بەبۆنەى جەژنى رەمەزانی پیرۆزەوە، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ، پیرۆزباینامەیەکى ئاراستەى هاونیشتیمانیان و مامۆستایان وفەرمانبەران و خوێندکاران کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتى:
بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە هاونیشتیمانیانی کوردستان و مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەکەم، هیوای جەژن و پشوییەکی خۆش و پڕ لە ئارامی ئاسودەیی و تەندروستی بۆ هەمو لایەکتان دەخوازم.
هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی تایبەتی هەمو مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان بکەم کە سەرباری قەیرانی دارایی و لێکەوتەکانی پەتای گشتگیری کۆرۆنا، توانیان بە گیانی لە خۆبردویی و بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئایندەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بپارێزن، بەش بەحاڵی خۆم پێگەو ڕۆڵ و ماندوبون و شەونخونیان بەرز دەنرخێنم و دڵنیایان دەکەم کە پشتیوانی تەواوی مافە ڕەواکانیان دەبم بە تایبەت ماف و شایستە داراییەکانیان و بژیوی ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان.
لەخوای پەروەردگار داواکارم رۆژو عیبادەتى هەمو لایەک قبول بکات و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی باڵ بکێشێت بەسەر ھەرێمەکەماندا.
دوبارە بەھیوام ھەمو رۆژێکتان ھەر جەژن و جەژنیشتان پر خێرو خۆشی بێت.
د. ئارام محمد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی