆکان سنورى لۆکاڵى ببەزێنن، ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێكیدا هات كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاهه‌نگی خولی (٣٧) ده‌رچوانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشكه‌شی كرد.

دەستپێکى ئاهەنگەکە

له‌و ئاهه‌نگه‌دا، كه‌ شه‌وی پێنچ شه‌ممه‌، رێكه‌وتی (٢٨/٦/٢٠١٨) له‌ یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چو، ئاهه‌نگه‌ به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌رچوانی خوله‌كه‌ و مامۆستایانی زانكۆكه‌ بۆ ناو یاریگاكه‌ ده‌ستیپێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بێده‌نگیان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نواند، دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه‌.

دەرچوان بەشێکى گرنگن لە سەرمایەى مرۆیى

له‌ سەرەتایی وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ناوی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پیرۆزبای گه‌رمی له‌ ده‌رچوان كرد و، وتی: دڵنیام ئەم گەنجانە شانبەشانی دەرچوانی دیکەی زانکۆ دەبنە بەشێکی کاریگەر لە سەرمایەی مرۆیی وڵاتەکەمان  و بەشدار دەبن لە کاروانی ئاوەدانی و چاکسازی و گەشەکردنی ئابوری لە هەرێمەکەمان.

دەبێ دەرچوان بە بیرۆکەی داهێنەرانە هەلی کار بخوڵقێنن

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی بەڕۆڵی دەرچوان لە دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندن کرد و لەو بارەیەوە وتی:دەرچوانی زانکۆکان و خاوەن بڕوانامەکان نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە زۆرینەی وڵاتانی دونیا ڕوبەڕوی ئاڵنگاری گەورە دەبنەوە، بەهۆی کاریگەری تەکنۆلۆجیا و گۆڕانکاری خێرا لە دۆخی ئابوری جیهان، بازاڕی کار بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەر بۆیە هەڵگرانی بڕوانامەی زانستی و دەرچووانی دامەزراوە زانستییەکان نەک تەنها دەبێت ئامادەی پێشبڕکێ بن بۆ دەستکەوتنی کار لە کەرتە جیاکانی گشتی و تایبەت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەن خۆیان بە بیرۆکەی داهێنەرانە هەلی کار بخولقێنن، هەر لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران ڕاگەیاند:ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتیشە، کە پلانی گەشەکردن و فرەجۆرکردنی  ئابوری وڵات دابڕێژێت و، دەرفەتی یەکسان بۆ بەدەستکەوتنی هەلی کار بۆ گەنجانمان بڕەخسێنێت.

دەبێ بایەخى زۆرتر بەئابورى مەعریفە بدرێ

د.یوسف گۆران بەشێکی دیکەی وتارەکەی تەرخانکرد بۆ چۆنییەتی بوژانەوەی کەرتی ئابوری و ڕونکردنەوەی زیاتری داو وتی: دەبێت ئەو ڕاستیەمان لە پێش چاو بێت، گەر بمانەوێت لەم هەرێمەدا ئابوریەکی گەشەکردومان هەبێت،  ئەوا دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندن و خویندنی باڵا بکەین، چونکە گەشەکردنی ئابوری لە سەدەی بیستویەکدا پشت بە زانست و تویژینەوە و داتا دەبەستێت، لە چوارچێوەی ئەوچەمکەی کە پێی دەوترێت (Knowledge Economy)، ئابوری مەعریفە، لەم میانەیەشدا زانکۆکان لە (ڕێگەی توێژەران و توانا زانستییەکانیان) ڕۆڵی کاریگەر دەبینن لە دیاریکردنی نەخشەڕێگەی گەشەکردنی ئابوری.

ڕوپێوی بۆ پێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستان دەکرێ

هەر لە وتارەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە هەنگاوەکان و کارنامەی وەزارەتەکەی لە بواری گەشەپێدانی بازاری کار کرد و وتی: ئێمە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا هەوڵمان داوە بەشێوازێکی زانستی کارلێکی نێوان پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاهێنان لە زانکۆکانمان ڕێکبخەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا بە هەماهەنگیی و هاوکاری لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان بە تایبەت زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان ساڵانە کار بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و ڕوپێوکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان دەکەین لە پێناو دەسستنیشانکردن و گرینگیدان بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی کە بازاڕی کاری هەرێمەکەمان پێویستیی هەنووکەیی پێیانە و گرنگن بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.

 

سیستمى دڵنیایى جۆرى دارێژراوەتەوە

بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و بەرئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بەشێکى دیکەى وتارەکەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهێنا، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند:هەوڵی جدیمان داوە بۆ پەرەپێدانی کواڵیتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی، هەروەک لە ڕیگەی پرۆژەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستانەوە کارمان کردوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستمی دڵنیایی جۆری و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی خوێندن و فیرکردن و توێژینەوە لە زانکۆکانی کوردستان، ئەوەش بۆ زامنکردنی کواڵیتی و باشکردنی ئاکامەکانی پرۆسەی فێربون.

 

هەمو زانکۆکان دەبێ ببنە خاوەنى بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى

هەر لە چوارچێوەی کارنامەی وەزارەتەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشکی خستەسەر هەوڵی زانکۆکان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، لەو بارەیەوە وتی: لە ئێستادا خۆشبەختانە بەشێک لە زانکۆکانمان بە جدی کار بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی دەکەن، ئێمەش هاوکاریان دەبین لە ڕێگەی دامەزراندنی دەزگایەکی نیشتیمانی سەربەخۆ بۆ متمانەبەخشین، وتیشی ئەم پرۆژەیە لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا بە هاوکاری دەزگای نێودەوڵەتی (زێڤا) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەم پێیەش هەموو زانکۆکانی  هەرێمی کوردستان دەخەینە سەر شاڕێی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، ئەوەشی ڕاگەیاند: لەماوەی چەند ساڵی داهاتودا هیچ زانکۆیەک لە کوردستان ناهێڵن متمانەی نێودەوڵەتی نەبێت، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ و گەورەیە لەبەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا لە کوردستان.

 

دەبێ پرۆگرامەکانى خوێندن ڕەنگدانەوەى پێداویستیەکانى بازارى کار بن

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران باسی لە پلانی ستراتیژی وەزارەتەکەی کرد بۆ گۆرانکاریکردن لە پرۆگرامەکانی خوێندن، بۆ ئەوەش وتی: هەوڵمانداوە بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچونەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ستانداردە زانستییە نیودەوڵەتییەکان و ڕەچاوکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ئاوێتەکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ مەشق و ڕاهێنانی پراکتیکی، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: لەو چوارچێوەیەدا و وەک هەنگاوی یەکەم کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرنگمان له‌ پڕۆگرامەکانی خوێندنی به‌شه‌كانی (یاسا، ئەندازیاری، کشتوکاڵ، زانستە سیاسیەکان و بواری پزیشکی) ئەنجام داوە و تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتمان لەم پرۆسەیە بەدەستهێناوە، وتیشی بیگومان بەردەوام دەبین لە پەرەپیدانی پرۆگرامەکانی هەمو بەشەکان لە زانکۆکانمان.

 

زانکۆ و شار پەیوەندی کارلێکیان هەیە

لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەشیدا بەگرنگیەوە باسی لە ڕۆڵی زانکۆکان لە گەشەپێدانی بواری ئابوری کرد و وتی: زۆرگرنگە زانکۆ پەیوەندی بەردەوام و توندوتۆڵی لەگەڵ کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هەبێت، وتیشی دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی زانکۆکانمان بەشێوازێکی پۆزەتیڤ و داینامیکی لەگەڵ شارەکانمان کارلێک بکەن، ئەوەشی ڕاگەیاند: کە هەم زانکۆ دەبێ بتوانێت لە ڕوی ئابوری و کەلتورییەوە شار پێش بخات و، هەم شاریش دەبێ بتوانێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی زانکۆ کارایی هەبێت، ئاشکراشیکرد، کە لە مێژودا زۆرن ئەو شارانەی بە هۆی زانکۆکانیانەوە توانیویانە گەشەی ئابوری و کەلتوری خێرا بکەن، چونکە زانکۆکان دەتوانن هەلی کار و پلانی گەشەکردنی ئابوری دابڕێژن.

 

زانکۆکان دەبێ سنورى لۆکاڵى ببەزێنن

هەر لەو وتارەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشکی خستە سەر خەسڵەتەکانی خوێندنی باڵا لەسەدەی بیست و یەک، بۆ ئەو مەبەستەش وتی: یەکێک لە گرنگترین خەسڵەتەکانی خوێندنی باڵا لە سەدەی بیست ویەک بریتییە لەە کرانەوە و بە نێونەتەوەیبونی زانکۆکان و توێژینەوەزانستییەکان، وتیشی  ئێمەی کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردستانیش دەبێت خۆمان لە کۆمەڵگەی ئەکادیمی نیودەوڵەتی دانەبڕێنین، چونکە بمانەوێت یان  نەمانەوێت ساڵانە زانکۆکانمان لەلایەن دامەزراوەی نیودەوڵەتییەوە ڕیزبەند دەکرێن، ڕونیشیکردەوە کە بەشداری زانکۆکان لە بەرهەمهێنانی مەعریفە هەڵدەسەنگێنرێت، بەوەش ئاستی دەرکەوتنمان لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی ساڵانە نیشان دەدرێت، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: زۆر گرنگە زانکۆکانمان لە چوارچێوەی لۆکاڵی دەرچن و بە ڕوی جیهاندا بکرێنەوە و، کۆمەڵگەی مامۆستایان و خوێندکاران فرە ڕەنگ و فرە کەلتور بن، هیواشی خواست زانکۆکانی کوردستان بتوانن بە جۆرێک پێش بخەن، کە خویندکاری ناوخۆیی و نیودەوڵەتی لە ئامێز بگرێت.

 

پشتیوانى تەواو لە باشکردنى دۆخى ژیانى مامۆستایانى زانکۆ دەکەین

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشێکی دیکەی وتارەکەی تەرخانکرد بۆ ستایشکردنی مامۆستایان و وتی: دەستخۆشی لە ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایانی ئازیزی زانکۆکەتان بکەم، وتیشی جێگەی شانازییە لە ماوەی ڕابردودا سەرباری قەیرانی نەخوازراوی دارایی، مامۆستایانی زانکۆکانمان توانیان بەوپەری دڵسۆزی و لە خۆبردوییەوە بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن و، نەهێڵن دەرگای زانکۆ و کۆلیجەکانمان بە ڕوی رۆلەکانماندا دابخرێت، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی تەواو لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان دەکات، چونکە مامۆستایانی زانکۆکان، کەسانی بەهرەمەند و سەرکەوتون لە ژیان، دەستکەوتی زانستیان هەیە، بۆیە مافی خۆیانە لەڕوی ئابورییەوە  ژیانی خۆیان و خانەوادەکایان پارێزراو بێت.

 

پرۆسەی فێربون کۆتایی پێنایات

لە بڕگەیەکی دیکەی وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران ڕو لە دەرچوانی ئاهەنگەکە ڕایگەیاند: دەرچوان پر بەڵ پیرۆزباییتان لێدەکەم، هیوام وایە ئێوەی نەوەی نوێ و سەرکردەی داهاتوی وڵاتەکەمان بە گیانی لە خۆبردویی گەشبینی و بەپرسیارێتییەوە لە ئایندەی خۆتان و کوردستانن بڕوانن، هەرگیز دو دڵ نەبن هەوڵی ئەوەبدەن کە ئێوە بەشدار بن لە بیناکردنی ئایندەی وڵاتەکەمان، چونکە ئیوە سەرمایەی مرۆیی ئەم هەرێمەن، وتیشی دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن پرۆسەی فێربون لێرەدا کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو دەبێت ئێوە بەردەوام بن لە فێربون و پەرەپێدانی توانا و کارامەییەکانتان، بە خۆشحاڵییەوە زانکۆکەتان ئۆفیسی سێنتەری بەکارخستن و بەدواداچونی (Alumni) دامەزراندوە و، بەردەوام هاوکارتان دەبێت، هەر ڕو لە دەرچوان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند: لەماوەی ساڵانی خوێندن لەو زانکۆیە، ئەوەی لەسەر زانکۆکەتان بوو پێشکەشیکردن، ئێستا نۆرەی ئێوەیە بە هیواوە هەوەڵ بدەن، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین ژیانێکی شایستە و، ئابورییەکی فرەڕەنگ و سەقامگیر و گەشەکردوو بۆ هەرێمەکەمان بنیاد بنێینەوە.

 

کەسوکارى دەرچوان شایستەى سوپاس و پێزانین

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی بێپایانی کەسوکاری دەرچوانی کرد، کە بە هەوڵ و هیمەت و میهرەبانیان سەرباری قەیرانی دارایی و ئاستەنگەکان توانیان پشتیوانی لە سەرکەوتنی دەرچوان بکەن و بیانگەێننە ئەم ڕۆژە پرشانازی و شکۆیە.

زانکۆى سەڵاحەددین لە ماوەى ڕابردودا کۆمەلێک پڕۆژەى جێبەجێکردوە

هه‌ر له‌ ئاهه‌نگی خولی (٣٧)ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددیندا، كه‌ به‌چاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان به‌ڕێوه‌چو، وتاری د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین پێشکەش کرا، لە وتارەکەدا سەربارى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و کەس و کاریان، دەستخۆشى لە مامۆستایانیش کرا، کە توانیویانە ئەو پولە گەنجە بۆ کۆمەلگەى کوردى پێ بگەێنن، هەر لە وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین باسى لە کاروپڕۆژەکانى زانکۆکەى کرد، کە ئەنجامیانداوە، بەتایبەت لە ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى هاوبەش و توێژینەوە، هەوڵەکانیان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ و، پراکتیزەکردنى خوێندنى ئەلکیترۆنى، لەگەڵ ئەو پڕۆژانەى لە بوارى خوێندنى باڵا ئەنجامیانداوە.

لایەنەکانى دیکەى ئاهەنگەکە

 لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەدا وتارى سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كردنی ئاهه‌نگ و، وتاری نوێنه‌ری ده‌رچوان پێشكه‌ش كرا، هه‌روه‌ك دوای سوێندخواردنی ده‌رچوان، له‌ سه‌ر داواكاری ڕاگری كۆلێژه‌كان، له‌لایه‌ن دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس به‌خشرایه‌ ده‌رچوان.

لە خولى (٣٧) دەرچوانى زانکۆى سەڵاحەددیندا

 له‌ ئاهه‌نگی خولی (٣٧)ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌ كۆی (٦١٢٢) شەش هه‌زار و سەد و بیست و دو خوێندكار، (٣٧٨٣) خوێندکار به‌خولی یه‌كه‌م  له‌ (١٤) كۆلێژ ده‌رچون و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان پێشكه‌ش كرا.