د.یوسف گۆران: بەبێ جێبەجێکردنى ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی ناتوانین لەچاودێریکردنى سەربەخۆى زانکۆکان سەرکەوتوبین

img

   وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ئێستا لەسەرەتایى ڕاگەیاندنى پڕۆژەى ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستانداین، بۆیە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە بەئەرکێکى نیشتیمانى و زانستى و ئەکادیمی و قانوینە بەرامبەر بەگەلەکەمان دادەنێین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى کۆبونەوەیەکیدا هات کە تایبەت کرابوو بەچۆنیەتى کارکردن لە پڕۆژەى ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانی کوردستان.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە, ڕێکەوتى (٢٩/١١/٢٠١٥) لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، ڕاوێژکارانى وەزیرو، بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت و، سەرۆکى سەرجەم زانکۆ حکومیەکان و، یاریدەدەرەکانیان بۆ کاروبارى زانستى ئامادەیبون، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران ئامانجى کۆبونەوەکەى خستەڕو و، ڕاگەیاند: لە ئێستادا لەسەرەتایى ڕاگەیاندنى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستانین، بۆیە بەر لەوەى ئەنجامەکان ڕابگەێنین بەپێویستمان زانى میکانزمەکان و چۆنێتى کارکردن لە پڕۆژەکەدا بۆ زانکۆکانى کوردستان باس بکەین، تا بەرچاوڕونیەکیان هەبێت لەسەر کۆى پڕۆسەکە، ڕاشگەیاند: ئەم پڕۆژەیە گرنگى زۆرى بۆ گەشەپێدانى زانکۆکان و پێشخستنى کۆمەڵگە هەیە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دواى ئەوەى پڕۆژەکەمان داڕشت، ئینجا ئاڕاستەى زانکۆکانمان کردو تا ڕاوبۆچونى خۆیان لەسەر کۆى پڕۆژەکە بخەنەڕوو، ئەوانیش لاى خۆیانەوە کۆمەڵێک پێشنیازیان بۆ گەڵاڵەکردین کە بووە هۆى زیاتر دەوڵەمەندکردنى پڕۆژەکە و شوێنیان کراوەتەوە، بۆیە دەتوانین پڕۆژەى ڕیزبەندى زانکۆکان بەپڕۆژەیەکى کۆمەڵى ناوبەرین، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دواى وەرگرتنى پێشنیازەکان، ڕاستەوخۆ دەستمان کرد بەوەرگرتنى داتاو زانیارییەکان لە زانکۆکان، ڕاشگەیاند: ڕاستگۆى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان گوزراشت لە ڕاستگۆیى ئەو داتاو زانیاریانە دەکات کە لەلایەن زانکۆکانەوە ڕەوانەى وەزارەت کراوەو داخلى ئەو سۆفت وێرە کراوە کە بەهاوکارى ڕێکخراوى چێنیکا و، ناشناڵ ڕانکینگى ئیتاڵى و، ناشناڵ ڕانکینگى ئاڵمانى دانراوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: سەرجەم داتاو زانیارییە بەدەستهاتوەکان لە ڕێگەى بەرنامەیەکى ئاماریى بەناوى (Optimization) گۆڕاون بۆ زمانى ژمارەو، مرۆڤ هیچ ڕۆڵێکى تێدا نیە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: وەک ئەرکێکى قانونى و زانستى و ئەکادیمی دەبێت خۆمان بەبەرپرسیار بزانین بەرامبەر بە کواڵیت و هەڵسەنگاندنى زانستى زانکۆکان، چونکە جگە لەوەى زانکۆکان جۆرێک لەسەربەخۆى کارگێڕى و داراییان هەیە، بەڵام ناتوانین لەچاودێریکردنى سەربەخۆى زانکۆکان سەرکەوتوبین ئەگەر ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەکەین.

د.یوسف گۆران جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەو ئەنجام و هەڵسەنگاندنەى ڕادەگەێندرێت بە باش و خراپییەکانیەوە هەمومان لێیى بەرپرسیار دەبین بە وەزارەت و زانکۆکانیشەوە، ڕاشگەیاند: دەبێت هەموان بەچاوى کواڵیتى و شەفافیەت و کێبڕکێى زانستى و ئەکادیمى لەو هەڵسەنگاندنە بڕوانین، تا زانکۆکان وەک هەمیشە ببنە پێشەنگ و، پێش هەموو لایەک خۆمان دەست لەسەر برینەکانمان دابنێین و، ڕێگەى چارەى گونجاوییشیان بۆ دەستنیشان بکەین، ڕونیشیکردەوە ئەگەر ئێمە وەک وەزارەت و زانکۆکان توانیمان لە ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکان سەرکەوتو بین، ئەوە بنغەى کەلتورێکى گرنگ بۆ دامەزکراوەکانى دیکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دادەنێن و، بەو ڕێگەیەش دەتوانرێ چاکسازى لە سێکتەرە جیاکانى هەرێمى کوردستان بکرێ.

لە کۆتایى قسەکانیشیدا خۆشحاڵى خۆى دەربڕى کە هەر لە سەرەتاوە سەرۆک و جێگرى سەرۆک وەزیران و، بۆردى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیران و، لەهەمان کاتیشدا ئەنجومەنى وەزارەت پشتگیرى خۆیان بۆ سەرخستنى پڕۆژەکە دوپات کردۆتەوە و، هەموانیش بەپڕۆژەیەکى گرنگى ئەم قۆناغەى هەرێمى کوردستان بۆ باشترکردنى کواڵیتى خوێندن لە زانکۆکان و بەرزکردنەوەى ئاستەکانیان لە قەڵەمیانداوە تا باشتر لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵ بگێڕین.

هەر لە چوارچێوەی کۆبونەوەکەدا د. شێروان نورى غەفور ئەندامى لێژنەکە بەئامێرى (داتا شۆ) کورتەیەکى لەبارەى گرنگى پڕۆژەکەو چۆنییەتى دانانى میکانزم و پێوەرەکان پێشکەشکرد و ڕاگەیاند: لەماوەى ڕابردودا دواى داڕشتنى میکانزمەکان، پێوەرەکانى ڕێزبەندییەکانمان دیاریکرد کە بریتین لە (٨) هەشت پێوەرى سەرەکى (ستافى زانستى، چالاکى نێودەوڵەتى، چالاکى کەلتورى و پەیوەندى زانکۆ لەگەڵ کۆمەڵگە، توێژینەوەى زانستى، دڵنیایى جۆرى، ئاستى ڕازیبونى خوێندکار لە زانکۆ، کتێبخانە و تاقیگە)، ڕونیشیکردەوە لەماوەى ڕابردودا لێژنەکەیان زیاتر لە (٣٢٥) سێ سەد و بیست و پێنچ سەعات کارى کردوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.کەنعان حەمە غەریب ئەندامى لێژنەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان، وردەکارى زیاتر پڕۆژەکەى بۆ ئامادەبوان باس کردو ڕاگەیاند: لە بەرە ڕۆشنایى ئەو هەشت پێوەردا (٥٩) پێوەرى لاوەکى دانراوە بۆ هەر پێوەرێک نمرەى تایبەت دانراوە، کە کۆى گشتى نمرەکان دەکاتە (١٠٠) نمرە, ڕونیشیکردەوە لەم پڕۆسەیەدا هیچ ئەرک و ماندوبونێکى زانکۆ بەهەدەر نەچوەو سەرجەم ئەو داتاو زانیاریانەى کە هەیانە بەڕێگەى ئۆنلاین ڕێگە بەزانکۆکان دراوە و، خۆیان خستویانەتە ناو پڕۆسەکەوە، لە کۆتایى قسەکانیدا د.کەنعان حەمە غەریب وتى: ئەو پڕۆسەیە لەناو سیستمێکى ئەلیکترۆنى شەفاف ڕێکخراوەو، زمانى ژمارەو داتا قسە دەکات و، مرؤڤ هیچ ڕۆڵێکى تێدا نیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا د.سەڵاح ئیسماعیل ئەندامى لێژنەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیاند: لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیەدا ستراتیژى وەزارەت بایەخى زۆرى پێدراوە بەتایبەت لە دڵنیایى جۆرى و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، ڕونیشیکردەوە ئەوەى لەم پڕۆسەیەدا گرنگە چەندە کارو چالاکیەکانى زانکۆکان لەگەڵ ستراتیژى وەزارەتدا یەک دەگرێتەوە، وتیشى ئەوەى لەم پڕۆسەیەدا بۆمان دەرکەوت لاوازى بەشێک لە زانکۆکان بوو لە کۆکردنەوەو پێشکەشکردنى داتاکان بە وەزارەت.

 

لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا لەلایەن سەرۆکى زانکۆکان و یاریدەدەرکانیان بۆ کاروبارى زانستى چەند سەرەنج و بۆچونێک سەبارەت بەلایەنەکانى پڕۆژەکە خرایەڕوو، هەروەک کۆمەڵێک پێشنیاز گەڵاڵە کرا بۆ ئەوەى لەکاتى ڕاگەیاندنى هەڵسەنگاندنەکاندا ئاماژەیان پێ بدرێ.