مەراسیمى ڕاپەڕین و کارەساتى قەڵادزێ
لە ساڵێادى کارەسات و ڕاپەڕینى قەڵادزێ، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى ٠٢٤/٤/٢٠١٧) د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەردانێک گەیشتە قەڵادزێ و بەشدارى مەراسیمێکى تایبەت بەکارەساتى (٢٤/٤/١٩٧٤) و ڕاپەڕینى (٢٤/٤/١٩٨٢) کرد و، وتارێکیشى لە بۆنەیەکى لە چالاکیەکى زانستى پێشکەشکرد.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەیەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا لەسەر گڵکۆیى شەهیدانى کارەسات و ڕاپەڕین لە قەڵادزێ بەشدارى مەراسیمێکى کرد، مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆگیانى پاکى شەهیدان و خوێندنەوەى چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز دەستپێکرد.
هەر لەو مەراسیمەدا، کە ژمارەیەک لە پاڕلەمانتاران و لێپرسراوانى حکومى و حزبى و خەڵکى ناوچەکە ئامادەیبون، چەند وتارێک پێشکەشکران، لە وتارەکاندا بیرەوەرییەکانى کارەسات و ڕاپەڕینى شارەکە باسکران، هەروەک باس لە ڕۆڵى قارمانانەى خەڵکى سنورەکە لە ڕوبەڕوبونەوەى ڕژێمە فاشیستەکان و دوژمنانى گەلى کورد کرا، لە بەشێکى دیکەى وتارەکاندا جەختى لە پێویستى زیاترى ئاوەدانکردنەوەى شارەکە کرا.
هەر لەو مەراسیمى ساڵیادەدا نمایشێکى هونەرى تایبەت بەکارەسات و ڕاپەڕینەکە پێشکەش بەئامادەبوان کرا.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، لەلایەن لێپرسراوانى ئامادەبونى مەراسیمەکە تاجە گوڵێنەى ڕێزو وەفا لەسەر گڵکۆى شەهیدان کارەسات و ڕاپەڕینى قەڵادزێ دانرا، بەهەمان شێوە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەدانانى چەپێکى گوڵ لەسەر گڵکۆى شەهیدان بەشدارى مەراسیمەکەى کرد.
سێیەمین کونفڕانسى زانستى نێودەوڵەتى دەستیپێکرد
لەلایەکى دیکە و هەر لە قەڵادزێ، ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٢٤/٤/٢٠١٧) بەچاودێرى و ئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، محمود حاجى ساڵح وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، د. موفق خالد سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین و، ژمارەیەکى زۆر لە توێژەران و مامۆستایان و خوێندکاران، کۆلێژى پەروەردە لە قەڵادزێ (سێیەمین کونفڕانسى زانستى نێودەوڵەتى) خۆى بەدروشمى "کاریگەرى زمان و ئەدەب لەسەر بونیادى هزرى و درێژەپێدانى زانستى" دەستپێکرد.
کۆنفرانس بەپێشکەشکردنى وتارێک دەستپێکرد
لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، دواى ئەوەى ئامادەبوان بەساتێک وەستان ڕێزیان لە شەهیدان گرت، ئینجا کورتە فیلمێک بەناونیشانى (بونیاد و کارەسات و ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی) نمایشکرا، دواتریش چەند وتەیەک پێشکەشکران، لەوانە وتارى سەرۆکى لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس و، وتارى د.موفق خالید سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین، لە وتارەکانیاندا باسیان لە لایەنەکانى کۆنفرانس و کارنامەى زانکۆکە کرا بەتایبەت لە بوارى کارگێڕى و کواڵیتى و دڵنیایى جۆرى و زانستى، هەروەک سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا لە بەرامبەر هاوکاریکردنى زانکۆ بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکە.
زمان و ئەدەب تا ئیستا تیشکى ئەوتۆى نەخراوەتەسەر
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە سەرەتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە زانکۆى ڕاپەڕین کرد و وتى: بەستنى سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى گرنگى خۆى هەیە چونکە تایبەتە بەزمان و ئەدەب و کاریگەرییەکانى لەسەر بوونیادى هزرى و درێژەپێدانى زانستى، ئەوەش کارێکى زۆر گرنگە و تا ئێستا تیشکێکى ئەوتۆى نەخراوەتەسەر.
ڕاپەڕین و کارەسات بو بە وزە و هەوێنى بەهێزتربونى ڕقى پیرۆزى خەڵکى کوردستان
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەمڕۆ ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدا دەبەستین کە یادێکى کارەساتبار و ڕوداوێکى تراژیدى مێژوى بەرخودان و خەباتى گەلەکەمان بەیەکەوە، لە قەڵادزێى دوجار شەهید و هەمیشە زیندو کۆدەبینەوە، لەم ڕۆژەدا و لە (٤٣) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ڕژێمى ڕەفتار فاشیستى بەعس بەوپەڕى دڕندەیى و دور لە هەمو پێوەرێکى مرۆیى بەبۆمبى ناپاڵم شارى قەڵادزێى خەڵتانى خوێنکرد و، سەدان هاوڵاتى سیڤیل و بێتاوانى کردە قوربانى، ئەم کارەساتە ئەو ڕۆژە ڕەشەى هاوڵاتیانى شارى قەڵادزێى خەبات و کوردایەتى برینێکە کە هەمیشە لە یادەوەرى هەموماندایە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زیاتر لەبارەى ئەو رۆژە دواو وتى: ئاشکرایە بەپێیى پلانى دەسەڵاتى بەعسى لەناوچو، ئەم بۆمبارانە وەک ئەوان بیریان لێکردبوەوە دەبێتە هۆى چۆکدادانى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى خەباتى کورد و، ئەو شارەش لە شارى لانکەى شۆڕشى بەرنگارى و کوردایەتیەوە دەکاتە شارێکى ترساوى بێ جوڵەى سیاسى و ڕۆشنبیرى، بەڵام مێژوى شۆڕشى گەلى کوردستان و قوربانیەکانى و چالاکى سیاسى کوردایەتى قەڵادزێ لە قۆناخەکانى دواتردا ئەو خەیاڵ و خەونە نەگریسەى لە گۆڕنا و ، دەرکەوت خوێنى بەناهەق ڕژاوى ئەو ڕۆژە خەمبارە بو بە وزە و هەوێنى بەهێزتربونى ڕقى پیرۆزى کوردستانیان لە داگیرکەرى دڵ پڕ لە قین.
زانکۆى سلێمانى توانى لە قەڵادزێ درێژە بەکاروانى زانستخوازى خۆى بدات
دیوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم بۆمبارانکردنەى قەڵادزێ لەو ڕۆژ و سەردەمە تەنها بۆ لێدانى ئیرادەى پۆڵاینى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد و دانیشتوانى ئەم شارە پڕ لە حەماس و کوردایەتیە نەبو، بەڵکو بەتەنیشت ئەویشەوە بۆ لێدان وى کوژاندنەوەى چراى زانست و ڕۆشنبیرى بو، چونکە لەو سەردەمەدا زانکۆى سلێمانى گواسترابۆوە بۆ قەڵادزێ، کە ئەوە بۆخۆى نیشاندانى گەشەکردنى بزوتنەوەى کوردایەتى بو، هەروەها تەحدایەکى گەورەى دەسەڵاتى بەعس بو، چونکە ئەوە یەکەم جار بو زانکۆیەکى گرنگ و گەورەى وەک زانکۆى سلێمانى لە هەواى ئازاد و دور لە دەسەڵاتى داپلۆسێنەرى بەعس درێژە بەکاروانى زانستخوازى خۆى بدات.
یادى کارەساتەکانمان بەکۆنفرانس دەکەینە پەیامى زانست و ئاشتى و بەیەکەوەژیان
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە ئەرکى وەزارەتەکەى بۆ بایەخدان بەناوچەکە کرد و وتى: لە سۆنگەى ئەرکە نیشتیمانى و نەتەوەییە پیرۆزەکەماندا، وەزارەتەکەمان بەردەوام بایەخدان بەزانکۆ و خوێندنى زانستى لەم شارە ئازیزە بەپێیى توانا بەئەرکێکى نیشتیمانى و نەتەوەیى دەزانێ، سەربارى ئەرکە زانستى و ئەکادیمیەکەى، وتیشى هاوکات لەگەڵ یادى کارەساتى بۆمبارانکردنى ئەم شارە سێیەمین کۆنفرانسى زانستى لەبارەى زمان و کاریگەرییەکانى لەسەر هزر و پەرەپێدانى زانستى دەبەستێ، هیواشى خواست لە ساڵانى ئایندە بەتواناو ئاستیکى گەورەتر ئەو کۆنفرانسە ڕێکبخەن تا لەو ڕێگەیەوە نەریتى یادى کارەساتەکانمان بگۆڕین بۆ پەیامى زانست و ئاشتى و بەیەکەوەژیان، بەو شێوەیە باشترین وەفاو ڕێز لە شەهیدانى کارەساتەکان و کەس وکارى قوربانیەکان دەگرین، هەربۆیە لەم کۆنفرانسەدا لەگەل تویژینەوەکان بەزمانى شیرینى کوردى چەندین توێژینەوەش لەبارەى زمان و ئەدەبى عەرەبى پێشکەش دەکرێن، بەوەش جگە لە ئەرکە زانستى و ئەکادیمیەکە پەیامێکى سیاسى ڕونیشە بەوەى کە گەلى کورد هیچ کات بۆتە تراژیدى و کارەساتبارەکانى ناکاتە بیانو بۆ ڕق و ڕەتکردنەوەى نەتەوەکانى تر، بەڵکو لە گەرمەى ئەو یادانەشدا ئێمەى کورد دەستى برایەتى و تەبایى و بەیەکەوەژیان بۆ نەیارانى دوێنێیى خۆمان درێژ دەکەین.
خەمى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ زمان خەمێکى زانستى و ئەکادیمیە
د.یوسف گۆران بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ گرنگى زمان و لەوبارەیەوە وتى: زمان یەکێکە لە کلیلە هەرەسەرەکیەکانى زانست و زانستخوازى، لەو سۆنگەیەوە جەختکردنەوەى بەردەوامى ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا لەسەر بابەتى زمان و بایەخى زۆرمان بەڕێکخستنەوەى ئەو بوارە گرنگە لەسەرجەم کایە زانستى و مەعریفیەکاندا بەپێى ستانداردە جیهانى و ئەکادیمیەکان، بۆ ئەوەیە کە ئاستى خوێندنى باڵا بەپشتیوانى هەمولایەک بەرز بکەینەوە، هەرچەندە هەندێک جار بڕیارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بەشێوەى ناڕاست خوێندنەوەى بۆ دەکرێ، بەڵام خەمى ئێمە خەمێکى زانستى و ئەکادیمیە، هەوڵە بۆ تەریبکردنەوەى خوێندنى باڵا لەسەرجەم زانکۆکانى کوردستان بەستانداردە جیهانیەکان، ڕونیشیکردەوە ئەو کارەش لەسەرێکەوە وەفایە بۆ خوێندنى شەهیدان و قوربانیەکان، لەسەرێکى تریشەوە هاوکاریکردنى نەوەى نوێ و گەنجانى وڵاتە تا بەچەکى زانست بێنە کۆڕى خەباتى پیشکەوتنخوازى و، بەهەموان کار بۆ ئایندەیەکى باشتر بۆ کۆمەڵگەکەمان بکەین، زیاتر لەو بارەیەوە د.یوسف گۆرن ڕایگەیاند: ڕێگەى بەستنى کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، چونکە دەتوانین مەعریفەى زانستى زانکۆکانمان تێکەڵ بەسەرچاوەو میتۆدە زانستیەکانى زانکۆکانى جیهان بکەین و، لە داهاتودا زانکۆ و توێژەرەکانمان لە بەرکارەوە بۆ بەرهەمهێن بگۆڕین، وتیشى ئەو بایەخدانەى ئێمەش بەزمان لە چوارچێوەى پڕۆژەیەکى هەمەلایەنى زانستى و ئەکادیمی و نەتەوەیدایە و، لەسەریشى بەردەوام دەبین، چونکە ئێمە پێمان وایە ناوەندەکانى زانست و ئەکادیمى دەتوانن ڕۆڵى گەورە لەبەرەوپێشبردنى زمانى نەتەوەیمان ببینن و، سەرئەنجام جێ پەنجەیان لە یەکخستنى زمانى نەتەوەیمان دیار بێت، چونکە زمانى نەتەوەیمان کۆڵەگەیەکى سەرەکى شوناسى نەتەوەیمانە.
لە کۆتایشدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لەسەرۆکایەتى زانکۆى ڕاپەڕین و ستافى ڕێکخەرى کۆنفرانسەکە کرد.
زیاتر لە ١٠٠ توێژینەوە دەخرێنەڕو
دوابەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان کارنامەى کۆنفرانسەکە دەستیپێکرد، واش بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەى چەند پانێڵێکەوە زیاتر لە (١١٠) توێژینەوە لە بوارەکانى زمان و ئەدەبى کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى لەلایەن زیاتر لە (١٤٠) توێژەرى ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەوە دەخرێنەڕو.
دوەمین فێستیڤاڵى پەیمانگەى قەڵادزێى ناحکومى بۆ زانستەکانى کۆمپیوتەر کرایەوە
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیدا بۆ قەڵادزێ، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوەمین فێستیڤاڵى (پەیمانگەى قەڵادزێى ناحکومى بۆ زانستەکانى کۆمپیوتەر)ى بەسەرکردەوە، کە بەدروشمى (مەرگەساتى ٢٤-٤ قەڵادزێى چەند جار شەهید دەکەینە داینەمۆ و هەوێنى بونیادى نەوەیەکى هۆشیار بەتەکنەلۆژیا و زانیارى سەردەم) لە هۆڵى کۆلێژى پەروەردەى