لە پەراوێزی كۆنگرەی دیداری جیهانی بۆ خوێندن (The education world forum) كە بەئامادەبونی وەزیرانی پەروەردەو خوێندنی باڵا-ی زیاتر لە 95 وڵاتی دنیا لە (لەندەن) بەڕێوەچو، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ لێپرسراوانی ئاژانسی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشێنی خوێندنی باڵای بەریتانیا كۆبوەوە.
لەو كۆبونەوەیەدا، سەرەتا د.یوسف گۆران ئاماژەی بەپلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێداچونەوەو ڕێكخستنەوەی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
لە بەرامبەردا لێپرسراوانی ئاژانسەكەی بەریتانیا تەئكیدیان لەسەر هەماهەنگی و هاریكاری ئاژانسەكەیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی پێشكەشكردنی هاریكاری ڕاوێژكاری و ڕاهێنان و پەرەپێدانی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا، هەردولا لەسەر پلانێكی هاوبەش ڕێكەوتن بۆ هاریكاری و هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پڕۆسەی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.