سەرەتاى خوێندنى باڵا لە کوردستان
کاروانى زانست و خوێندنى باڵا لە کوردستان بەدامەزراندنى زانکۆى سلێمانى لە ساڵى (١٩٦٨) دەستى پێکردوە، هەرچەندە بەر لە دامەزراندنى زانکۆى سلێمانى، گەنجانى کورد بۆ خوێندن دەچونە بەغداد و وڵاتانى دەوروبەرى ئێراق، بەڵام بەکردنەوەى زانکۆى سلێمانى ژمارەى فێرخوازانى خوێندنى باڵا لە شارەکانى کوردستان ڕ‌وى لە زیادبون کرد، زانکۆ سلێمانى بوە ناوەندێکى گرنگ بۆ کۆکردنەوەى ڕ‌ۆشنبیرانى کورد، بۆیە کاریگەرى زۆرى کردە سەر جۆشدانى بزاڤى سیاسى و شۆڕشى کورد لەو قۆناغەى مێژودا، هەربۆیە کاتێک ڕ‌ژێمى بەعس-ى لەناوچو بەکودەتا دەسەڵاتى گرتە دەست سیاسەتەکانى بەرامبەر بەگەلى کورد و ڕوبەڕوبونەوەى شۆڕش دەستپێکرد ، لەهەنگاوى یەکەمدا لە ساڵى (1972) بڕیارى گواستنەوەى زانکۆى سلێمانى لە پارێزگاى سلێمانیەوە بۆ پارێزگاى هەولێردا، بەڵام سەرکردەکانى ئەوکاتى شۆڕشى کوردى لە ساڵی (1974) رێك كەوتن كە زانكۆ بگوازنەوە بۆ قەڵادزێ، دواتر ڕ‌ژێمى لەناوچو شاری قەڵادزێی بۆم باران كرد و، بەهۆیەوە نزیكەی (124) كەس شەهید بون، هەروەک بەشێکى دیکەى زانکۆکەش لە شارى سلێمانى مابوەو، ئەوەبو دواتر لە ساڵى (1981) زانكۆی سلێمانى گواستەوە هەولێر و، ناوەکەشى لە زانکۆى سلێمانیەوە گۆڕى بە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر، ئەوكاتەش كە کە ئەو زانکۆیە گوێزرایەوە كەموكوڕیەكی زۆری هەبو، بۆ نمونە باڵەخانەى نەبو، بۆیە باڵەخانەى قوتابخانەكان و باڵەخانەى پەیمانگەی تەكنیكی هەولێر-یان بۆ دابینکرا، ژمارەی كۆلیژەكان زۆر نەبون، بۆیە تا ڕاپەڕینى ساڵى (1991) خوێندنی باڵا لە كوردستان دەتوانین بڵێین تەنها بریتى بو لە زانكۆ زانكۆی سەڵاحەددین، کاتێکیش کە ڕاپەڕینى ساڵی (1991) ڕویدا، حکومەتى بەعسى ئێراقى ئیدارەی كێشایەوە، بۆیە زۆربەی مامۆستاكانی زانكۆکەش، كە بەشێكی زۆریان لە مامۆستایانی عەرەب بون بەرەو زانکۆکانى خوارو ناوەڕاستى ئێراق ڕاژەکەیان گواستەوە، ئەوەش فشارێکى زۆرى خستە سەر پێشخستنى بوارى خوێندنى باڵا لە کوردستان، هاوکات بڕیارى سەپاندنى ئابڵوقەى ئابورى فشارێكی دیکەى گەورەو زۆری خستە سەر زانكۆ، زۆرێک لە مامۆستاکان زیاتر لە چەند باەتێکیان دەوتەوە.
بۆیە له دوای ڕاپه‌رینی ساڵى (1991) ته‌نها یه‌ك زانكۆ و سێ په‌یمانگە له كوردستان هه‌بون، به‌خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابوری ئه‌وكات دەبینین دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا ڕوبەڕوى چه‌ند گیروگرفتێكی گه‌وره بونەتەوە، وه‌ك: كۆچكردنی مامۆستایان، ئابلۆقه‌ی ئه‌كادیمی، باری ئابوری سه‌خت.
قۆناغى دوەمى خوێندنى باڵا لە کوردستان
پاڕله‌مانی كوردستان لە ساڵی (1993) بڕیارى کردنەوەى (2) زانكۆی تر له كوردستان پەسند کرد، ئەوانیش زانكۆی سلێمانی و زانكۆی دهۆك بون، هەروەک یاسای خوێندنی باڵا و لێکۆڵینەوەى زانستى دەرکرد، كه كاروباری زانستی و كارگێری دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێ ڕێكخرا، به شیوه‌یه‌ك ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، یاسای ژماره (12)ی ساڵی (1993)، کارى سەرەکى بریتى بو لە داڕشتنی سیاسه‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە کوردستان، هەروەک ده‌سه‌ڵاتی په‌سه‌ندكردنی پلانه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆلێژه‌كان و سێنتهرهكانى بە به ئه‌نجومه‌نی زانكۆکان داب‌و، ده‌سه‌ڵاتی دانانی پلانێكی تایبه‌ت به توێژینه‌وه‌ی زانستی و دانان و گۆڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانستى-یشى بە ئه‌نجومه‌نی كۆلیژه‌كان داب‌و، لەهەمان کاتدا ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان له‌سه‌ر پرۆژه‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی و پێشنیازه‌كانی جێبهجێكردنیانى بەئهنجومهنی به‌شه زانستییه‌كان داب‌و، جگه له ده‌سه‌ڵاتی به‌دواداچون بۆ پێشكه‌وتنه زانستی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و نوێکردنەوەى پڕۆگرامەکانى به پێی پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی سێنته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له زانكۆكان و كۆلێژه‌كان و ده‌سه‌ڵاته زانستی و كارگێرییه‌كان به سستمێكی تایبه‌ت دانرابو، ئه‌م یاسایه زیاتر له (10) ساڵ جێبه‌جێكرا، له‌و ماوه‌یه‌دا خویندنى باڵا لە هه‌رێمى کوردستان پێشكه‌وتنێكی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی گەورەى به‌خۆیه‌وه بینی، له هه‌مانكاتدا به‌شێك له مامۆستا دڵسۆزه‌كانی ئه‌وكات له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ئێراق گه‌ڕانه‌وه كوردستان و، شانبه‌شانی مامۆستایانى خۆڕاگر كاریان بۆ به‌رده‌وامی كاره‌كانی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی کرد.
قۆناغى سێیەمى خوێندنى باڵا لە کوردستان
شه‌ڕی نەگریسى ناوه‌خۆ، كاریگه‌ری نێگه‌تیڤ و ئه‌وتۆی له به‌روه‌پێشچونی كاروباره‌كانی زانكۆ و په‌یمانگەكان نەبو، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه به‌رده‌وامی ئه‌و دامەزراوانە بو ڕاپەڕاندنى كاره‌كانیان، له هه‌مان كاتیش‌دا كۆنفراسه زانستییه‌كانی زانكۆكان به‌رده‌وام بون بۆ نمونه كۆنفراسی زانستی زانكۆكان له هه‌رێمی كوردستان کە لە ساڵی (2001) بەڕێوەچو، لەهەمان کاتدا کۆبونەوە هاوبەشەکانى ئه‌نجومه‌نی زانكۆكان له ساڵانی (2001 و 2002)، کە تایبەت بون بە ته‌وه‌ره گرنگه‌كان خوێندنی باڵا له ڕ‌وى هه‌ماهه‌نگی و دیراسه‌تكردن و توێژینه‌وه‌ی چاكسازی و سه‌ربه‌خۆیی زانكۆكان په‌ره‌پێدانی له ته‌وه‌ره‌كانی: مامۆستا، قوتابی/ خوێندکار و پڕۆگرامى خوێندن، سه‌ركردایه‌تی كارگێری و زانستی، په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمیه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه، به‌رده‌وامی خوێندنی باڵا و قۆناغه‌كانی دبلۆمی باڵا، ماسته‌رو دكتۆرا.
له كاتی دو ئیداره‌یی بواره‌كانی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هەماهەنگى و کارى پێکەوەیى زۆربون، بۆیە لە بوارى خوێندنى باڵا-دا دو ئیدارى زۆر کەم به‌دی ده‌كرا، بۆیە هاوبه‌شی زۆر له په‌یڕه‌وكردنی یاسا‌و ڕیساكانی خوێندنی باڵا و، هه‌ماهه‌نگی زانستی نێوان زانكۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رپرسیارێتی زانستی، نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی پتەو و بەهێز بو. پڕۆسه‌ی ڕزگاری ئێراق و ڕوخانى ڕ‌ژێمى سەدام-ى لەناوچو له ساڵی (2003) وایكرد زیاتر نزیكبونه‌وه لە بوارى خوێندنى باڵا په‌یدابێت.
لە ساڵى (2004) پاڕلەمانى کوردستان یاساى ژمارە (33)ى ساڵى (2004) یاسای وه‌زاره‌تی فێرکردنى باڵا و لێکۆڵینەوەى زانستی پەسند کرد.
قۆناغى چوارەمى خوێندنى باڵا و سەرەتاى وەچەرخانى خوێندنى باڵا لە کوردستان
لە هه‌ڵبژاردنی ساڵى (2005) پاڕله‌مانی كوردستان و پێكهاتەى كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی (2006) وه‌زاره‌تێك به ناوی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی دامەزرا، دامەزراندنى ئەو وەزارەتە بوە خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له ڕێره‌وی خوێندنی باڵا لە هەرێمى کورستان، ئه‌م وه‌زاره‌ته ئه‌ركێكی پیرۆز و قورس و گرانی کەوتە ئەستۆ، کە بریتی بو له یهكخستنەوەى تەواوى ڕێنماییه زانستی و كارگیڕی و داراییه‌كان .
دوابەدواى دامەزراندنى ئەم وەزارەتە لە ساڵى (2008) لە پاڕلەمانى کوردستان بەیاسایەک، کە بە یاسای ژماره (10)ی ساڵى (2008) ناسرا، ئه‌ركه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كان و پێكهاته و میكانیزمی چۆنیەتى ده‌رچونی بڕیار و ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کوردستان ده‌ستنیشان كرا، ئەو یاسایە جگە لە دەسکەوتە یاساییەکەى بۆ بوارى خوێندنى باڵا، لەهەمان کاتدا دامەزراندنى چەند دامەزراوەیەکى دیکەى زانستى و ئەکادیمى بەدواى خۆیدا هێنا، وەک: ده‌سته‌ی كوردستانى بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەى زانستی، ئه‌نجومه‌نی كوردستان بۆ پسپۆڕییه پزیشكیه‌كان، لەهەمان کاتدا لە ناو دیوانى وەزارەتیش لەبەر ڕۆشنایى ئەو یاسایەدا چەند فەرمانگەیەکى دیکە دامەزرا وەک فەرمانگەى گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، فەرمانگەى پشكنین و دڵنیایی جۆری، فەرمانگەى توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدان، فەرمانگەى نێردراوان و په‌یوه‌ندییه ڕۆشنبیرییەکان، جگه لەوانەش پێگه‌ی ڕاوێژی زانستی به‌بونی ڕاوێژكارانی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و خوێندنی ته‌كنیكی و كاروباری پزیشكی فراوانتر کرد .
لە ڕ‌وى پراکتیکەوە دامەزراندنى ئەو وەزارەت چەندین هەنگاوى گرنگى زانستى نا، کە بریتیبون لە: كردنه‌وه‌ی خوێندنی ئه‌هلی، ئه‌نجامدانی كۆنفراسی زانستی جیهان له ئێراق له شاری هه‌ولێر ساڵى (2007)، بایه‌خدان به‌بابه‌تی لێهاتوی مامۆستایان، فراوانكردنی په‌یوه‌ندی ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی حكومه‌تی ئێراق، بایه‌خدان به پێداویستیه‌كانی خوێندن له : هۆڵ، تاقیگه و به‌شه ناوه‌خۆییه‌كان، سیمنار، ۆورك شۆپ، باشكردنی باری گوزه‌رانی كارمه‌نده‌كانی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا، په‌یڕه‌وكردنی پلانێكی زانستی بۆ دامه‌زراندن، كه ئه‌ویش بریتی له ساڵانی دامه‌زراندنی پێنچ یهكهمەکانی سه‌ر به‌شه‌زانستیه‌كانی زانكۆكان، هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی مامۆستایانی ده‌ره‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵدان بۆ فراوانكردنی بنكه‌ی دامه‌زراندنی سێنته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری زانستی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌ت، ڕیكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، بایه‌خدان به خوێندنی ته‌كنیكی وه‌ك بازنه‌یه‌كی زانستی و گرنگی دابینكردنی سه‌رچاوه زانستییه‌كان هاوچه‌رخ، ناردنی قوتابیان/ خوێندکاران بۆ ده‌ره‌وه به مه‌به‌ستی درێژەدان بەخوێندنى باڵا، به‌شداریكردن له كۆنفراسه زانستییه جیهانییه‌كان و بایه‌خدان به دڵنیایی جۆری.
لە ڕ‌وى چەندایەتیەوە ژمارەى زانکۆکان لە سێ زانکۆ( سەڵاحەددین، سلێمانى، دهۆک)ەوە بۆ حەوت زانکۆ (كۆیه، هه‌ولێری پزیشكی، سۆران، كوردستان) زیادى کرد، ئەوە جگە لە دو ده‌سته‌ی خوێندنی ته‌كنیكی له هه‌ولێر و سلێمانی و کردنەوەى چه‌ند سێنته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی زانستی له (هه‌ولێر، سلێمانی ، هه‌ولێری پزیشكی، دهۆك)، هەروەک چه‌ند زانكۆ و كۆلێژێكی ئه‌هلی کرانەوە، وەک: (زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له سلێمانی، زانكۆی جیهان له هه‌ولێر، زانكۆی نه‌ورۆز له دهۆك، زانكۆی ئیشق له هه‌ولێر، زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له سلێمانی" قه‌ره‌داغ"، زانكۆی لوبنانی فه‌ره‌نسی له هه‌ولێر، زانكۆی سابێس له هه‌ولێر، زانكۆی هه‌ولێر بۆ زانستی ته‌كنه‌لۆژیا، لقی زانكۆی دجله له هه‌ولێر ، زانكۆیەک به‌ناوی "شاهانه‌ی به‌ریتانی"، جگه له‌وانه‌ش به‌شه‌كانی خوێندنی ئێواران له زانكۆكانی (سلێمانی ، سه‌ڵاحه‌ددین، دهۆك) به‌رده‌وام بون، هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا " دبلۆمی باڵا، ماسته‌ر و دكتۆرا" له زانکۆکانى هەرێمى کوردستان به‌رده‌وام بو.
یەکێکى دیکە لە دەسکەوتەکانى بوارى خوێندنى باڵا، پەسندکردنى پڕۆژەى قانونى خزمه‌تی زانكۆیى بو لە پاڕلەمانى کوردستان، کە دواتر بەیاساى ژماره( 23)ی ساڵی (2008) ناسرا و، بوە هۆکارێک بۆ باشترکردنى ژیان و بژێوى مامۆستایانى زانکۆ.
لە قۆناغى پێنجەمدا کاروانى ڕەوتى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵا دەستیپێکرد
لە دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانی ته‌موزی ساڵى (2009) و پێکهێنانى كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌رده‌وام بو له كار و ئه‌ركه پیرۆزه‌كانی، سه‌ره‌تاش به‌نه‌خشه ڕیگەیهك بۆ ڕه‌وتی چاكسازی له دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا و په‌یڕه‌وكردنی پرنسیپی شه‌فافیه‌ت له دامه‌زراندن و گواستنه‌وه بۆ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر بنه‌مای سیڤی چاوپێکەوتن دەستپێکرد، په‌یڕه‌وكردنی پرنسیپی " خول" بۆ پۆسته سه‌ركردایه‌تیه‌كانی كارگێری و زانستی لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا ڕۆڵى باشیان هەبو لە پێشخستنى بوارى خوێندن لە زانکۆکان، لەهەمان کاتدا پێداچونه‌وه به سیستمی خوێندنی باڵا دبلۆى باڵا، ماسته‌ر و دكتۆرا له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ره ئه‌كادیمییه جیهانییه‌كان و پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵ و دامه‌زراوه‌كان کرا، لەهەمان کاتدا به‌رنامه‌ی "تواناسازی" ڕاگەیندرا، ئەو بەرنامەیە بەیەکێک لە پڕۆسه‌یه گرنگەکانى له بواری په‌یوه‌ندی ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه و ته‌واوكردنی خوێندن له زانكۆ ناوداره‌كانی جیهان دادەنرێ، بنه‌مایی یه‌كسانی و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی بونە خاڵى سەرەکى وەرگرتنى خوێندکار لەو بەرنامەیە، کە بەهۆیەوە بەچەند قۆناغێک ژمارەیەکى زۆرى خوێندکار ڕەوانەى دەرەوە کران و، توانیان لە زانکۆ پێشەنگەکانى دنیا بڕوانامەى باڵا بەدەست بهێنن و بگەڕێنەوە کوردستان خزمەت بکەن و، بەشێکیان تا ئێستاش درێژە بەخوێندن دەدەن و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-یش بەردەوامە لە پێشکەشکردنى پاڵپشتى دارایى بۆ تەواوکردنى خوێندنەکانیان، بایه‌خدان به دڵنیایی جۆری و، په‌یڕه‌وكردنی له زانكۆ و ده‌سته‌كان و، ئه‌نجامدانی كۆنفراسی زانستی جیهان له سه‌ره‌تای ساڵى (2011) به‌به‌شداری شاره‌زایانی ئه‌كادیمی جیهان لە کارە نوێیەکانى وەزارەت بو لەو کابینەیەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەهەمان کاتدا سەرکردەکانى وەزارەت کاریان لەسەر ئاماده‌كردنی هەموارکردنەوەى پڕۆژه یاسای خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به دیدێكی تازه بۆ خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی کرد، بەشێوەیەک پێداچونەوە بەسیستمی دارایی زانکۆکان، دڵنیایی جۆری به پێی پێوه‌ره ئەکادیمیە جیهانیەکان کرا، هەروەک سه‌ر له نوێ پێکهاتەى کارگێڕى زانكۆی داڕێژرایەوە، به‌شێوازێك زیاتر سه‌ربه‌خۆی له بواره‌كانی ئه‌كادیمی و كارگێری و داراییان پێدرا، ئەوەش له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمێكی مۆدێرن و دیموكراسی و هاوچه‌رخ. هەر لەو سەردەمەدا بنەماى دیموكراسی و ئازادی كاری ئه‌كادیمی و كارمه‌ندانی دامه‌زراوه‌كان له مامۆستایان و قوتابیان/ خوێندکاران و فه‌رمانبه‌ران پەیڕەو کرا، به‌شێوازی توانیان به‌شداری له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و دامه‌زراوانه بکەن، هەروەها هانی وه‌به‌رهێان له بواری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی درا، تا هاریكاری ئه‌كادیمى ده‌وڵه‌ت و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بەهێزتر بێ، پێشخستینی به‌رنامه‌ی زانستخوازی به‌رده‌وام و، هه‌ماهه‌نگی نێوان زانكۆكانی كوردستان و ئێراق، پێداچونه‌وه به پڕۆگرامەکانى خوێندن، په‌یڕه‌وكردنی پێوه‌ره ئه‌كادیمیه‌كانى جیهان و پێداویستییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا و، دروستكردنی بڕیار له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاوێژ و كه‌ناڵه یاسایی و زانستییه‌كان کۆمەڵێک کار‌و پڕۆژەى دیکە بون کە لەو سەردەمەدا جێبەجێکران، هاوکات وەزارەت لەو کاتەدا جەختى لەسەر ئەوە کرد، کە دەبێ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌كانی کەرتى تایبەت له بواری ئه‌كادیمی له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ری ئه‌كادیمی و پێداویستییه‌كانی بازاری كار بێ.
لەلایەکى دیکەوە پڕۆژەى یاسایه‌ك تایبه‌ت بۆ بۆردی كوردستان له‌بەر رۆشنایی ئه‌زمونه جیهانییه‌كان ئامادەکرا بۆ دانبیكردنی كادری پسپۆڕی پزیشكی بۆ کوردستان.
ئه‌زمونێكی تازه کە لەو کاتەدا جێبەجێ کرا بریتى بو لە كردنه‌وه‌ی خوێندن بەسیستمى هاوتەریب "پارالێل" له سەرجەم زانكۆ و قۆناغه‌كانی خوێندن (دبلۆم، به‌كالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماسته‌ر).
لە ڕ‌وى چەندایەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بەخوێندنی ته‌كنیكی له روی ئه‌كادیمی و كارگێری چوەو و سێ زانکۆى بەناوى زانکۆى پۆلیتەکنیک لە پارێزگاکانى (هەولێر، سلێمانى، دهۆک) کردەوە، هاوکات زانكۆكانى (گه‌رمیان، ڕاپه‌رین، هه‌ڵه‌بجه، زاخۆ) وه‌ك پێویستیه‌كی نیشتمانی لەو ناوچانەى قوربانى زۆریان بۆ خه‌باتی نیشتمانی گه‌له‌كه‌مان داوە کردەوە.
لە قۆناغى شەشەمدا لایەنە یاسایەکانى خوێندنى باڵا پتەوتر کرا
لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کاروپڕۆژەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەرەیان پێدراو، دەسکەوتی گەورە لە بواری یاسایی بەدیهات، بەتایبەت پەسندکردنی پڕۆژەی یاسای خوێندنی تایبەت لە پاڕلەمانی کوردستان، کە بە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٣)ی یاسای زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان و، بەهۆیەوە زانکۆ تایبەتەکان لەبەر ڕۆشنایی ماددەو بڕگەکانی ئەو یاسایە ڕێکخرانەوە، لەهەمان کاتدا ئەو یاسایە بوە چەترێک بۆ پیدانی مۆڵەت بۆ کردنەوەی زانکۆی تایبەتی دیکە لە هەرێمی کوردستان. هەر لەو ماوەیەدا لە ڕوی یاسایەوە پاڕلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٣)ی یاسای جێبەجێکردنی یاسای ڕاژەی زانکۆیی فیدراڵی ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی هەموارکراوی لە هەرێمی کوردستانی پەسند کرد.
لە ڕوی ئەکادیمیەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی بەردەوامیدا بەپرۆسەی نەخشە رێگەی ریفۆرمی خوێندنی باڵا کە خۆی لە ( دڵنیای جۆری و زانستخوازی بەردەوام و تەندروستی و سەلامەتی و هەگبەی مامۆستایان و ...هتد)، لەهەمان کاتدا بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندکاران و تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن و پڕکردنەوەی پێداویستەکانی بازار چەندین بەشی زانستی لە زانکۆکان کرانەوە. لە ڕوی چەندایەتیشەوە ژمارەی زانکۆکان گەیشتە (13) زانکۆی حکومی و (9) زانکۆ و (2) لقی زانکۆی تایبەت.
قۆناغى حەوتەم، قۆناغى بایەخدان بەکواڵیتى و لایەنى چۆنایەتى خوێندنى باڵا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان دەستپێکرد
لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشدا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵەکانى لەسەر بەرزکردنەوەى کواڵیتى زانکۆکان و چۆنیتى باشکردنى لایەنى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکان چڕکردەوە، هەروەک هەوڵەکانى بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان لە ڕێگەى جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکەوە دەستپێکرد، وەک جێبەجێکردنى پڕۆسەى (بۆلۆنیا) و بەستنەوەى زانکۆکانى کوردستان بەو سیستمە، لەهەمان کاتدا بۆ یەکەمین جار ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان جێبەجێکرا، کە کاریگەرى زۆرى لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکان و بایەخدان بەتوێژینەوەى زانستى و بەستنى کۆڕ‌و کۆنفرانسى زانستى و تێکەڵبونى زانکۆکان بەکۆمەڵگە هەبوە، هەروەک قۆناغى یەکەمى بەئەلیکترۆنیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا جێبەجێ کرا، پێداچونەوە بەڕێنماییەکانى یەکسانکردنى بڕوانامەکان کراو ڕێنماییەکى تازە پەسند کرا، هەروەک ساڵانە لیستى زانکۆکان باوەرپێکراوەکانى جیهانى بڵاوکردەوە بۆ ئەو فێرخوازانەى ڕو لە دەرەوە دەکەن بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا، هەروەک لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى مامۆستایانى زانکۆ پێدانى نازناوى زانستى لە چوارچێوەى ڕێنمایەک دارشت و پەسندکرد، لەهەمان کاتدا پێداچونەوەى تەواو ورد بەڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا کرد، بەشێوەیەک سود لە ئەزمونى وڵاتانى پێشکەوتو وەرگیراو بایەخى زۆریش بەتوێژینەوە درا، هەر بۆ بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى ئەنجومەنى باڵاى توێژینەوەى زانستى ڕاگەیندرا، جگە لەوانەش پڕۆسەى زانستخوازى بەردەوام و پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین بەڕچاوکردنى بارودۆخەکە گۆڕانکارى زۆرى تێدا کرا، هەروەک گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى لە پڕۆگرامەکانى خویندن کرا، بەتایبەت لە هەندێک بەش، وەک بەشى یاسا و بەهۆیەوە ماوەى خوێندن لە بەشى یاسا لە زانکۆکان تایبەت و حکومیەکان کرایە پێنچ ساڵ.
لە ڕ‌وى یاسای-شەوە لەبەر ڕۆشنایى یاساى زانکۆ تایبەتەکان، ڕێنماى کردنەوەى پەیمانگە تایبەتەکان دەرکرا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک پەیمانگەى تایبەت بەپێیى پێداویستیەکانى بازار لە شارەکانى کوردستان کرانەوە.
لەماوەى ئەو کابینەیەدا بۆ یەکەمین جار وەزارەتى خوێندنى باڵا توێژینەوەى زانستى لە دو ڕێگەیەوە بایەخى بەخوێندکارانى کەرکوک و ناوچە دابڕێنرداوەکان دا، بۆ ئەوەش سەربارى قەیرانى دارایى توانى ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران بەدەست بێنێ بۆ کردنەوەى زانکۆى چەرمۆ لە چەمچەماڵ و، کردنەوەى نوسینگەى وەزارەت لە کەرکوک، کە بەهۆیەوە ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى خویندکارى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانى بۆ درێژەدان بەخوێنى (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر ودکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.
دەسکەوتێکى دیکەى وەزارەت لەم ماوەیەدا بریتى بو لە گۆڕینى سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان، بەشێوەیەک بۆ یەکەمینجار سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆى لە هەرێمى کوردستان جێبەجێکرد و، بەهۆیەوە بەڕچاوکردنى خوێندکار، خوێندکاران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستانە وەرگیران.
هاوکات لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى-یش وەزارەتى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەوڵەکانى بەردەوامە بۆ زیاتر فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕێککەوتن و یاداشتى لێکگەیشتنى لەگەڵ وەزارەتى پەیوەندارەکانى وڵاتانى دنیا ئەنجاداوە، لەوانەش وەزارەتى زانست و تەکنەلۆجیاى کۆمارى ئیسلامى ئێران، وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى ئوردونى، جگە لەوەش لەسەر ئاستى ئێراقى پەیوندییەکانى لەگەڵ وەزارەتى خویندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى ئێراقى بەرەوپیشبردەو لێژنەیەکى باڵاى هاوبەش لە نێوانیان پیهاتوە بۆ چارەکردنى کێشەکان، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش لەگەڵ زۆرێک لە وەزارەت و دامەزراوەکان ڕێککەوتن کراو چەند بۆردیکى هاوبەش-یش پێکهاتوە بۆ باشتر ڕاپەڕاندنى کارە هاوبەشەکانى نێوانیان، بۆ نمونە لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەلایەتى، دەستەى ژینگە، وەزارەتى تەندروستى و وەزارەتى پەروەردە...
لە ڕ‌وى دارایشەوە، بەدەرکردنى ڕێنماییەک کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پەسند کرا، توانیوەیەتى تا ڕادەیەک سەربەخۆى دارایى بۆ زانکۆکان مسۆگەر بکات و، زانکۆکان بۆ ڕایکردنى کارەکانیان پشت بەداهاتى خۆیان ببەستن، بەوەش توانى ئەرکى حکومەتى لە ڕ‌وى داراییەوە بۆ پاڵپشتیکردنى زانکۆکان کەمبکاتەوە.
لە ڕ‌وى چەندایەتیشەوە ژمارەى زانکۆکان گەیشتە (15) زانکۆی حکومی و، دو دەستەو ئەنجومەنێک و، (15) زانکۆ و لقی زانکۆی تایبەت، لەگەڵ ((9 پەیمانگەى تایبەت.
ڕه‌و ڕه‌وه‌ی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە هەرێمى کوردستان له کاروانى زانستى خۆى به پڕۆژه‌ی جیا به‌رده‌وامى هەیە.