Nov 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا: سوپاسی مامۆستاو فەرمانبەرانی زانکۆکان دەکەم، کە توانیان خوێندنی ئەمساڵ بپارێزن

وەزیری خوێندنی باڵا

بەبۆنەى جەژنى  رەمەزانی پیرۆزەوە، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ، پیرۆزباینامەیەکى ئاراستەى هاونیشتیمانیان و مامۆستایان وفەرمانبەران و خوێندکاران کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتى:

بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە هاونیشتیمانیانی کوردستان و مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەکەم، هیوای جەژن و پشوییەکی خۆش و  پڕ لە ئارامی ئاسودەیی و تەندروستی بۆ هەمو لایەکتان دەخوازم.

هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی تایبەتی هەمو مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان بکەم کە سەرباری قەیرانی دارایی و لێکەوتەکانی پەتای گشتگیری کۆرۆنا، توانیان بە گیانی لە خۆبردویی و بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئایندەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بپارێزن، بەش بەحاڵی خۆم پێگەو ڕۆڵ و ماندوبون و شەونخونیان بەرز دەنرخێنم و دڵنیایان دەکەم کە پشتیوانی تەواوی مافە ڕەواکانیان دەبم بە تایبەت ماف و شایستە داراییەکانیان و بژیوی ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان.

لەخوای پەروەردگار داواکارم رۆژو عیبادەتى هەمو لایەک قبول بکات و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی باڵ بکێشێت بەسەر ھەرێمەکەماندا.

دوبارە بەھیوام ھەمو رۆژێکتان ھەر جەژن و جەژنیشتان پر خێرو خۆشی بێت.

 

د. ئارام محمد قادر

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی