بەئامانجى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە کاروچالاکیەکانى نوسینگەى وەزارەتەکەى لە شارى کەرکوک و، دۆخى خوێندنى باڵا لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارى هەرێم و، پارێزگاى کەرکوک بەتایبەت، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى شارى کەرکوکى کرد.
بەگەیشتنى بەشارى کەرکوک، لەلایەن د.ئەحمەد ئەمین بەڕێوەبەرى نوسینگەى کەرکوک و ستافى نوسینگە بەگەرمى پێشوازى لێکرا.
لە کۆبونەوەیەدا، د.ئەحمەد ئەمین کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکیەکانیان لە ماوەى ڕابردو پێشکەشى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، ئەوەشى ڕاگەیاند ئامادەکارى تەواویان کردوە بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى بەشى خوێندنى کوردى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەهەرسێ سیستمى (ڕاستەوخۆى زانکۆىى، ناوەندى وەرگرتن و پارالێڵ)، هەروەها باس لەوە کرا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارئاسانى بۆ خوێندکارانى کورد بکات، کە لە زانکۆى موسڵ وەرگیراون، بەڕێوەبەرى نوسینگەى کەرکوک ئەوەشى ڕاگەیاند: خۆشەبەختانە لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) ژمارەیەکى زۆرى خوێندکار لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران، بەهەمان شێوە لە هەردو سیمیستەرى (زستانە و هاوین)ەى خوێندنى باڵا ژمارەیەک لە فێرخوازانى خوێندنى باڵا لە پارێزگاى کەرکوک بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا وەرگیراون.
لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کەرکوک و ناوچەکانى دیکە بەبەشێکى دانەبڕاو لە کوردستان لێى دەڕوانن، بۆیە چى پێ بکرێ بۆ خزمەتکردنى ئەو ناوچانە درێخى ناکات، لە بوارى خوێندنى باڵا-ش هەنگاوەکانمان بەئاراستەى خزمەتکردنى زیاتر شارى کەرکوک بەردەوامى دەبێ، هەروەک هەمو هەوڵێکیشمان خستۆتەگەر بۆ ئەوەى کار و پڕۆژەکانى خوێندنى باڵا لە کەرکوک و ناوچەکانى دیکە فراوانتر بکەین. لە کۆتایشدا دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرى نوسینگە و ستافى نوسینگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، لە بەرامبەر ئەو کارئاسانیانەى بۆ خوێندکارانى شارى کەرکوک و ناوچە دابڕینرداوەکان لە ماوەى دەستبەکاربونیان کردویانە.