ڕوانگه‌یه‌ك بۆ ئاينده‌ی سيسته‌می خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی
به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی چۆنايه‌تی له سه‌رووی ئهولهويهتهكانه
پڕۆفيسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی
ڕۆڵی ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا (زانكۆكان و په‌يمانگاكان) له پڕۆسه‌ی وڵاتسازی و بنيادنانی سه‌رخان و ژێرخانی هه‌رێمدا بێهاوتايه، و بۆيه گرنگيدان به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و هونه‌ری له‌و ده‌زگايانه بووه‌ته ئهولهويهتێكی خه‌ڵك و خودی حكومه‌ت. نهێنی نيه كه سيسته‌می خوێندنی باڵای هه‌رێم له‌سه‌ر شێوازه دواكه‌وتووه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاته كۆمۆنيسته ڕۆژههڵاتيهكان بنيادنراوه. ههيكهل و جۆری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگاكان ههڕهمین و ده‌سه‌ڵاتی بڕياردان له چه‌قێكی لۆتكهيیدا چڕبۆته‌وه، و به پڕۆسهيهكی بيرۆكراسی كوشنده به‌ره‌و خوراره‌وه شۆڕبۆته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامان و كارمه‌ندان و قوتابیه خوێندكاره‌كان ڕۆڵيان له داڕشتنی ستراتيژيه‌ت و پلاندان و پڕۆسه‌ی بڕيارداندا هه‌بێ. به‌بێ ئه‌وه‌ی هيچ جۆره فشار و چاوێريكردنێكی ديموكراسيانه له خواره‌وه به‌ره‌وسه‌ر له ئارادابێ. هه‌روه‌ها به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشره‌وه ئه‌كاديميه‌كان و ئيداريهكان بكه‌ونه ژێر فشار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن و چاكردنی چۆنايه‌تی (نهوعيهت، كواڵيتی). ئيتر به دابه‌زينی ئاست، مامۆستاكان و قوتابيه خوێندكاره‌كان ده‌بنه قوربانی سيسته‌م، وڵاتيش ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌رحه‌مه‌تی سيسته‌مێكی ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن و چاكسازی و نوێسازی.
ئێستاش له كاتێكدا كه ساڵ له دوای ساڵ ژماره‌ی قوتابی خوێندكار و ژماره‌ی كۆليژ و پهيمانگاكانی هه‌رێم ڕوويان له زيادبوونه، كه‌چی ئاستی زانستی و به‌های شههادهكان و ههيبهتی سيسته‌مه‌كه هێشتا له خوار ئه‌وانه‌ی عيراق و وڵاتانی ڕۆژههڵاتهوهيه. جا ئايا ده‌توانرێ ئه‌و سيسته‌مه سه‌رتاپا بگۆڕدرێ، وه سه‌ره‌ڕای ته‌حه‌دا خنكێنه‌ره‌كان ئاينده‌ی نه‌وه‌كانی ئێستا و داهاتوو ڕزگار بكرێن؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ڵێيه. وه ئايا هێنانه كايهوهی ئه‌و موعجيزهيه كارێكی ئاسانه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێر ئاسان نيه به‌ڵام به هيممه‌ت و هاوكاری و پشتگيری هه‌موو لايه‌ك كاره‌كه موستهحيل نيه.
له سه‌رده‌می ئێستادا فرسه‌تێكی مێژوويی بێهاوتا هاتۆته كايهوه كه ده‌كرێ به‌دیهێنانی ئه‌و جۆره خه‌ونه له واقيع نزيك بكرێته‌وه. به‌ڵام ديسانه‌وه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌حه‌دا مه‌زنه به تاكه‌كه‌سێك وهيان تاكهتيمێك وهيان تاكه وه‌زاره‌تێك وهيان به تاكدهستی حكومه‌ت ئه‌نجام نادرێت، وه به‌شه‌و ڕۆژێك وهيان ساڵێك و دووان وهيان به ته‌مه‌نی كابينهك نايه‌ته كايهوه، به‌ڵكو به نه‌فه‌سی درێژ و كاری هه‌ره‌وه‌زی بێ ووچانی ته‌واوی كۆمه‌ڵگا وخه‌ڵكی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێت. ڕاسته كێشه‌كه‌كان ئاڵۆزن و سيسته‌مه‌كه بێكهلكه، به‌ڵام وه‌ك هه‌موو گرفت و ته‌حه‌دداكانی تری ناو سيسته‌می هه‌رێم، ده‌كرێ به ڕوانگه و ستراتيژيهتێكی روون و به پلانێكی مه‌دروسی درێژخايهنهوه ده‌ست به پڕۆسه‌ی گۆڕانكاری بكرێ. ئه‌وه‌ش ئه‌رك و مهسیئوليهتی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌ركرده‌كان و ڕێكخراوه‌كان و زانكۆكان و په‌يمانگاكان و ته‌واوی كۆمه‌ڵگای قوتابی خوێندكار و خه‌ڵكانی تری هه‌رێمه.
ته‌وه‌ره‌كانی گۆڕانكاری
نيه‌تی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌يه كه له‌مه‌ودوا چاو به هه‌موو لايه‌نێك و كه‌له‌به‌رێكی خوێندنی باڵا بخشێنينه‌وه به جۆرێك كه هيچ ياسا و ڕێنمايی و ههيكهلێكی ئيداری له ته‌واوی سيسته‌مدا به پيرۆز و نه‌گۆڕ سه‌ير نه‌كرێ. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، هه‌موويان ده‌بێ له خزمه‌تی چاكردنی باری چۆنايه‌تی و ئاستی ئه‌كاديمی و خزمه‌تگوزاری بن و ببنه نيشانه بۆ ڕه‌خنه‌لێگرتن و چاوپێخشاندنه‌وه و گۆڕانكاری. ته‌نانه‌ت كار‌و وهزيفهكانی خودی وه‌زاره‌ت ده‌بێ مايه‌ی چاوپێخشاندنه‌وه بن.
يه‌كه‌م: ستراتيژيه‌تی خوێندنی باڵا
پێويسته له ئاستێكی به‌رزه‌وه و به هاوكاری ته‌واوی كابينه‌ی حكومه‌ت، به‌تايبه‌تی وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه، چاوێك به پێداويستيهكانی هه‌رێم و بازاڕی كار بخشێنرێته‌وه. ئه‌وه‌ش به ئامانجی هه‌ماهه‌نگ كردنی به‌رهه‌م و حاجه‌ت. واته، نه‌ك ته‌نيا له ڕووی ژماره‌وه، به‌ڵكو له رووی پسپۆڕی و تايبهتمهنديدا، ڕاهێنانی قوتابیه خوێندكاره‌كان له‌و بوارانه‌دا بێ كه بازاری كاری ناو هه‌رێم پێويستيه‌تی. بۆ نموونه، له سه‌رده‌می گه‌شه‌ی ئابووری ئێستادا، هه‌رێم پێويستی به كادری خزمه‌تگوزاری هوتێل و چێشتخانه و گه‌شتوگوزار و پێشوازی فڕۆكه‌خانه زياتر بووه له جاران، كه‌چی له كۆلێژ و پهيمانگاكاندا ئه‌وانه هێشتا نه‌بوونه‌ته بابه‌تی سه‌ره‌كی. هه‌روه‌ها، له بواری پیيشهسازی نه‌وت و كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان و بيناكردنی مۆدێرندا، هێشتا ئه‌زمونی كادرانی هه‌رێم له ئاستێكی وادا نيه كه له‌گه‌ڵ دونيای سه‌رده‌م و خێرايی گه‌شه‌كردندا هاوشان بێ. جا پێويسته به پێی ئامار و داتاوه، حاجه‌تی ئێستای هه‌رێم دياری بكرێ و هی ئاينده‌ش پێشبينی لێ بكرێ و به گوێرهيانهوه به‌شه‌كانی كۆلێژ و په‌يمانگاكان ئه‌نجام بدرێ.
دووه‌م: ڕۆڵی وه‌زاره‌ت
هه‌تا پێكهاتنی كابينه‌ی پێنجه‌م، له هه‌رێمدا خوێندنی باڵا له ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی خوێندنی باڵا، كه ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به سه‌رۆكی وه‌زيران بوو، ئه‌نجام ده‌درا. ئه‌ندامه سهرهكيهكانيشی بريتی بوون له سه‌رۆكی زانكۆ و په‌يمانگاكان، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه دهزگايهيهكی سه‌رپه‌رشتياری ئه‌كاديمی و چۆنايه‌تی له‌به‌رده‌ستدا بووبێ. بۆيه سيسته‌می كۆن كه‌موكوڕی زۆری تێدابوو. دواتر له دوای ڕزگاركردنی عيراق و له كابينه‌ی پێنجه‌مدا، بڕياردرا كه سيسته‌می هه‌رێم له‌گه‌ڵ هی به‌غدا هه‌ماهه‌نگ بێ و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دابمه‌زرێ. ئيتر له ماوه‌يه‌كی قياسيدا، وه‌زاره‌ت پێكهات و به زوويی بۆشاييهكی به‌رچاوی پڕكرده‌وه، كه ئه‌وه‌يش مايه‌ی ده‌ستخۆشيه بۆ ئه‌ندامانی كابينه‌ی پێنجه‌م و ته‌واوی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا.
ئيمڕۆ وه‌زاره‌ت ڕۆڵی چه‌ق له به‌ڕێوه‌بردنی سيسته‌می خوێندنی باڵا ده‌بينێ، و گومان له زه‌ڕوڕه‌تی بوون و په‌ره‌سه‌ندنی ناكرێ. به‌ڵام ئه‌زموونی ئه‌و چه‌ند ساڵه سه‌لماندوويه‌تی كه‌وا مۆدێلی عيراقی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنی باڵا مۆدێلێكی بيرۆكراتيه و توانای په‌ره‌سه‌ندن و چاكردنی چۆنايه‌تی سنوورداره. بۆيه پێويسته به هاوكاری لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانه‌وه، چاو به وه‌زيفه و هه‌يكه‌لی وه‌زاره‌ت و شێوازی پهيوهنديهكانی به ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا بخشێندرێته‌وه. له‌وه‌دا، پێويسته وه‌زاره‌ت ده‌ستپێشكه‌ر بێ و به رۆحێكی به‌رز و متمانه به‌خۆبوونه‌وه پێشڕه‌وه‌ی له‌و پڕۆسه‌يه‌دا بكات. ئه‌ركی وه‌زاره‌ت له‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئاينده‌دا بريتی ده‌بێ له:
١- داڕێژتنه‌وه‌ی هه‌يكه‌لی ئيداری زانكۆكان و په‌يمانگاكان، بۆ خاتری دامه‌زراندنی سيسته‌مێكی ديموكراتيانهی مۆدێرن كه هه‌ماهه‌نگ بێ له‌گه‌ڵ دونيای سه‌رده‌م و ببێته زامينكهری مافی قوتابی خوێندكار و مامۆستا و ستافی تری ده‌زگاكان.
٢- چاوپێخشاندنه‌وه‌ی سيسته‌می دارايی و تهمويل كردنی زانكۆ و په‌يمانگاكان به گوێره‌ی هاوكێشهيهك كه ژماره و چۆنايه‌تی تێيدا ڕه‌چاو بكرێ و له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبڕكێی دروستكه‌ردا بێ.
۳- چاودێريكردن و سهرپهرشتيكردنی ئه‌دائی خوێندن و توێژينه‌وه‌ی زانستی له زانكۆ و په‌يمانگاكان، وه هاندانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی چۆنايه‌تی به‌جۆرێك كه سيستهميانه ئه‌دای مامۆستا به پله‌ی سه‌ركه‌وتن و تهرقيهوه ببه‌سترێته‌وه.
٤- چاودێریكردنی لايه‌نه مرۆييهكانی زانكۆ و په‌يمانگاكان، بۆ نموونه له رووی پاراستنی ياسا و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵيی و خۆشكردنی ژينگه و سه‌لامه‌ت كردنی ده‌وروبه‌ر و يهكسانكردنی كچ و كوڕ و پاراستنی مافی كهمايهتيهكانی وه‌ك غهيره كورد و خه‌ڵكی كه‌مئه‌ندامان و هتد.
٥- داڕێژتنه‌وه‌ی سياسه‌تی تهمويلی زه‌ماله‌ی خوێندن و گرانتی توێژينه‌وه، به‌جۆرێك كه خوێندن له خزمه‌تی بازاڕی كاردا بێ و توێژينهوهش له خزمه‌تی چارسه‌ركردنی گرفته تايبه‌ته‌كانی هه‌رێم بێ.
سێيه‌م: سه‌ربه‌خۆ كردنی زانكۆكان
ئاواتی خه‌ڵك و حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌كاديميه‌كانی هه‌رێم ئه‌وه‌يه كه ساڵ به‌ساڵ پله‌و پايه‌ی زانكۆكان بايی ئه‌وه‌نده به‌رز بێته‌وه كه له ئاينده‌يه‌كی نزيكدا پێشڕه‌وێتی عيراق بكه‌ن و له ئاينده‌يه‌كی مام ناوه‌نديدا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا ببنه نموونه و له ئاينده‌يه‌كی دوورتردا له جيهاندا ناويان بێته ناو ناوان. ته‌نيا رێگر له به‌ديهێنانی ئه‌و ئاواته بريتيه له‌وه‌ی كه زانكۆكان و په‌يمانگاكان هه‌روه‌ك هی ئه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ربه‌خۆ نين.
سه‌ربه‌خۆكردنی زانكۆ و په‌يمانگاكان تاكه ڕێگه‌ی زامينكهره بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی چۆنايه‌تی له خوێندنی باڵا. پێويسته ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته ئه‌كاديمی و دارايی و ئيداریهكان له وه‌زاره‌ته‌وه بگوازرێنه‌وه بۆ ناو ئه‌و ده‌زگايانه، و له‌وێشدا له رێگه‌ی ههيكهلێكی ديناميكی ديموكراسيانهوه دابه‌ش بكرێن. كاری وه‌زاره‌تيش ته‌نيا بريتی بێ له كاری تهمويل و سه‌رپه‌رشتی و چاودێری و به‌دواداچوون. هه‌ر ئه‌وانه‌ش نهێنی سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامی سيسته‌می وڵاتانی وه‌ك ئه‌مه‌ريكا و بهريتانیا و ئوستراليان، كه زانكۆكانيان هه‌رده‌م سهرهلوتكهی خشته‌ی باش‌ترين زانكۆكانی جيهانيان داگير كردوه. كه‌چی ئه‌وانی وڵاتانی تری ئه‌وروپی وه‌ك ئيتاڵيا و فه‌ره‌نسا كه زانكۆكانيان سه‌ربه‌خۆيی ته‌واويان ده‌ست نه‌كه‌وتووه و به تاكوتوك ناويان له‌ناو ليستی باش‌ترين زانكۆی دونيادا هه‌يه.
زانكۆكانی هه‌رێم له وه‌زعی هه‌يكه‌لی ئێستاياندا توانای سه‌ربه‌خۆ بوون و خۆبه‌ڕێوه بردن و خۆچاكردنيان له‌سه‌ر بنه‌مای ديموكراسی نيه. واته هه‌يكه‌لی ئيداریان توانای وه‌رگرتن و ئيستيعابی ده‌سه‌ڵاتی خودموختاريان نيه. له ئێستادا گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له وهزيرهوه بۆ سه‌رۆكی زانكۆ، وه‌ك ئه‌وه‌يه ديكتاتۆرێك به چه‌ند ديكتاتۆرێكی خوارتر بگۆڕدرێته‌وه. پێويسته هه‌يكه‌لی ئيداری زانكۆكان به‌جۆرێك بگۆڕدرێن كه سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات له خواره‌وه به‌ره‌وسه‌ر بێ، و ئيداريهكان (سه‌رۆكايه‌تی زانكۆ و ڕاگری كۆليژه‌كان) به‌رپرسيار بن له به‌رامبه‌ر مامۆستا و قوتابی خوێندكار. واته ئه‌وانه‌ی خواره‌وه بتوانن ئه‌وانی سه‌ره‌وه‌تر بگۆڕن. هاوكات، بۆ چاكردنی ئهدائیش پێويسته ئيداريهكان و مامۆستا و قوتابيه خوێندكارهكانيش له ژێر فشاردا بن، به جۆرێك كه پێشبڕكێی ئه‌كاديمی و دارايی بڕيار له‌سه‌ر تهمويلی زانكۆ و تهرقيهی مامۆستايان بدات.
لێره‌دا، ئهولهويهتێكی گرنگی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه ده‌بێ كه به شێوه‌يه‌كی بهرنامهيی، هه‌نگاو به هه‌نگاو، يارمه‌تی زانكۆ و پهيمانگاكانی كوردستان بدات بۆ ئه‌وه‌ی كۆڵه‌گه‌كانی سه‌ربه‌خۆيی بچه‌قێنن و وورده وورده (به‌ڵام به‌زووترين كات) ده‌سه‌ڵاته‌كان له وه‌زاره‌ته‌وه بگوازرێنه‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی زانكۆ و په‌يمانگاكان. ئه‌و كۆڵه‌گانه‌ی سهربهخۆييش بريتين له هێنانه كايهوهی ئۆرگانێكی هه‌ڵبژێردراو كه تێيدا ده‌بێ خاوه‌نه‌كانی زانكۆ (مامۆستايان) وه قوتابيه خوێندكاره‌كان به‌شداربن له پڕۆسه‌ی بڕياردان و پێداچوونه‌وه و به‌دواداچوون و لێپرسينه‌وه.
چواره‌م: داڕێژتنه‌وه‌ی ياسای خوێندنی باڵا و توێژينهوهیی زانستی
ياسای خوێندنی باڵای هه‌رێم هه‌روه‌ك ههيكهله ئيداريهكهی وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی سيسته‌می ڕۆژهه‌ڵاتی نوسراوه. به‌ڵێ هه‌ندێ لايه‌نی نوێكاری تێدايه به‌ڵام زۆربه‌ی بڕگه‌كانی ڕێگرن له‌به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن. له ئاينده‌يه‌كی زۆر نزيكدا، پێويسته به هاوكاری لێژنه‌ی په‌رله‌مانی و به ڕاوێژكاری پسپۆرانی جيهانی سه‌رله‌نوێ ياساكان دابڕێژرێنه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، له وه‌زاره‌تدا پردێكی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی په‌روه‌رده و سه‌رۆكايه‌تی په‌رله‌مان دروست ده‌كرێت و به زووترين كات كار له‌سه‌ر پێداچوونهوهكه ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕينی ياسا نه‌بێته ڕێگر له به‌رده‌م خێرايی گۆڕانكاريه‌كان.
پوخته‌ی په‌يام
كاروانی به‌رده‌م خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی له هه‌رێمدا پێويستی به ڕوانگه‌يه‌كی دووربينانه و نهخشهڕێگايهكی مه‌دروسه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێشكه‌ش كراوه خاڵه سه‌ره‌كی و ستراتيژيهكانن و به مه‌به‌ستی لێداون و تاوتوێكردن خراونه‌ته ڕوو. دياره كه وردهكاريهكان زۆر و ئاڵۆزن به‌ڵام به بيركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و كاری بێ ووچان و ئيڕادهی پێشڕه‌وه ئه‌كاديمی و ئيداريهكان و هاوكاری مامۆستا و قوتابيه خوێندكاره‌كان و باقی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌وه، كاروانه‌كه قۆناخ به قۆناخ ده‌بێ بچێته پێشه‌وه.
له ڕۆژی 8/11/2009 دا پێشكه‌ش كراوه
له ڕۆژی 7/12/2009 دا له لايه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زيرانه‌وه له ئامێز گيراوه
08/11/20پێشكه‌ش كراوه له ڕۆژی
ستراتیجی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی:
- ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی گۆڕانكاری له ستراكچه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و هێنانه كایه‌ی سیسته‌مێكی داینهمیكی دیموكراتی پێشكه‌وتوو.
- چه‌سپاندنی پرانسیپه‌كانی ئازادی زانستی و ئه‌كادیمی و كارگێڕی له دام و ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا.
- پێكهێنانی سیسته‌می دڵنیای جۆری له پرۆسه‌ی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكان دا به جۆرێك خوێندكاران و مامۆستایان پێكه‌وه هه‌مه‌هه‌نگی ده‌كه‌ن بۆ چاودێری كردنی ئاستی چۆنایه‌تی خوێندن و توێژینه‌و زانستییه‌كان.
- پراكتیزه‌كردنی میكانیزمی چاودێریكردنی كار و چالاكی ستافی دام و ده‌زگا ئه‌كادیمییه‌كان له سه‌ر بنه‌مای پاداشت و پێشخستن.
- پێداچوونه‌وه و مۆدێرنكردنی سیسته‌م و پرۆگرامی خوێندنی باڵا (دبلۆم, ماسته‌ر, دكتۆرا).
- پێكهێنانی سیسته‌مێكی چاودێری مۆدێرن به مه‌به‌ستی زامنكردنی ئازادی و یه‌كسانی و مافی مرۆڤ له كار‌و باری ڕۆژانه‌ی دام و ده‌زگاكانی خوێندنی بالا.
- پێداچوونه‌وه‌ی سیسته‌می ته‌مویل كردن و به‌ڕێوه‌بردنی توێژینه‌وه‌ی زانستی.
- پێداچوونه‌وه‌ی سیسته‌می ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابیان و خوێندكاران به جۆرێك (ئاسانكاری, شه‌فافیه‌ت, هه‌لی یه‌كسان) له پرۆسه‌كه‌دا ده‌سته‌به‌ر بێت, له هه‌مان كات دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌وڵ ده‌دات ته‌مویلی پێویست بۆ چوار ساڵی داهاتووی ئه‌م پرۆگرامه زامن بكات.
- پێكهێنانی سیسته‌مێكی نوێ بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ستافی مامۆستایانی زانكۆ و په‌یمانگاكان به مه‌به‌ستی كۆرسی ڕاهێنان و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له سێنته‌ره پێشكه‌وتووه‌كانی دنیا.
- هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان به مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه و گۆڕانكاری له یاساكانی خوێندنی باڵا‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به جۆرێك له خزمه‌تی مۆدیرنكردنی سیسته‌مه‌كه‌دا بێت.