وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ وەکیل وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراقى کۆبۆوە ئەمڕۆ 30/11/2010 پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقى بەسەرۆکایەتى دکتۆر عەمماڕ عەزیز.
بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى عێراقى و سەرپەرشتیارى توێژینەوەى زانستى و پەیوەندییەکانى دەرەوەى وەزارەت کۆبۆوەو پێشنیازى ئەوەى کرد، کە ڕاگۆڕینەوە لە نێوان هەردوو وەزارەت هەبێت سەبارەت یاساى وەزاەتى خوێندنى باڵا، کە لەماوەى داهاتوودا لە پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى کۆتایى بۆ دەکرێت و پەسند دەکرێت.لەم کۆبوونەوەیەدا پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، ئاماژەى بە زەرورەتى توندوتۆڵکردنى پەیوەندییەکانى هەردوو لاى داو جەختیشى لەسەر ئەوەکردەوە، کە پێویستە لە بوارى دروشمەوە ببێتە پڕاکتیک و بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنى هەموو کارەکانى پەیوەست بە هەردولا ئەنجامبدرێت.
هەروەک گوتیشى " ئومێد دەکەم ئەو ئەزمون و گۆِرانکارییانەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێم ئەنجامیداوە، ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقیش هەمان ڕێچکە بگرێت، چونکە بۆ ئێمە دەبێتە پاڵپشتی، بۆیە لەلایەن خۆمانەوە ئامادەین هاوکارى هەر پڕۆژیەکى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقیى بین، ئەگەر بیانەوێت ئەنجامی بدەن".
د.عەمماڕ عەزیز لە لایەن خۆیەوە، ویراى سوپاسى زۆرى بۆ پشتیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، گوتیش " بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکان ، پێمانخۆشە دیدارى بەردەوام لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانى هەردوو وەزارەت هەبێت و بەشێوەیەکى دەورى و مانگانە کۆبوونەوەکان ئەنجامبدرێت".