دواى پێداچوونەوە بە تانەو ناڕەزایى خوێندکاران و، ڕەچاوکردنى کۆنمرەکانیان بۆ ساڵی خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)، خوێندكارانى دوانزەی ئامادەیی لە سەعات (٤) ى ئێوارەى سبەینێ ڕۆژى یەکشەممە بەدواوە دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سهرجهم ئەو خوێندکار/ قوتابیانەى کە کۆنمرەکانیان بۆ بەشى زانستى دهگاته (٤٤١) و ، بۆ بەشى وێژەى دهگاته (٤٤١,١٧) و سەروتر كه پێشتر بەهۆی هەڵەو كەمی هەڵبژاردن لەكاتی پڕكردنەوەی فۆرمی (زانكۆلاین) ناویان له هیچ شوێنێك نەهاتبوهوه، دواى هەوڵ و ماندوبونێکى زۆرى ستافى ناوەندى وەرگرتن لە وەزارەتەکەمان و، تێکڕاى کارمەندانى وەزارەت و زانکۆکان، بۆ پێداچوونەوە بە تانەو ناڕزایى خوێندکاران، توانرا بەڕەچاوکردنى کۆنمرەکانیان لە کۆلێژ و پەیمانگەکان دابەشبکرێن و سهرجهمیان وهربگیرێن.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى بۆ ئەم مەبەستە خوێندكارانى دوانزەی ئامادەیی دەتوانن لە سبەى یەکشەممە، ڕێكەوتی (٢٠/١٢/٢٠١٥) لە سەعات (٤)ی ئێوارە بەدواوە، لەڕێگەی وێب سایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ بڕكردبوەو، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.
وتیشى لەکاتى بوونى هەر ناڕەزاییەک لەلایەن خوێندکاران/ قوتابیان دەربارەى وەرگرتنیان، دەتوانن سەردانى ئەو بەش و کۆلێژو پەیمانگەیانە بکەن کە لێى وەرگیراون بۆ ئەوەى ناڕەزاییەکانیان پێداچونەوەى بۆ بکرێت.