کەناڵ و وێبسایتى (KNN) و وێبسایتی (سبەی) ڕاپۆرتە هەواڵێکی پڕ لە زانیارى نادروستیان بەناونیشانەکانى (كهرتی خوێندنی باڵا له ههرێم بهرهو كهرتی تایبهت ههنگاو دهنێت) و (كەرتی تایبەت خوێندنی باڵا كۆنترۆڵ دەكات) بڵاوکردەوە. بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ڕەتکردنەوەی تەواوی زانیارییەکانی ناو هەواڵەکە, جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە کەناڵ و وێبسایتى (KNN) و وێبسایتی (سبەی) کەوتۆتە هەڵەوە، لەبەرئەوە بەپێویستى دەزانین بەم چەند خاڵەى خوارەوە هەڵەکان بۆ کەناڵ و وێبسایتى (KNN) و وێبسایتی (سبەی) چاک بکەینەوە ڕاستیەکان بەڕاى گشتى بگەێنین:
یەکەم: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەر بنەماى جێبەجێکردنى "پڕۆژەى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان"، خۆى داواى کردوە پیشینەى مانگانەى تەنها دیوانى وەزارەت ببڕێت، نەک وەک لەو ڕاپۆرتە هەواڵیانەدا هاتوە گوایە "وەزارەتى دارایى و ئابورى بڕیارى نەدانى نەسریەى مانگانە زانکۆ و پەیمانگەکانى دابێت"، بۆیە ئەو بڕیارەى وەزارەتى خوێندنى باڵا داویەتى بۆ ڕاگرتنى پێشینەى مانگانە دورو نزیک پەیوەندى بە پێشینەى مانگانەى زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان نیە. پڕۆژەى "هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان"یش بەشێکە لە دیدى لامەرکەزى دارایى و کارگێڕى، کە وەزارەتەکەمان لەو دو بوارەدا هەنگاوى زۆرى ناوە، چونکە پێمان وایە تەنها بەسەربەخۆبونى دارایى و کارگێڕى زانکۆکان، دەتوانین شکۆ و سەربەخۆى بۆ زانکۆ و مامۆستاکانمان بگەڕێنینەوە و، لە بوارى توێژینەوەى زانستى و مەعریفیدا زانکۆکان بەرەوپێش بچن و دەسکەوتى زانستى بۆ گەلەکەمان بەدى بێنن.
دوەم: ئەو داهاتەى لە دیوانى وەزارەت بەدەست دێ، بەهیچ شێوەیەک پارەى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان نیە، بەڵکو بریتیە لە وەرگرتنى رسومات لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، ئەو رسوماتانە لە کابینەکانى پێشترى حکومەت لە زانکۆ تایبەتەکان وەرنەگیراوە، بەڵکو وەزارەتەکەمان لەم کابینەیەدا لەبەر ڕۆشنایى یاساى زانکۆ تایبەتەکان ڕێنمایى پێویستى بۆ دارشت و، ڕسوماتى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان وەردەگرێت، ئەوەش دەسکەوتێکى گەورەى وەزارەتەکەمانە، لە ئێستاشدا ئەو ڕسوماتانەى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان وەریدەگرین، کاروبارى دیوانى وەزارەتەکەمانى پێ ڕاى دەکەین.
سێیەم: زیاتر لەوەش ئەو پارەیەى کە لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان وەرى دەگرین، نەک هەر کاروبارەکانى دیوانى وەزارەت، بەڵکو یارمەتى هەمو زانکۆ حکومیەکانمان پێى داوەو بەردەوامیش دەبین لە پاڵپشتیەکانمان بۆ زانکۆ حکومیەکان، لەو چوارچێوەیەشدا تا ئێستا بەدەیان ملیۆن دینارمان داوە بەزانکۆکان.
چوارەم: ئەو داهاتەى لە دیوانى وەزارەتەکەمان بەدەست دێ، دورو نزیک پەیوەندى بەخوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆ حکومیەکانەوە نیە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە ڕێگەى ئەو داهاتەوە توانیومانە کرێى وانەبێژى مامۆستایان لە زانکۆ حکومیەکان بدەینەوە کە حکومەت بەهۆى قەیرانى دارایى تا ئێستا نەیداوە، لەهەمان کاتدا بۆ کاروبارى زانستى هەر بەو داهاتە یارمەتى زانکۆ حکومیەکان-ییشمان داوە.
پێنجەم: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەسەڵاتى تەواوى بەسەر سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان هەیە و کاروبارى هەمویان لەبەر ڕۆشنایى یاساى زانکۆ و تایبەتەکان و یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارەکانیان بەڕێوەدەچێ، تا ئێستا هیچ جۆرە لادانێک نەبوەو، هەمو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش هەماهەنگى تەواویان لەگەڵ وەزارەتەکەمان هەیە و پابەندى تەواوى بڕیارو ڕێنماییەکانى وەزارەتەکەمان بون.
شەشەم: تا ئێستا دەیان پڕۆپۆزەڵ بۆ کردنەوەى زانکۆ و لقى زانکۆیى و پەیمانگە پێشکەش کراون، بەڵام زۆربەى ئەو پڕۆپۆزەڵانە لە پڕۆسەى دڵنیاى جۆرى و متمانە بەخشین دەرنەچون و ڕێگەی کارکردنیان پێنەدراوە، ئیتر نازانین ئەو بێ پلانی و بێدەسەڵاتیەى وەزارەتەکەمان لە کۆیە کە (KNN) و، وێسایتى سبەى باسى دەکەن..؟!.
بەو پێیەیى کەناڵ و وێبسایتى (KNN) و وێبسایتی (سبەی) دوو دامەزراوەیى ڕاگەیاندنى پیشەین و، دەخوازن کارى پیشەییان بکەن، بۆیە پێشنیازتان بۆ دەکەین لە ئامادەکردنى هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵیەکانتاندا ورد و پیشەیى بن و، زانیارى دروست ڕاست بەدەست بێنن و پیشەییان پێشکەشى بینەران و خوێنەرانیان بکەن، چونکە بڵاوکردنەوەى ئەو جۆرە هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵیە ناپیشەییانە بۆ ناو و ناوبانگى کەناڵ و وێبسایتەکانتان خراپەو با لە دوا ڕۆژدا کەناڵەکانتان لەکەدار نەبێ.