بەسەرپەرشتى نوێنەرانى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچون لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و بەبەشدارى سەرۆک و نوێنەرى زانکۆکانى کوردستان و، بۆ دەوڵەمەندکردن و تاوتوێکردنى پلانى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وۆرک شۆپێک بەڕێوەچوو.
دواى ئەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، لێژنەیەکى تایبەتى بۆ ئامادەکردنى کارنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهێنا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٨/٢٠١٩) لە سەنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین، بەسەرپەرشتى نوێنەرانى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچون لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و ئامادەبونى سەرۆک و نوێنەرى زانکۆکان و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، پلان و کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو پێشنیاز و بۆچونى سەرجەم زانکۆکان و مامۆستاو فەرمانبەر و هاوڵاتیان، کە لە ڕێگەى نوسراو و ئیمێڵ گەیشتونەتە وەزارەت تاوتوێکران و لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت بەهەند وەردەگیرێن.
لە وۆرک شۆپەکەدا هەریەک لە سەرۆک زانکۆکان و بەڕێوەبەرانى گشتى ڕاو پێشنیازیان بۆ دەوڵەمەندکردن و ئامادەکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕوو، کە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان لەڕوى کوالێتى و فەراهەمکردنى دەرفەتى لەبار بۆ خوێندن و دەرفەتى گەشەکردنى توێژینەوەى زانستى و گرنگیدان بە زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداچونەوە بە کوالێتى زانستیان و گەشەپێدانى ڕیفۆرمى کارگێڕى و دارایى و چەندین خاڵە سەرەکییەکانى کارنامەى وەزارەتە، واش بڕیارە لە کۆبونەوەى سبەى بەمەبەستى پەسەندکردن ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆببێتەوە.
جێگەى ئاماژەیە ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانى راسپاردوە لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، بەرنامەی كارەكانی وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەین بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.