حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی گرنگ لە بەرژەوەندی خوێندنى باڵا و پەروەردە دەردەکات

SADQ0984.JPG

لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى پەروەردە و خوێندنى باڵادا بڕیاردرا بە پیادەكردنی سیستمی ڕیزبەندی نیشتمانیی بۆ زانكۆ و دامەزراوەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە شێوەیەك لەسەر پێوەری زانستیانە و كوالێتی بێت، هەروەک هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت و ڕیزبەند بكرێن كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كێبڕكێی زانستی لە نێوانیاندا دروست ببێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە رێکەوتى 19/4/2015 ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، بەسەرپەرشتى نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیر و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیر و، به‌ئامادەبوونى د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.پشتیوان صادق وه‌زیری پەروەردە و، ڕێباز حه‌مڵان وه‌زیری دارایی و ئابوری و، د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانان. یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتی هەردو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و پەروەردە لە بارەی دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا خرایەڕو. دواتر كارنامەی كۆبونەوەكە گفتوگۆ و تاوتوێ كرا و چەند بڕیارێك سەبارەت بە خوێندنی باڵا و پەروەردە دران.

سەبارەت بە خوێندنی باڵا، باس لە گرنگیی دەستنیشانكردنی ئەولەویەتی پێداویستییەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت لە كاتی داڕشتنی پلانی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دیپلۆم و ماستەر و دكتۆرا كرا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا وەزارەتەكان ئاگادار بكرێنەوە كە سەرجەم پێدوایستییەكانیان ڕادەستی ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا بكەن. دواتر باس لە كوالێتیی ئاستی زانكۆكان كرا و بڕیار درا بە پیادەكردنی سیستمی ڕیزبەندیی نیشتمانیی زانكۆ و دامەزراوەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە شێوەیەك لەسەر پێوەری زانستیانە و كوالێتی، هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت و ڕیزبەند بكرێن كە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كێبركێی زانستی لە نێوانیاندا دروست ببێت.

ئەنجومەنی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان لە هەریەكە لە بەڕێزان سەرۆك وەزیر و جێگری سەرۆك وەزیر و وەزیره‌كانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و پەروەردە و دارایی و پلاندانان پێك دێت. لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 6ی ڕێكه‌وتی 19/10/2014، بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنەكە درا، مەبەست لە دامەزراندنیشی داڕشتنی پلان و ستراتیژیەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لە هەرێمی كوردستان.