وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەسەردانێکى ڕەسمى گەیشتە ئوردون و، چەند دیدار و کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا و، چەند بڕیارێکى گرنگیشیاندا.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٥/ ١٠ /٢٠١٦) د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە شاری (عەمان) ی پایتەختی ئوردون لەگەڵ (د. عادل الطویسی) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وڵاتی ئوردون بەگەرمى پێشوازیلێکرا.
لەم دیدارێکدا، کە بەئامادەبونى د. ئامانج عبداللە سعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا بەڕێوەچو، هەردوولا تەئکیدیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگیی زانستی و ئەکادیمی نێوانیان کردەوە، بە تایبەت لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و مامۆستایان و ڕەخساندنی دەرفەتی ئەنجامدانی کار و توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی هەردو وڵات.
هەر لە چوارچێوەى گفتوگۆکانى ئەو دیدارەدا بڕیار درا لێژنەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی پێک بهێنرێت بۆ مەبەستی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بوارەکانی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و ڕیزبەندی زانکۆکان، هاوکات بڕیار درا لە ڕێگەی لێژنە هاوبەشەکانەوە میکانیزمی گونجاو بۆ بەڕەسمی ناساندن و داپێدانانی زانکۆکانی هەردولا دابڕێژرێت.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا سبەى پێنچ شەممە ڕێکەوتی( ٢٧/١٠/٢٠١٦) یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەت بۆ ڕێکخستنن و گەشەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هەردولا ئیمزا بکرێت.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا د. یوسف گۆران تیشکی خستەسەر هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت هەنگاوەکانی وەزارەت لە بواری دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و ڕیزبەندیی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئاماژەی بە کۆنفرانسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژنەوەی زانستیی و وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و تایبەت دەبێت بە گفتوگۆی زانستیی دەربارەی پەرەپێدانی بیری میانڕەوی و تۆلەرانس و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازی، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران بەڕەسمى بانگهێشتى (د. عادل الطویسی) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وڵاتی ئوردونى کرد بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە، هەروەک داواشیکرد لە ڕێگەی وەزارەتەکەیانەوە ژمارەیەک لە توێژەری دیاری زانکۆکانی ئوردون لەو بوارە بانگهێشت بکەن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە.
لە بەرامبەردا (د. عادل الطویسی) بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتنامەکەى وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستانی پەسند کرد و، بە گرنگییەوە باسی لە کاریگەری ئەو جۆرە کۆنفرانسە کرد و، وتى: وڵاتی ئوردون ئەزمونێکی دەوڵەمەنی لە ڕوبەڕوبونەوەی تێرۆر و بیری توندڕەوی هەیە، ئەوەشى ڕونکردەوە کە پێشتر ئەندامی لێژنەیەکی نیشتیمانی بون بۆ ئامادەکردنی (بەڵگەنامەیەکی نیشتیمانی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تێرۆر و توندڕەوی لە وڵاتی ئوردون)، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە ژمارەیەک لە توێژەوەی کارای ئەو بوارە بپاڵێون بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی پەرەپێدانی بیری میانڕەوەی لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا بۆ وڵاتى ئوردون هەمان ڕۆژ د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی کۆمسیۆنی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئوردونی کرد و، بەگەرمى لەلایەن (پرۆفیسۆر بشیر خلیفە الزعبی) سەرۆکی کۆمسیۆنەکە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونى د. ئامانج عبداللە سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و، د. نەژدەت ئاکرێی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە دیوانی وەزارەت و، د. کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچو، بەوردی باس لە میکانیزمی کارکردنی کۆمسیۆنی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئوردون کرا، کە وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کاری چاودێریکردنی کواڵیتی و بەخشینی متمانە بە زانکۆ و پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ئەستۆ دەگرێت.
بۆ ئەوەش (پرۆفیسۆر بشیر خلیفە الزعبی) بە گرنگیەوە لە سەرکەوتنی پڕۆسەی ریزبەندی نیشتیمانى زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی ڕوانی و، وتى: کۆمسیۆنەکەمان لە ئێستادا کار بۆ ئەنجامدانی ڕیزبەندی زانکۆکانی وڵاتی ئوردون دەکات، کە بڕیارە لە ئایندەی نزیکدا پڕۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر لەو دیدارەدا و، لەسەر پیشنیازی د. یوسف گۆران بڕیار درا، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمسیۆنی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆری هەماهەنگیی بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو شارەزایی لە بوارەکانی متمانە بەخشین و دڵنیایی جۆری و ڕیزبەندی نیشتیمانی و، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ئاکامەکانی پڕۆسەی فێرکردن لە زانکۆکان.