وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی مژدەى دەستبەکاربونى بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشینى ڕایگەیاند: بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەى (زێڤا)ى ئەڵمانى جێبەجێ ده‌كرێت، د.یوسف گۆران وتیشی: ئەم بۆردە دەبێتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی سەربەخۆ، کار بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی گشتی پرۆسەی دڵنیایی جۆری لە دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا لە کوردستان و، ئامادەکردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی ده‌كات.
- مه‌راسیمه‌كه له دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌ڕێوه‌چو
ئه‌م وتانه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له میانه‌ی ئه‌و مەراسیمی ڕێزلێنانەدا هات كه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لەبەرامبەر بەدەستهێنانی بڕوانامەی متمانەی نێودەوڵەتی (ASIC) بۆ زانکۆی کوردستان/هەولێر ڕێكیخستبو، کە ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه ڕێکەوتى 18\2\2019 له‌هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانس له‌دیوانی وه‌زاره‌ت به ئاماده‌بونی ڕاوێژكار و سه‌رۆكی زانكۆ حكومی و تایبه‌تییه‌كان و بەڕێوەبەرانى گشتی و کاربەدەستانى وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بەڕێوەچو.
- بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی مانای بنیادنان و پەرەپێدانی کواڵیتیە
له‌میانەی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌كیشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی (بەدەستهێنانی بڕوانامەی متمانەی ننێودەوڵەتی بۆ زانکۆی کوردستان- هەولێر) لەگەڵتاندا به‌شدارم، وتیشی: بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی مانای بنیادنان و پەرەپێدانی کواڵیتیە لەبەر رۆشنایی ستاندارد و پێوەری زانستی نێودەوڵەتی، د. یوسف گۆران وتیشی: ئەمرۆ بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە زانکۆی کوردستان هەولێر توانی بەسەرکەوتویی بڕوانامەی متمانەی نێودەوڵەتی لەلایەن دامەزراوەی (Accreditation service for international Colleges) ناسراو بە (ASIC) بەدەست بهێنێت. ڕونیشی كرده‌وه كه (ASIC) یەکێکە لە دامەزراوە جیهانییە بە ناوبانگەگانی تایبەت بە بەخشینی متمانەی نێودەوڵەتی بە زانکۆ و کۆلێج و دامەزراوە پەروەردەییەکان، لە ئێستادا لە سەر ئاستی زیاتر لە (٦٠) وڵاتی دونیا کارەکانیان ئەنجام دەدەن و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دامەزراوەکانی متمانەی نێودەوڵەتی ئەمەریکا و ئەوروپا هەیە و تەرکیزیان لەسەر پێدانی متمانەی دامەزراوەییە.
- دەستخۆشی لە ستافی زانکۆی كوردستان كرا
له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زانكۆی كوردستان وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشكرایكرد: كه بڕوانامەی متمانەی نێودەوڵەتی بە زانکۆی کوردستان شەش بواری گرنگ دەگرێتەوە بوارەکانیش بریتین لە (ژێرخانی زانکۆ و تەندروستی و سەلامەتی، پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و گەیاندنی کۆرسەکان، خۆشگوزەرانی قوتابیان و خوێندکاران، بەڕێوەبردنی توانامرۆییەکان، پەرەپێدانی دڵنیایی جۆری، پرۆسەی مارکێتینگ و وەرگرتنی خوێندکاران). زیاتر وتیشی: بێگومان ئەم بڕوانامەیە دەچێتە چوارچێوەی متمانەی دامەزراوەییەوە، ئێمە هیوادارین ئه‌م زانکۆیه لە هەنگاوەکانی ئایندەیدا کار بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ هەمو پرۆگرامەکانی خوێندن بکات، دەستخۆشیشی لە سەرۆکی زانکۆ و تیمی سەرۆکایەتی و مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆی کوردستان كرد له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و متمانه نێوده‌وڵه‌تییه، و پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیانیشى بۆ دوپات كردنه‌وه.
- بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی دو هه‌نگاوی گرنگ جێبەجێ کراوە
هه‌ر لهوتهكانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌ی ڕونكرده‌وه كه بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی (هەم متمانەی دامەزراوەیی و هەم متمانەی پرۆگرامەکانی خوێندن) لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتەکەمان بوە، لەم پێناوەشدا دو هەنگاوی کرداریمان ناوە، له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانیش وتی: هەنگاوی یەکەممان بریتییە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی بۆڵۆنیا لە بەشێکی زۆری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی بۆڵۆنیا بریتییە لە کۆمەڵێک گرێبەست و لێکگەیشتنی زانستی لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا بۆ مەبەستی ستانداردکردنی کواڵیتی و گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لەو وڵاتانە. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه: ئەم پرۆسەیە گەلێک لایەنی گرنگی خوێندنی باڵای لەخۆگرتوه، بەتایبەت یەکخستنی چوارچێوەی بڕوانامەکان و تێگەیشتن لە ئاست و کواڵیتی ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکان‌دا دەدرێن لەبەر ڕۆشنایی دەرئەنجامەکانی پرۆسەی خوێندن و فێربون و یەکخستنی سیستمی کرێدت لە چوارچێوەی سیستمی (ECTS)و پلەبەندی بازنەی بڕوانامەکانی خوێندن و هەماهەنگی لە دانانی بنەماکانی دڵنیایی جۆری لە پرۆسەی خوێندنی زانکۆیی، ئەم پرۆسەیەش زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نیودەوڵەتی دەبات و ڕێگاخۆشکەر دەبێت لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆکانمان.
هاوكات د.یوسف گۆران هه‌ر سه‌باره‌ت به هه‌نگاوی یه‌كه‌م وتی: دوای چوار ساڵ لە کاری بەردەوام لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا بە شانازییەوە تێگەیشتنی قوڵ دەربارەی پرۆسەی بۆڵۆنیا دروست بوە و ژمارەیەک لە زانکۆکانی کوردستانیش بە شێوەیەکی پراکتیکی دەستیان بەجێبەجێکردنی کردوەو کۆمەڵێک کادیری ئەکادیمی گەنج و خوێنگەرم بونەتە بۆڵۆنیا ئیکسپێرت و ژیانی خۆیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە تەرخان کردوە.
- بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین کەوتە بوارى جێبەجێ کردن
سه‌باره‌ت به هه‌نگاوی دوه‌میش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: هەنگاوی دوەممان بریتییە لە جێبەجێکردنی پرۆژەی دامەزراندنی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین بەهەماهەنگی لەگەڵ (دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا. وتیشی: بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین دەبێتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی سەربەخۆ، کار دەکات بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی گشتی پرۆسەی دڵنیایی جۆری لە دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، ئەم بۆردە بەهەماهەنگی و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دامەزراوەی زێڤا کاردەکات بۆ ئەوەی هەمو پرۆگرامەکانی خوێندن لە هەمو زانکۆکانی کوردستان بتوانن متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن و بەتەواوەتی بچنە چوارچێوەی ستانداردە جیهانییەکانەوە. ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەش دامەزراوەی زێڤا لە ڕێگای تیمی نێودەوڵەتییەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن و دواتریش هەر خۆیان پرۆسەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی ڕێک دەخەن.
د.یوسف گۆران له میانه‌ی وته‌كه‌یدا مژده‌ی ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشینی ڕاگه‌یاند كه خۆی له چوار قۆناغی سه‌ره‌كی ده‌بینێته‌وه: قۆناغی یەکەم: بریتی دەبێت لە پێکهێنانی بۆردی نیشتیمانی متمانەبەخشین و دەستنیشانکردنی ئەندامەکانی، کە بریتی دەبن لە پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەسەرپەرشتی دامەزراوەی زێڤا ڕاهێنانیان پێدەکرێت. قۆناغی دوەمیش، بۆردی متمانەبەخشین چوارچێوەی نیشتیمانی پرۆسەی دڵنیایی جۆری خوێندن و فێرکردن دادەڕێژنەوە.
سه‌باره‌ت به قۆناغی سێیه‌میش د.یوسف گۆران وتی: قۆناغی سێهەم بریتییە لە پەرەپێدانی توانامرۆییەکان و پێکهێنانی تیمەکانی هەڵسەنگاندن و وردبینی. قۆناغی چوارهەمیش بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی یەکەمین بازنەی بەخشینی متمانەی نێودەوڵەتی.
وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتیشی:ئەم پرۆژەیە هەمو زانکۆکانی کوردستان دەگرێتەوە و متمانەی دامەزراوەیی و متمانەی پرۆگرامەکانیش لەخۆ دەگرێت، ئێمە پلانمان هەیە کە تا ساڵی ٢٠٢٣ لەڕێگای ئەم دەزگا نیشتیمانییەو بەهاوکاری دامەزراوەی زێڤای ئەڵمانی هیچ زانکۆیەک و هیچ پرۆگرامێکی خوێندن نەمێنێت کە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێنابێت.
ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كه: بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و ئاستی پرۆسەی خوێندن دەگەیەنێتە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی و کارایی لەسەر کۆی پرۆسەی خوێندن و ئاستی زانستی و کارامەییەکانی دەرچوانی زانکۆکانمان دەبێت و دەرفەتەکانی دەستکەوتنی کار و توانای کارسازی دەرچوانمان فراوانتر دەکات، زیاتر وتیشی: لەم پرۆسەیەدا داواکارم هەمو مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و فەرمانبەرانی زانکۆکانمان بەشدار بن لە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە، ئێمە بروامان وایە سەرکەوتن لە پرۆسەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بەشداری هەمو توێژەکانی نێو زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای پیویستە.
له‌كۆتایی وته‌كه‌شیدا د.یوسف گۆران دەستخۆشی لە زانکۆی کوردستان كرد، و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی زیاتری بۆ خواستن، وتیشی: هیوامان وایە پێکەوە بتوانین پرۆسەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی لە هەمو زانکۆکانی کوردستان جێبەجێ بکەین.
- زانكۆی كوردستان سوپاسی وهزارەتى خوێندنی بالا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دەکات
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه د.شه‌ماڵ ڕه‌شید موختار سه‌رۆكی زانكۆی كوردستان- هه‌ولێر له‌میانی پێشكه‌ش كردنی وته‌یه‌كدا سوپاسی وه‌زیری خوێندنی بالا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ستافی وه‌زاره‌تی كرد بۆ ڕێكخستنی ئه‌و مه‌راسیمه و هاندان و پشتیوانی به‌رده‌وامی زانكۆكه‌یان، وتیشی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ستراتیژیه‌ت و دیدگای زۆر چاكی ئه‌نجامداوه، ئه‌گه‌رچی ڕێگاكان بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كان دو‌ریش بن، به‌ڵام هه‌وڵی ئێمه و پشتیوانی وه‌زاره‌ت ده‌مانگه‌یه‌نێت به ئامانجه‌كان هەر لە وتەکەیدا سەرۆکى زانکۆى کوردستان – هەولێر – کورتەیەکى لەبارەى شێواز و پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکەیان و دواین هەنگاو و پلانى زانکۆکەیان خستەڕو.
- سیمینارێك ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌ش كرا
له كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا، د.جه‌مال ئه‌مین سیمینارێكی ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زانكۆكه‌یان پێشكه‌ش كرد، كه تیایدا پوخته‌ی كار و هه‌نگاوه‌كانی زانكۆی كوردستان – هه‌ولێری بۆ ئه‌مه شیكرده‌وه.