د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: مایەى خۆشحاڵیە کە پەیوەندییەکى باش لە نێوان حکومەت و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەت و زانکۆکان و کۆمپانیا روسیاکان هەیە، وتیشى ئەو پەیوەندییە باشە هانمان دەدات قسە لەسەر داهاتوى پەیوەندییەکانمان بکەین.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوار شەممە، ڕێکەوتى ٧/٣/٢٠١٨ لە میانەى دیارێکیدا هات لەگەڵ (ڤیکتۆر سیماکۆڤ) کونسڵى گشتى کۆمارى ڕوسیاى فیدراڵ لە هەرێمى کوردستان.
لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، د.محمد کەلارى بەرپرسى پەیوەندییە دەرکیەکانى وەزارەت ئامادەیبون، گفتوگۆ لەسەر ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، خۆشحاڵى خۆشى دەربڕى بەئاستى پەیوەندییەکانى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەت و زانکۆ و کۆمپانیا ڕوسیەکان، وتیشى پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکى باشدایە، بۆیە ئەوەش هانمان دەدات کە گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانى داهاتومان بکەین.
لە بەرامبەر بەخشینى ژمارەیەک کورسى خوێندن بە خوازیاران و مامۆستایانى هەرێمى کوردستان، د.یوسف گۆران سوپاسى ڕوسیاى کرد و وتى: پێدانى ساڵانى ئەو سکۆلەرشیپانە و ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن لە ڕوسیا بۆ هاوڵاتیان کوردستان کەلێن و کەموکوڕییەکى باشى زانکۆکانمانى پڕکردۆتەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەندێ پێشنیازى خستەڕو بۆ باشتکردنى پڕۆگرامەکە، بۆ ئەوەش ئاماژەى بەکێشەى تەمەن لە پڕۆگرامەکە کرد بەتایبەت بۆ خوازیارانى ماستەر کە (٢٥) ساڵ دیاریکراوە، وتى بەو شێوەیە ژمارەیەکى زۆر ناتوانن سود لەو سکۆلەرشیپە وەربگرن، وتیشى لە شێوەى وەرگرتن و پسپۆڕییەکان ئێمە دەخوازین ئەو پسپۆڕیانە بەشێوەیەک بێ، کە بۆ ئەمڕۆ و داهاتوى کوردستان گرنگ بێ و پێویستمان پێ دەبێ، هەروەک داواشى کرد ئەو پێشنیازانە بگەینیتە لایەنى پەیوەندیدارە لە ڕوسیا.
لە کۆتایى قسەکانیدا، د.یوسف گۆران ئامادەیى وەزارەتەکەى پیشاندا، کە ژمارەیەک کورسى خوێندن لە بوارەکانى (کوردۆلۆژى، زمانى کوردى، زمانى عەرەبى، خوێندنى ئیسلامى...) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش بە خوازیاران و توێژەرانى ڕوسیا لە هەرێمى کوردستان بکات، هیواشى خواست خوازیاران و توێژەران و سێنتەرەکانى توێژینەوە لە ڕوسیا سود لەو دەرفەتە وەربگرن، هەروەک داواشى کرد گروپى توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان هەردولا دروست بکرێ بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش، لە کۆتایشدا وتى هانى هەر جۆرە ڕێگەیەک دەدەین، کە ببێتە هۆى زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى کەلتور و زانستیەکان لە نێوان ڕوسیا و هەرێمى کوردستان.
لەبەرامبەردا، ڤیکتۆر سیماکۆڤ کونسڵى گشتى کۆمارى ڕوسیاى فیدرال خۆشحاڵى خۆى بۆ دەستپیشخەرییانەى وەزارەت بۆ تێڕوانینەکان و پەرەپێدانى سکۆلەرشیپى ڕوسیا بۆ هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە و، جەختى لەسەر پیشنیازەکانى وەزیى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردەوە، کە بۆ لەمەودا هەموو فۆرمەکان ڕەوانەى وەزارەت دەکەن بۆ ئەوەى بوار و پسپۆڕییەکان بەپێى پێداویستیە نیشتیمانى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دیارى بکرێ، هەروەک سوپاسى وەزارەتى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ڕەخساندنى دەرەفەتى خوێندن و دابینکردنى سکۆلەرشیپ بۆ فێرخوازان و خوێندکارانى ڕوسیا بۆ ئەوەى بێن لە بوارەکانى مێژو و کەلتور و زمان لە زانکۆکانى کوردستان بخوێنن، وتیشى بەزوترین کات کار لەسەر جێبەجێکردنى دەکەین، لە کۆتایشدا کونسڵى گشتى ڕوسیاى فیدراڵ خۆشحاڵى خۆى دەربرى بە ئاستى هاوکارى و هەماهەنگى نێوان وەزارەت و حکومەتى ڕوسیا و، هیواشى خواست پەیوەندییەکان تەنها لە نێوان ئاڵوگۆڕى خوێندکاران مامۆستایان نەوەستێت، بەڵکو بوارەکانى دیکەش بگرێتەوە بەتایبەت بوارەکانى ڕاهێنان و کۆڕ و توێژینەوەى هاوبەش بگرێتەوە.