وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئاره‌زو ده‌كه‌ین له داهاتودا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه به‌هێزو پته‌و بكه‌ن كه له كاتی ته‌نگانه‌دا بهدهنگهمانهوه هاتن و دۆستێكی دڵسۆزمان بون.
ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له میانه‌ی پێشوازیكردنی له (بڕۆنۆ ساكۆ مانی) باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق و وه‌فدێكی هاوڕێی هات، كه ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه، ڕێكه‌وتی (2/6/2015) سه‌ردانی وه‌زاره‌تیان كرد.
له دیدارێكدا، باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق جه‌ختی له هاریكاری وڵاته‌كه‌ی له بواره‌كانی (هاوكاری مرۆیی، گه‌شه‌پێدان و سه‌ربازی) بۆ بونیادانهوهی عێراق كرده‌وه، هیواشی خواست كه ئاستی هاریكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له بواری خوێندن و خوێندنی باڵا.
له به‌رامبه‌ردا، د.یوسف گۆران سوپاسی حكومه‌ت و گه‌لی كه‌نه‌دی كرد كه له‌م دۆخه‌ی عێراق و كوردستان پیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت هاوكاری كوردستانیان كردوه، ڕونیشیكرده‌وه كورد به‌وه ناسراوه "ئه‌وانه‌ی كه له ته‌نگانه‌دا هاریكاری ده‌كه‌ن له بیریان نه‌كات"، بۆیه ئێوه‌ی كه‌نه‌دیش یه‌كێكن له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه بهدهنگهوهاتنهتان و هاوكارییه‌كانتان له كاتی ته‌نگانه‌دا له نێو كوردا له بیر ناكرێت، وتیشی‌ی پێمان خۆشه بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا فراوان بكه‌ین.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا، سه‌رۆكی ڕێكخراوی وسك (wusc) كه ڕێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته و، كاری ڕێكخستن و پشتگیریكردن بۆ ئه‌و خوێندكارانه ده‌كات كه له زانكۆكانی كه‌نه‌دا ده‌خوێنن، ئاماده‌یی ڕێكخراوه‌كه‌یانی نیشاندا بۆ ڕێكخستنی لایه‌نی (كارگێڕی، دارایی، وه‌رگرتنی ڤیزا و وه‌رگرتنی ئۆفه‌ری خوێندن) بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی خوێندنی باڵا كه له زانكۆكانی كه‌نه‌دا ده‌خوێنن، له‌هه‌مان كاتدا ئاماده‌یی ئه‌وه‌شیان ده‌ربڕی كه پرۆگرامی ڕاهێنان له بواری به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تیكردنی بۆ لێپرسراوانی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا ڕێكبخه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌ك عێراق ڕوبه‌ڕوی قه‌یرانی دارایی بۆته‌وه، له‌هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ عێراقیش كێشه‌ی دارایی هه‌یه، جگه له شه‌ڕی داعش و، ڕوكردنی نزیكه‌ی (2) ملێۆن ئاواره‌ش له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان كه نزیكه‌ی (30%) پێكهاته‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانن، هه‌مو ئه‌وانه بارگرانیه‌كی دارایی زۆریان بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست كردوه، به‌و هۆیه‌وه به‌رنامه‌ی تواناسازی ڕاگیراوه، ئه‌و ڕاوهستانهش كاریگه‌رییه‌كی زۆری كردۆته سه‌رمان، بۆیه ئه‌گه‌ر هاتو كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غداد چاره‌سه‌ر كرد، ئه‌و كات كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری له به‌رنامه‌ی تواناسازی ده‌كه‌ین به‌تایبه‌ت له بواری كارگێڕی و دارایی و...، بۆ ئه‌وه‌ش ئاره‌زو ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی وه‌ك ئێوه كار بكه‌ین بۆ چاره‌كردنی ئه‌و كێشانه‌ی له ماوه‌ی ڕابردو ڕوبه‌ری كاندیده‌كانی تواناسازی ده‌بونه‌وه.