لە پرۆسەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى ڕەچاوى بنەماکانى هەلى یەکسان، شەفافیەت و دادپەروەرى کراوە

وه‌زیری خوێندنی باڵا هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كانی توانستی زانستی به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە پرۆسەکانى پێشبڕکێ و وەرگرتن لە خوێندنى باڵا دور لە هەمو دەستکارى و پێشێلکاریەک ڕەچاوى بنەماکانى هەلى یەکسان و شەفافیەت و دادەپەروەرى کۆمەڵایەتى کراوە، بۆیە وتى: بەوردى کار بۆ پاراستنى ئەم پرۆسە زانستیە لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى ڕێنماییە بەردەستە کارپێکراوەکان کراوە.

ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (١٠/٢/٢٠٢٠) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى سەردانى زانکۆى سلێمانى، بەیاوەرى سەرۆکى زانکۆ هۆڵى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى خوێندنى باڵاى دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى، ماستەر و دکتۆراى بەسەرکردەوە، کە ئەمڕۆ لە (١٥) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان (١١,٢٤٢) پێشکەشکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى کرد. بەجۆرێک لەم ژمارەیەدا (١٥٠٥) پێشکەشکار بۆ دبلۆمى باڵا و، (٧٣٤٣) پێشکەشکار بۆ ماستەرو، (٢٣٩٤) پێشکەشکار بۆ دکتۆار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکان کردوە.

لەبەسەرکردنەوەى هۆڵى تاقیکردنەوەکانیشدا، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: دواى چوار ساڵ چاوەڕوانى خوازیاران و پێشکەشکاران بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، و ئامادەکردن و ڕاگەیاندنى ڕێنماییەکان و کردنەوەى دەرگاى پێشکەشکردن، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵیەوە پرۆسەى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان بۆ دبلۆمى باڵا و ماستەرو دکتۆرا بەسەرکەوتوى بەڕێوەچو.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: کردنەوەى خوێندنى باڵا لەم قۆناخەدا بۆ هەرێمى کوردستان لە دواى پرۆژەى تواناسازى، یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانى هەرێمەکەمان بۆ پێگەیاندنى فێرخوازان، وتیشى: لە پرۆسەکانى پێشبڕکێ و وەرگرتن دور لە هەمو دەستکارى و  پێشێلکاریەک ڕەچاوى بنەماکانى هەلى یەکسان و شەفافیەت و دادەپەروەرى کۆمەڵایەتى کراوە، بۆیە بەوردى کار بۆ پاراستنى پڕۆسەکە کراوە ئەویش لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى ڕێنماییە  کارپێکراوەکان.

هەر لە میانى بەسەرکردنەوەى زانکۆى سلێمانى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ سەرۆک و یاریدەدەر و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى سلێمانى کۆبۆوە. لە کۆبونەوەکەدا کە سەرۆکى دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و لێکۆڵینەوە زانستى و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، د. ڕەزا حەسەن بەناوى ئەنجومەنى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەتى کردو ئامانجى بەشدارى لە کۆبونەوەکە خستەڕو کە بریتیە لە نزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى تاقیکردنەوەکانى توانستى زانستى خوێندنى باڵا و پرسە زانستییەکان.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد ڕایگەیاند: مەبەست لە سەردان و بەسەرکردنەوەى زانکۆى سلێمانى لە نزیکەوە بەسەرکردنەوەى پرۆسەى تاقیکردنەوەکان و ئاگاداربونە لە پرۆژە و کارە زانستییەکانى زانکۆ و گوێگرتن لە کێشەو گرفت و پێشنیازەکان بۆ زیاتر پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆ.