وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەپێناو پاراستنى سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیان، ئەنجومەنى وەزارەت هەڵمەتى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت و تیمە زانستیەکانى زانکۆکانیش هاوکار دەبن بۆ هۆشیارى تەندروستى، ڕاوێژى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوە.
ئەم بڕیارەى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٠) لە میانى سەرپەرشتى کردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت هات کە بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى لە زانکۆکان بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر لە وتەیەکدا ئامانجى سەرەکى کۆبونەوەکەى خستەڕو کە بریتیە لە داڕشتنى میکانزمى پێویست بۆ چۆنیەتى ڕوبەڕوبونەوى ڤایرۆسى کۆرۆنا و چۆنیەتى بەشدارى دامودەزگاو دامەزراوە زانستیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بۆ پشتیوانیکردنى وەزارەتى تەندروستى لە ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: ناوەندە زانستى و پزیشکییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان، بەشدارى کاراو گرنگ لەم هەڵمەتە دەبینین بە تایبەتى بۆ ڕاگەیاندنى هەڵمەتى خۆپاراستن بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
ئەنجومەنی وەزارەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر دو ئاست چەند بڕیارێکى دەرکرد:
- پێکهێنانى ژورى عەمەلیاتى سەرەکى لەسەر ئاستى وەزارەت، بەسەرۆکایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکارى وەزیر و سەرۆکى بۆردى کوردستانى و سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و ڕاگرى کۆلێجە پزیشکییەکانى زانکۆکان.
- دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لەهەمو شارەکان لێژنەى هاوبەش پێکدەهێنن لە کۆلێجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەکان.
- هەمو توانا مرۆییەکانى زانکۆکانمان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانمان پشتیوانى وەزارەتى تەندروستى و دامودەزگاکانى تەندروستى دەبن.
- ئەو تیمانەى لە ئاستى شارەکان پێکدێن هاوکار دەبن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەى نەخۆشیەکەو پلانى چارەسەرو ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژ و ڕاپۆرتى بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى.
- هەمو ژێرخانى زانستى کۆلیجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و سێنتەرەکانى توێژینەوە لە خزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن، بە تایبەت ئەو ئامێر و تەکنەلۆجیایانەى کە بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکە سودیان لێوەردەگیرێت.
- کۆمەڵانى خەڵک دڵنیا دەکەین کە خوێندنى باڵا پشتیوانى تەواو دەبێت پێکەوە دەتوانین لەم کارەدا سەرکەوتو بین.
هەر لە کۆبونەوەکەدا لەلایەن هەریەک لە سەرۆک زانکۆ و ئامادەبوان و ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى لە زانکۆکانى کوردستان لەڕێگەى پریزینتەیشن و خستنەڕوى ڕێـنمایى چەند پێشنیازێک بۆ ناوەندەکانى خوێندن خرایەڕو و بڕیاردرا بخرێنە بەرنامەى کارى تیمەکانى وەزارەتەوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران کرا بۆ ڕاگەیاندنى هەڵمەتى نیشتمانى ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناو چەند بڕیارێک دەربارەی پلان و هەنگاو و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەدان بە پشوى ناوەندەکانى خوێندن کە لە زانکۆ و پەیمانگە (حکومى و تایبەتەکان) بەم شێوەیە دەبێت:
- لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە ڕێکەوتى (29-2-2020) پشو دەبێت تاکو ڕێکەوتى (1-4-2020) خوێندن دەستپێدەکاتەوە.
- پشوەکە تایبەتە بە ڕاگرتنى پرۆسەى خوێندن و تەنها خوێندکاران/قوتابیان دەگرێتەوە، واتە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دامودەزگاکانى وەزارەت و زانکۆکان ناگرێتەوە.
دوا بەدواى تەواوبونى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنى ژورى عەمەلیات و میکانیزمەکانى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا خستەڕو.