دوای ئەوەی لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەی بە نێودەوڵەتیکردنی زمان و ئەدەبی کوردی پەسەندکرا، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەستیپێکرد.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتی (15/3/2017) بەسەرپەرشتی د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دیوانی وەزارەت کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو، لەو کۆبونەوەیەدا کە د. جوان جەلال بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی ئامادەیبون تاوتوێی لایەنەکانی پڕۆژەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی کرا.
بۆ ئەوەش لەسەرەتادا دکتۆر ئامانج سەعید کورتەیەکی لەبارەی بیرۆکەى پڕۆژەکە خستەڕو وتی: پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنى زمانى و ئەدەبى کوردى یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان، کە ماوەیەکى زۆرە لە وەزارەت کارى لەسەر دەکەین و، لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت-یش پەسندکرا، ئاشکراشیکرد پڕۆژەکە تایبەتە بەدابینکردنى ژمارەیەک کورسی ساڵانەى خوێندن بۆ (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا و پۆست دکتۆرا) بۆ زمان و ئەدەب و سیاسەت و مێژوو کەلتورى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى، ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانیی وەزارەتەکەمانە بۆ دابینکردنى زەمالەى خوێندنى کوردى بۆ خەڵکى بیانى بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێنن، هەربۆیە وەزارەتەکەمان سەرجەم تێچوی خوێندنى ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ، د.ئامانج سەعید جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە هاتنى خوێندکار و ستافی نێودەوڵەتی بۆ خوێندنی زمان و ئەدەب و سۆسۆلۆژیای کوردی بۆ زانکۆکانی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە فاکتەرێکى گرنگ بۆ بەشداریپێکردنى خوێندکاران و توێژەرى بیانى لە پڕۆسەى گەشەپێدانى زیاترى توێژینەوە لە بوارەکانى (کەلتور و کەلەپور، زمان و ئەدەب، مێژو سیاسەت)ى کوردی، ئەوەش بۆ داهاتوی نەتەوەکەمان گرنگى خۆى هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو خوێندکارانەى کە دێنە کوردستان و لە زانکۆکانمان هەم لە ڕوى زانستیەوە بەشدارییان دەبێت، هەم لە داهاتودا دەبنە نمایندەی نەتەوەکەمان لەو شوێن و وڵاتەى کە لێوەی هاتون، لەهەمان کاتدا ئەم پڕۆژەیە دەرفەتى توێژینەوە و کارى هاوبەش لە نێوان زانکۆکانى کوردستان و ناوەندە ئەکادیمیەکانى دەرەوەى وڵات دەڕەخسێنى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە و پڕۆژەى هاوبەش لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و مامۆستایان.
ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشى ڕاگەیاند: تێکەڵبونی کەلتوری نەتەوەکان و ئاڵوگۆڕی زانستی و، ئەنجامدانی توێژینەوە بە گروپی ڕەنگاورەنگ وەک لە ئەزموونی دنیا دەرکەوتوە ئەنجامی باشی هەبوە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت بگەین بەو ئامانجە و بتوانین لەو ڕێگەیەوە خزمەتێکی باشتر بە زمان و ئەدەبی کوردی بکەین و گەشەی زیاتری پێبدەین و دەنگمان بگاتە دنیا.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ئامادەبوان بەگرنگیەوە لە پڕۆژەکەیان ڕوانی و، بەخەمخۆریەکی گەورە بۆ خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی لە قەڵەمیاندا، هەروەک بە یەکەم هەنگاوى لەو جۆرە ئەژماریان کرد، کە تا ئێستا بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی زمان و ئەدەبی کوردی نرابێت.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی ناوی پرۆژەکە و ژمارەی کورسیەکان بۆ خوێندنی (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا و پۆست دکتۆرا) کرا، هەروەک دەستنیشانکردنی میکانزم و ڕێکارەکانى چۆنیەتی گەیاندنی ئەو زەمالەیە بە خوێندکاران و ئارەزومەندان لە سەرانسەری دنیا قسەی لەبارەوە کراو کۆمەڵێک پێشنیاز گەڵاڵەکران.
لە کۆتایشدا کۆبونەوەکە، گەیشتە چەند بڕیارێکى گرنگ لەبارەى میکانزم و هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە، لە هەمانکاتدا کۆبونەوەکە بڕیارى ئەوەشیدا پڕۆژەکە لە ساڵی خوێندنی (2017-2018) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.