ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی-یەوە

1.jpg

لە چەند ڕۆژى ڕابردودا کەناڵى (KNN) و سایتى (سبەى) هەواڵێکى چەواشکارى و پڕ لە درۆى بەناونیشانى (KNN گەندەڵیەکى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاشکرا دەکات) بڵاوکردەوە. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەربارى ڕەتکردنەوەى تەواوى زانیارییەکانى ناو هەواڵەکە, جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە تەواوى زانیارییەکان درۆى شاخدارن و دورو نزیک پەیوەندییان بە ڕاستیەوە نیە, بەڵکو ڕاستى هەواڵەکە بەم شێوەیەیە:

-    لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو "خاتونە خێزانى یەکێک لە لێپرسراوى دامەزراوەکانى وەزارەتى  خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستیە"، لە ڕاستیدا ( دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ) خێزانى هیچ یەکێک لە لێپرسراوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى نیە, بەڵکو هاوسەرەکى ناوى (دیرک ئایوانیدۆ)یە, کە بەڕەگەز ئاڵمانیەو پێکەوە لە دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى بۆ ماوەى (٤) ساڵە کاردەکەن و, کارەکانیشیان بەشێوەیەکى ڕێک و پێک ئەنجامداوە.

-    سەبارەت بەنوێکردنەوەى گرێبەستەکەى, جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە نوێکردنەوەى گرێبەست لە دەسەڵاتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نیە, بەڵکو وەزارەت ساڵانە سەرجەم گرێبەستەکان لەسەر داواى دەزگاو دامەزراوەکانى بەرز دەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران, هەر کاتێکیش ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر نوێکردنەوەى گرێبەستەکان پیشاندا, ئەو کات دامەزراوەیى پەیوەندارە گرێبەستەکەى لەگەڵ نوێ دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵى (٢٠١٦) تا ئێستا بەهەمان سیستمى نوێکردنەوەى گرێبەست, سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر نوێکردنەوەى (٣٢٩) کەس داوە, نوێکردنەوەى گرێبەستى (دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ) ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ وەرگیراوە, بەڵام بەهۆى ئەوەى ئێستا نەخۆشەو لە دەرەوەیە  لەلایەن دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى گرێبەستەکەى بۆ نوێ نەکراوەتەوە, بۆیە فرمانى کارگێڕى گرێبەستەکەى بۆ دەرنەکراوە و دەست بەکار نەبۆتەوە, هەر کاتێک دەست بەکاربوەوە و فرمانى کارگیڕى بۆ دەرچوو لەو کاتەوە موچەکەى بۆ ئەژمار دەکرێت.

-    (دکتۆرە سۆفیا ئایوانیدۆ) پڕۆفیسۆرێکى بەناوبانگى بوارى بایەلۆژیەوە و, لە ماوەى کارکردنیشدا لە دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى لە (٦) پڕۆژەدا کارى کردوەو, لە ئێستاشدا لە (٣) سێ پڕۆژەى دیکەدا بەشدارە, تاقیگەى بۆ دەستەى کوردستانى دروستکردوەو, چەندین کادیریشى پێگەیاندوە, لە هەمان کاتدا توێژینەوەی ئاست بەرزى جیهانى ئەنجامداوەو پەرتوکێکیشى لەسەر بایەلۆژى کوردسان لەژێر چاپدایە, هەروەک لە پڕۆژەى(Kurdish Genom) لەگەڵ نەمساو ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا بەشدارە.

-    سەبارەت بەبڕى پارەکەش کە لە هەواڵەکەدا ئاماژەى بۆ کراوە, بۆ ڕایى گشتى ئەوە ڕون دەکەینەوە کە بەپێیى ڕێنمایى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران, زۆربەى ئەوانەى خاوەن بڕوانامەى  باڵان و پسپۆڕى بیانین و لە دامەزراوە جیاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت, ئەو بڕە موچەیەى بۆ دیاریکراوە، بەهەمان شێوەى کارمەندانى هەرێمى کوردستان ئەگەر گرێبەستەکەى بۆ نوێ بکرێتەوە, بەهەمان شێوە دەچێتە ژێر سیستمى نوێى موچەوە, بەوەش بڕەکەى دەبێتە (١٧٥٠,٠٠٠) هەزار دینار, ئەو بڕەشى کە دەمێنێتەوە بۆى پاشکەوت دەکرێ.

-      هەر کەس و لایەنێک کە ئارەزوى دەسکەوتنى ڕاستیەکانە دەتوانێ سەردانى دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى و, وەزارەتى خوێندنى باڵا  و توێژینەوەى زانستى بکات.

-    هیوادارین ئەمە تەنها هەواڵى هەڵبستراوى ئەو دوو دەزگایە بێ, تا خوێنەران و بینەرانى کەناڵى (KNN) و سایتى سبەى بەچاوى گومان لە هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵەکانى دیکەیان نەڕوانن.

-    بەهۆى ئەوەى سەرلەبەرى هەواڵەکە چەوشاکارى و بوختان و درۆیە, چاوەڕی دەکەین کەناڵى (KNN) و سایتى سبەى بەڕەسمى داواى لێبوردن لە کەس و لایەنى پەیوەندار بکەن.

-        بەپێچەوانەوە وەک وەزارەت بەمافى یاسایى خۆمانى دەزانین کە لە دادگا سکاڵا  لەبەرامبەر کەناڵى (KNN) و سایتى سبەى تۆمار بکەین و, ئەوکاتیش داواى قەربۆى مادى و مەعنەوى دەکەین.