Nov 2016

د.یوسف گۆران: هه‌نگاوه‌كانمان كاركردنه‌ به‌ئاڕاسته‌ی پاراستنی كواڵیتی خوێندن و فێركردن له‌ زانكۆكان

IMG_9630.JPG

 وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: له‌ ساڵی ڕابردوا سه‌رباری ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ی كوردستان، پڕۆسه‌ی ڕیفۆرم و گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بووه‌.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانه‌ی پێشكه‌كردنی وتارێكیدا هات كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاهه‌نگی خولی (34) ده‌رچوانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشكه‌شی كرد.

له‌و ئاهه‌نگه‌دا، كه‌ شه‌وی پێنچ شه‌ممه‌، رێكه‌وتی (2/7/2015) له‌ یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌دروشمی ((به‌رخودانی پێشمه‌رگه‌ مایه‌ی سه‌ربه‌خۆبونمانه‌)) به‌ڕێوه‌چو، ئاهه‌نگه‌ به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌رچوانی خوله‌كه‌و مامۆستایانی زانكۆكه‌ بۆ ناو یاریگاكه‌ ده‌ستی پێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بێده‌نگیان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نواند، دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا چه‌ند وتارێك پێشكه‌شكران، له‌ وتاری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌ له‌لایه‌ن د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین خوێندرایه‌وه‌، له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رباری پیرۆزبایكردن له‌ ده‌رچوان، سوپاسی مامۆستایانیشی كرد، كه‌ ڕێگه‌یان نه‌دا پڕۆسه‌ی خوێندن دوا بكه‌وێ، ڕونیشكرده‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی خوێندنی (2014-2015)دا گه‌له‌كه‌مان به‌زۆری ڕوبه‌ڕوی شه‌ڕێكی داسه‌پاو بوه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێدابو، بوو بوه‌  جێگه‌ی خۆشحاڵییان، كه‌ "وێڕای سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان له‌ شه‌ڕو تێكشكاندنی تێرۆرستان، ئێوه‌ش له‌سه‌نگه‌ره‌كانی خوێندندا نه‌تانهێشت دوژمنان به‌مه‌رامی گڵاویان بگه‌ن و، ده‌رچوونی قوتابی و خوێندكارانی زانكۆ و قوتابخانه‌كانی كوردستان، سه‌ركه‌وتنێكی دیكه‌ی گه‌له‌كه‌مان بوو به‌سه‌ر تێرۆرستان".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد، له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا به‌ناوی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی پیرۆزبای گه‌رمی له‌ ده‌رچوان و سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پۆله‌ گه‌نجه‌ی له‌ كۆڕان و كچان كرد، ڕاشگه‌یاند: ئه‌م پۆله‌ ده‌رچووه‌ هاوشانی ده‌رچوانی زانكۆكانی دیكه‌ی كوردستان ده‌بنه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ توانا مرۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌مان و به‌شداری كارا له‌ كاروانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن. د.یوسف گۆران ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین كرد له‌ به‌رامبه‌ر بڕیاردانیان بۆ ئاهه‌نگی خولی (34) زانكۆكه‌یان كه‌ به‌دروشمی (به‌رخودانی پێشمه‌رگه‌ مایه‌ی سه‌ربه‌خۆبونمانه‌) به‌ڕێوه‌یان برد، له‌و چوارچێوه‌شدا وتی: ئه‌مڕۆ هه‌مومان له‌ سایه‌ی خوێنی شه‌هیدانی وڵاته‌كه‌مان و نه‌به‌ردی و به‌رخودانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاهه‌نگی ده‌رچونی ئێوه‌ ده‌گێڕین و، هه‌ر له‌ سایه‌ی ئه‌وانیش كوردستانمان ئازاد و ئاوه‌دان و ئارامه‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماژه‌ی به‌دۆخی ساڵی ڕابردو كرد و وتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساڵی ڕابردوو هه‌رێمی كوردستان به‌بارودۆخێكی دژواردا تێپه‌ڕی و، سه‌رباری ئاسته‌نگییه‌كان و قه‌یرانی نه‌خوازراوی سیاسی و دارایی، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان توانی به‌هاریكاری هاوپه‌یمانان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی مه‌زن بۆ مرۆڤایه‌تی تۆمار بكه‌ن و، له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌دا هه‌میشه‌ له‌ پێشڕه‌ویدا بن و، پارێزگاری له‌ ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و، هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك كیانێكی ئارام و مرۆڤ دۆست و ئازاد و دیموكرات له‌ پێش چاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك بدروشێته‌وه‌. بۆیه‌ هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانمان به‌ده‌رچونی خوێندكارانیش هه‌ر له‌ سایه‌ی خوێنی شه‌هیدان و قاره‌مانی و خۆڕاگری ڕۆڵه‌ پێشمه‌رگه‌كانمان هاتۆته‌ ئاراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌دۆخی خوێندن و كارو به‌رنامه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ ماوه‌ی ساڵی خویندنی ڕابردودا، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: سه‌رباری ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ی كوردستان، به‌ڵام پڕۆسه‌ی ڕیفۆرم و گه‌شه‌پێدانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان به‌رده‌وام بوه‌، وتیشی ساڵی ڕابردو كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی هه‌شته‌م هێڵه‌ گشتیه‌كانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵامان ڕونكرده‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی گرنگمان خسته‌ڕوو، به‌تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی گه‌شه‌پێدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی و، پێداچونه‌وه‌ی ته‌واوی پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری و متمانه‌به‌خشین و، فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و، نزیكردنه‌وه‌ی كه‌رتی خوێندنی باڵا له‌ ستاندارده‌ ئه‌كادیمیه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. د.یوسف گۆران ئاشكرایكرد: كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا گه‌لێك له‌و پڕۆژانه‌یان ده‌ستپێكردوه‌ و، به‌شێكی زۆریان له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردن و ته‌واوبوندان، وتیشی هه‌نگاوه‌كانمان به‌ئاڕاسته‌ی كاركردنه‌ بۆ پاراستنی كواڵیتی خوێندن و فێركردن له‌ زانكۆكانمان، بۆ ئه‌وه‌ش ته‌ركیزی ته‌واومان له‌سه‌ر پته‌وكردنی پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری و متمانه‌به‌خشین و، په‌ره‌پێدانی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن و، بۆشاییه‌كانی نێوان پێداویستیه‌كانی بازاری كارو ناوه‌ڕۆكی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ زانكۆكانمان هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: له‌ بواری توێژینه‌وه‌ی زانستیدا توانیمان گه‌شه‌ی زیاتر به‌سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانكۆكان بده‌ین و، ژماره‌یان له‌ (11) سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی بگه‌ێنینه‌ (41) سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌رجه‌م ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا.

بۆ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ بواری خوێندنی باڵا/ دكتۆرا له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی كاركردندا به‌دی هاتون، د.یوسف گۆران وتی: توانیمان كۆی سیسته‌می خوێندنی باڵا/ دكتۆرا له‌ هه‌رێمی كوردستان دابڕێژینه‌وه‌، به‌جۆرێك پڕۆسه‌ی خوێندنی كۆرسه‌كان و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ئاڕاسته‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ستاندارد و پاراستنی كواڵیتی و به‌شداریكردنی ڕاسته‌قینه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌ بێت، هاوكات هه‌موو كاندیدێكی خوێندنی دكتۆرا لێره‌ به‌دواوه‌ ده‌بێت به‌ر له‌ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی لانی كه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ گۆڤارێكی خاوه‌ن فاكته‌ری كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی بڵاو بكاته‌وه‌.

له‌سه‌ر ئاستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، وه‌زيری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونيكرده‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆ و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانی دونيا هه‌نگاوی گرنگيان ناوه‌، به‌تايبه‌ت له‌ بواری ئاوێته‌كردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ستاندارده‌ ئه‌كاديميه‌كانی زانكۆكانی ئه‌وروپا له‌ ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌ی (بۆلۆنيا) گه‌يشتۆته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتوو، وتيشی له‌م پڕۆسه‌يه‌دا به‌شێكی زۆر له‌ زانكۆكانی كوردستان هه‌وڵی جديان بۆ داوه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌به‌زكردنه‌وه‌ی ئاستی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، د.يوسف گۆران  له‌ وتاره‌كه‌يدا ڕونكردنه‌وه‌ی زياتری داو وتی: خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مساڵ توانيمان پڕۆژه‌ی ڕيزبه‌ندی نيشتيمانی بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بخه‌ينه‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتوی جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ڕونيشيكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌يه‌ بريتييه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستيانه‌ی زانكۆكانی كوردستان و، ڕيزبه‌ندكردنيان له‌به‌ر ڕۆشنايی پێوه‌ره‌ زانستيه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و، ڕێكخستنی پێشبڕكێی زانستی له‌ نێوان زانكۆكان، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا د.يوسف گۆران ئاماژه‌ی به‌گرنگی پڕۆژه‌كه‌ كرد و وتی: پڕۆژه‌كه‌ هه‌لی پێشبڕكێ له‌ نێوان زانكۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای كواڵيتی ده‌ڕه‌خسێنێت، هاوكات هۆكارێكی گرنگه‌ بۆ ناساندن و ئاشناكردنی زياتری زانكۆكانی كوردستان به‌پێوه‌رو كه‌لتورو ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، كه‌ له‌ ئاكامدا به‌رزبونه‌وه‌ی كواڵيتی زانكۆكان و گه‌شه‌كردنی زانستی و ئه‌كاديمی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌شێكی وتاره‌كه‌ی ته‌رخان كرد بۆ ئاینده‌ی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان و له‌ باره‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یاند: كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا، به‌ڵام هێشتا كاری زیاتری پێویسته‌، وتیشی ئێمه‌ له‌ پڕۆژانه‌دا پشت به‌مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیان و كارمه‌ندان و ته‌واوی كۆممیونیتی ئه‌كادیمی له‌ زانكۆكانی كوردستان ده‌به‌ستین، له‌هه‌مان كاتدا پشت به‌ تواناو پشتیوانی هاریكاری و پارتنه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ده‌به‌ستین، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ ئێستادا خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م پرسیاری گرنگدایه‌، به‌تایبه‌ت پێگه‌ی زانكۆكان له‌ نه‌خشه‌ی ئه‌كادیمیای جیهان و ئاوێته‌بون به‌پێوه‌رو ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و، كارایی و كاریگه‌ری به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌كان و، ده‌رئه‌نجامه‌كانی پڕۆسه‌ی خوێندن و فێركردن و ڕاهێنان له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پیرۆزبایی له‌ ده‌رچوان كردو ئومێدی خواست به‌شداری كارا له‌ بونیادانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان بكه‌ن. له‌ هه‌مان كاتدا سوپاس و پێزانینی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی زانكۆ و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و ته‌واوی مامۆستایان و كارمه‌ندانی زانكۆكه‌ كرد، كه‌ هه‌وڵی زۆریان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكاران و قوتابیان به‌سه‌ركه‌وتوی خوێندنه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن، له‌ دواجاریشدا پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی له‌ كه‌سوكاری ده‌رچوان كردو، وتی: هێنده‌ی ئێوه‌ به‌سه‌ركه‌وتنی ڕۆڵه‌كانتان دڵشادم.

هه‌ر له‌ ئاهه‌نگی خولی (34)ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددیندا كه‌ به‌چاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان به‌ڕێوه‌چو، وتاری سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كردنی ئاهه‌نگ و، وتاری نوێنه‌ری ده‌رچوان پێشكه‌ش كرا، هه‌روه‌ك دوای سوێندخواردنی ده‌رچوان، له‌ سه‌ر داواكاری ڕاگری كۆلێژه‌كان له‌لایه‌ن دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس به‌خشرایه‌ ده‌رچوان، به‌وه‌ش كۆتایی به‌ئاهه‌نگه‌كه‌ هات.

 له‌ ئاهه‌نگی خولی (34)ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌ كۆی (5000) پێنچ هه‌زار خوێندكار، (3410) به‌خولی یه‌كه‌م  له‌ (11) كۆلێژ ده‌رچون بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان پێشكه‌ش كرا. زانكۆی سەڵاحەدین لە كاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا زیاتر لە (70) هەزار قوتابی و خوێندكاری لە خوێندنی بەكالۆریۆس پێگەیاندوە، هەروەها لە (90) بەشی زانستی و (14) كۆلێژ پێكدێت. ئێستا نزیكەی  (24) هەزار خوێندكارو قوتابی بە كالۆریۆس و،  نزیكەی (500) خوێندكارو قوتابی خوێندنی باڵا/ ماستەرو، زیاتر لە (50) قوتابی و خوێندكاری خوێندنی باڵا/ دكتۆرا هەیەو، ژمارەی مامۆستایانی گەیشتۆتە زیاتر لە دوو هەزار مامۆستا، كە لە نێو ئەو ژمارەیەدا (90) یان نازناوی پڕۆفیسۆرو، (321) نازناوی  پڕۆفیسۆری یاریدەدەرو، (535) نازناوی مامۆستا و، (1087) نازناوی مامۆستای یاریدەدەرە. 

وێنه‌ی زیاتری ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین