لە درێژەى سەردان و بەسەرکردنەوەکانى بۆ زانکۆ و دامەزراوە زانستى و ئەکادیمییەکانى هەرێمى کوردستان و لەنزیکەوە ئاگاداربون لە ڕەوشى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆى کۆیەى بەسەرکردەوەو لەمیانى بەشداریشى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆکە ڕایگەیاند: هەر وەک چۆن میراتگرى سەروەرییەکانى مێژوى شارەکەن، بەهیوام ببنە پێشەنگ بۆ دەستکەوتەکانى ئایندە.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (١٥/٩/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆى کۆیەى بەسەرکردەوەو لەگەڵ ئەنجومەنى زانکۆش کۆبۆوەو چەند بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى ئاستى زانکۆکە گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
لەو کۆبونەوەیەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، لە سەرەتادا د. وەلى محمود سەرۆکى زانکۆ کۆیە لە وتەیەکدا باسێکى لەبارەى زانکۆى کۆیەو مێژوى دامەزراندن و پێکهاتەکەى خستەڕوو، هەروەک کورتەیەکیشى لەبارەى پرۆژە ئەکادیمیەکانى زانکۆ و ئەو بەرنامە نێودەوڵەتیانە پێشکەش کرد کە پەیوەستە بەپێشخستنى ئاستى زانکۆى کۆیە.
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا بۆ سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە ڕایگەیاند: کۆیە شارێکى گرنگە لە مێژوى میللەتەکەمان و خاوەن پێگەیەکى بەهێزى سیاسى و حوکمڕانییە، گەورە پیاوانى ئەو شارە رۆڵى سەرەکیان لە شۆڕش و بەرخودانى گەلەکەماندا هەبوەو لەڕووى رۆشنبیرى و کلتوریشەوە کۆیە رۆڵى سەرەکى لە پەرەپێدانى وڵاتەکەماندا هەبوە. د. ئارام محمد وتیشى: زۆرن ئەوانەى رۆڵیان لە زانکۆى کۆیەدا هەبوە، لە سەروى هەمویانەوە رۆڵى جەنابى سەرۆک مام جەلال هەر لە دامەزراندن و پشتگیرى بەردەوامى بۆ زانکۆى کۆیەو گەشەپێدانى ئاستەکەى جێگەى تەقدیرى زۆرى هەموانە، هەروەها رۆڵى سەرۆک و مامۆستاو فەرمانبەر و خوێندکارانى ئەم زانکۆیە بەرز دەنرخێنین بۆ هەوڵ و ماندوبون و شەونخونیان.
هەر لە وتەکەیدا بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دڵسۆزى و پەرۆشیتان بۆ زانکۆ وادەکات ئێمەش وەک وەزارەت بتوانین لەو شوێن و ئاستانەى لە تواناماندا بێت هاوکارو پشتگیرتان بین و درێغى لە گەشەپێدانى زانکۆکە نەکەین. بۆیە داواتان لێدەکەم بە هەمان گڕوتینى ڕابردو پێشەنگبن بۆ دەستکەوتى زانستى تازە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد ڕایگەیاند: ئومێدو ئیرادەمان هەیە بتوانین بەیەکەوە هاوکارو هەماهەنگ بین بۆ چارەسەرى کێشەکانمان، چونکە بەتەنها هیچمان بۆ ناکرێت ئەگەر یەک تیم و هاوئاهەنگ نەبین بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئاستەنگ و بەربەستەکان، بۆ ئەمەش وتى: چاوەڕوانیمان لێتان ئایندەیەکى گەشە بۆ زانکۆکەتان، بەو پێیەى دەمانەوێت زانکۆى کۆیە دەروازەى بەدەستهێنانى دەستکەوتى ئایندە بێت بۆ گەلەکەمان.
لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند دەمانەوێت دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن پلانەکانمان ڕێگر بێت لەچونە دەرەوەی سامانی نیشتیمانی وڵاتەكەمان و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خوازیاران لەڕێگەى پلانەکانى ماستەرو دکتۆرا دەستەبەر بكەین و خوازیاران کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان. وتیشى بەم شێوەیە هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی سەقامگیر و گەشەکردو بۆ هەرێمەکەمان بکەین.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە هەریەک لە ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى کۆیە پێشنیاز و بۆچونى خۆیان لەبارەى پێشخستنى ئاستى زانکۆ و ئاستەنگ و پرۆژەکان خستەڕو.