کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان
مامۆستایانى ماندونەناس
فەرمانبەرانى خۆشەویست
خوێندکاران و قوتابیانى هەڵگرى مەشخەڵى زانست و خەبات
بەداخ و کەسەرێکى زۆرەوە هەواڵى ماڵئاوایى ڕێبەرى قیبلەى شۆڕشى نوێى کوردایەتی (سەرۆک مام جەلال)مان پێگەیشت، لەم بۆنە خەمناک و پڕ لە ئازار و ناسۆرەدا پڕبەدڵ هاوخەمى خۆمان ئاراستەى تێکڕاى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و، خەباتگێڕانى ڕێبازى پیرۆزى کوردایەتى و پارێزەرانى درێژەپێدەرى ڕێبازى سەرۆک مام جەلال دەکەین.
ماڵئاوایى یەکجارەکى ( سەرۆک مام جەلال) وەک چۆن خەسارەتێکى گەورەیە لەخەباتى گەلەکەمان بۆ بەدیهێنانى مافە ڕەواکانى، لەهەمان کاتدا خەسارەتێکى گەورەترە بۆ بوارى خوێندنى باڵا و مەعریفە لە کوردستان، چونکە سەرۆک مام جەلال لە ژیانیدا پاڵپشت و پشتیوان و خەمخۆرى سەرەکى خوێندنى باڵا بوە لە کوردستان، یەکەمین زانکۆ کە زانکۆى سلێمانى بوو لەڕۆژگارى خۆیدا لەسەر دەستى مام جەلال و هاوڕێکانى دامەزرا، لە دواى یەکەمین هەڵبژاردنى پاڕلەمان و دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان مام جەلال ڕۆڵى کاراو سەرەکى گێڕا لەدوبارە دامەزراندنەوەى زانکۆى سلێمانى و، دامەزراندنى زانکۆى دهۆک و زانکۆى کۆیە و بەردەوامیدان بە گەشەپێدانى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە کوردستان.
بۆیە با هەمومان پێکەوە ئەم کۆستە گەورەیە بکەینە هەنگاوێک بۆ درێژەپێدان بەخەباتى نەپساوەى سەرۆک مام جەلال بۆ خزمەتکردن بە ڕێبازى پیرۆزى کوردایەتى و ئاوەدانکردنەوەى هۆڵەکانى ناوەندەکانى خوێندن بەزانست و مەعریفەو، بەردەوامیدان بەخەباتى پێکەوە ژیانى ئاشتیانە و پارێزگاریکردن لە چەپکە گوڵى نەسرەوتن تا سەرکەوتنى کوردستان.
انا للە وانا الە الراجعون
د. یوسف گۆران
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
٣/١٠/٢٠١٧