بەئامادەبونى نوێنەرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوەمین کۆنفرانسى زانستى زانکۆى زاخۆ دەستى بەکارەکانى خۆى کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٨/٤/٢٠١٧) بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح عەبدول نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستى بەکارەکانى خۆى کرد، لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا چەند وتەیەک پێشکەشکران.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە وتارێکیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە کۆنفرانسەکە کرد و وتى: ئەم کۆنفرانسە کۆنفرانسێکى زانستى پڕ بەهایە و ژمارەیەکى زۆر لە توێژینەوەى زانستى ڕەسەن و، ئاست بەرز لەلایەن چەندین توێژەر و مامۆستاى زانکۆ و شارەزا لە دەرەوەو ناوەوەى هەرێمى کوردستانى تێداپێشکەش دەکرێت.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، د.کەریم ساڵح عەبدول باسى لە گرنگى توێژینەوە و ئەرکى وەزارەت لەو بوارە کرد و وتى: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەروەک لە ناوەکەیدا دیارە دو ئەرکى سەرەکى هەیە: یەکەمیان خوێندنى باڵایە، واتا پێگەیاندنى پسپوڕى کارامە و بە توانایە لەبوارە جیاکاندا، کە ساڵانە دەردەچن، ئەرکى دوەمیان توێژینەوەى زانستیە، واتا ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى ڕەسەن و ئاست بەرز لەسەرجەم بوارەکاندا، کە دەبنە هۆى چارەسەرکردنى ئەو گیروگرفتانەى کە لە کۆمەڵگەماندا هەن، وتیشى ئەم دوو ئەرکە سەرەکیەى وەزارەت دەبێ بەشێوەیەکى پارالێڵ کاریان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن، هەر لە وتارەکەیدا جەختى کرد سەر ئەرکى دوەم و بۆ ئەوەش وتى: بەستنى ئەم جۆرە کۆنفرانسەى زانکۆى زاخۆى دەلال دەکەوێتە میانى ئەو ئەرکەوە، بۆیە دەبێ مامۆستایانى زانکۆ و توێژەران لە زانکۆکان هاوکار بن لە چارەسەرکردنى گیروگرفتەکان، بەو واتایەى، گشت کەرتەکان و بوارەکان پێویستیان بە پسپۆڕانى زانکۆکان و خوێندنى باڵا هەیە، ڕونیشکردەوە هەربۆیە سێنتەرى توێژینەوە لە سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکان کراوەتەوە.
د.کەریم عەبدول ڕونیشیکردەوە هەمو ئەو وڵاتانەى کە پێشکەوتنى گەورەیان بەدەستهێناوە، هەر لەو ڕیگەیەوە بوە، کە داهێنانیان ئەنجامداوەو چارەسەرى گیروگرفتەکانى خۆیان کردوە، ئیستاش ئێمە لە وڵاتى خۆمان پێویستمان بە گرنگى دانە بە توێژینەوەى زانستى لەهەمو بوارەکان.
بۆ ئەرکى وەزارەتیش لەو بوارە، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: وەزارەتەکەمان لەماوەى ڕابردودا ئەو ئەرکەى خۆى بەتەواوەتى ڕاپەڕاندوە و، چەندین نوسراوى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم کردوە، بۆ ئەوەى هێڵى سەرەکى گیروگرفت و کێشەکانیان ڕەوانەى وەزارەتەکەمان بکەن، تا داوا لەزانکۆکان بکەین توێژینەوەکانى مامۆستایان و توێژەران و قوتابیان و خوێندکارانى ماستەر و دکتۆرا بەرەو چارەسەرى ئەو کێشە و گیرو گرفتانە ئاراستە بکەن، ڕونیشیکردەوە کە وەزارەتەکەمان بۆ بەدەیهێنانى ئەو ئامانجە چەندین یاداشتنامەى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى لەگەڵ وەزارەتەکانى دیکە ئیمزا کردوە، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە ڕێکەوتنامە و یاداشتى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتەکانى (کشتوکاڵ و کاروبارى کۆمەڵایەتى، دەستەى ژینگە) کرد.
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆشى بەوە پیشاندا کە زانکۆکان لە ئێستادا سەرقاڵى بەستنى ئەو جۆره کۆنفرانسانەن بەتایبەتى لەم بارودۆخە داراییەدا، هەروەک خۆشحاڵى خۆشى پیشاندا کە زانکۆى زاخۆ هەنگاوى گەورەى هەڵێناوە بە بەراورد بەتەمەنى وەکو یەکێ لە زانکۆ تازەکانى کوردستان، وتیشى بێگومان ئەوەش بە هەوڵ و کۆششی ماندونەناسانەى بەرپرسانى زانکۆکە بەدیهاتوە.
لە کۆتایی وتارەکەشیدا د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، نوێنەرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەو کۆنفرانسەدا داواى سەرکەوتنى بۆ کۆنفرانسەکە خواست و، ئومێدى خواست ڕاسپاردە و پێشنیازەکان پڕ بایەخ و بەهاداربن بۆ بوارەکانى کۆنفرانسەکە.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دو ڕۆژ بەردەوام دەبێت چەندین تویژینەوەى زانستى و ئەکادیمى لەلایەن تویژەران و شارەزاییانى لە بوارەکانى (ژینگه، مێژو، زانستە مرۆڤایەتیەکان، زانستى ئهندازیارى و پهتروڵ، زانست، هونهر، پهروهرده، كارگێرى و ئابوورى) دەخرێنەڕو.