سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالش هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرز دەنرخێنێت بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى ئێزیدی لە زانکۆکانى هەرێمی كوردستان.
له بهرامبهردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینهوهی ههرێمی كوردستانیش ڕایگهیاند: بەئەرکى سەرشانى خۆمانى دەزانین هەموو هەوڵێک بدین تا بتوانین خزمهت پێشکەش بهکوردانى ئێزیدی بکەین، ههربۆیه خوێندكارانی ئێزیدی لەگەڵ خوێندکارانى هەرێم جیاوازییان لهگهڵدا ناكرێت و وهك یهك مامهڵهیان لهگهڵدا دهكهین.
ئهو ڕاگهیاندنهی د.یوسف گۆران، ئەمڕۆ یهك شهممه ڕێکەوتى (20/12/ ٢٠١٥) له میانهی پێشوازیکردنی لە شێخ شامۆ شێخۆ ئەندامى پاڕلەمانى کوردستان و سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالیش هات.
لە دیدارێکدا کە د. ئامانج عەبدولڵا ڕاوێژکارى وەزیر ئامادەیبو، شێخ شامۆ شێخۆ ئەندامى پاڕلەمانى کوردستان و، سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى لالیش ستایش و سوپاسگوزارى هەوڵەکانى وەزارەت و خودى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ کارئاسانیکردنى خوێندکارانى ئێزیدی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان و، لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى ئیزیدییهكانی ناوچەکوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان و، ئەنجامدانى رێککارى یاسایى ئیدارى بۆ ئەو خوێندکارانە له ڕێگهی میواندارى و گواستنەوەیان بۆ زانکۆکانى هەرێمی كوردستان.
له بهرامبهردا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: خزمەتکردن و کارکردن بۆ کوردانى ئێزیدی ئەرکیکى پیرۆز و شەرەفمەندایە بۆ ئەوەى بتوانین کەمێک لە ئازارو مەینەتیەکانى برا ئێزیدییهكانمان کەم بکەینەوە.
لەبارەى وەرگرتنى خوێندکارانى ئێزیدی ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى هەرێم: وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند هەموو هەوڵ و تواناى زانکۆکانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگرتنی خوێندکارە ئێزیدییهكان لە زانکۆکان، ههروهك هەمان مەرج و رێنماییەکانى خوێندکارانى هەرێمیان بۆ پیادەدەکەین و جیاوازیان لەنێواندا ناکەین. وتیشى بۆ ئەمساڵى خوێندن بەهەمان شێوە هاوکارى تەواوى خوێندکارە ئێزدییهكان دەکەین بۆ وەرگرتنیان یاخود میوانداریکردن و گواستنەوەیان.