وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران و نوێنەرى زانکۆى تارانى پزیشکى، بەهێزکردنى پەیوەندییەکان و کردنەوەى دو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لەهەرێمى کوردستان تاوتوێدەکەن.
تاوتوێکردنى ئەم تەوەرانە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٩/١١/٢٠١٩) لەمیانى پێشوازیکردنى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هات لە نصراللە رشنودى سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێرو وەفدێکى زانکۆى تارانى پزیشکى، لە دیدارەکەدا ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر ڕایگەیاند: وەک کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ بەهێزکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێم و وڵاتى ئێران. وتیشى: لەڕابردو زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەبوە، مەبەستمانە ئەم بەرەو پێشچون و هاوکاریانەمان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆرى زیاترى مامۆستاو خوێندکار و راهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ببەین.
سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر دوپاتیشیکردەوە لەم سەردانەماندا مەبەستمانە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دو لقى زانکۆى تارانى پزیشکى لە هەرێمى کوردستان بکەینەوە کە بەشەکانى پزیشکى گشتى و دەرمانسازى و تەندروستى و کۆمەڵ و پەرستارى و مامانى لە خۆدەگرێت.
لەلایەن خۆشیەوە نوێنەرى زانکۆى تارانى پزیشکى لەوتەیەکدا تیشکى خستە سەر پرۆژەکەو وتى: ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەى لقى زانکۆ دەبێت و هەمان سیستمى بەڕێوەبردن و کوالێتى و ستانداردى زانکۆى دایک تیادا پیادە دەکرێت.
لەبەرامبەردا د. ئارام محمد قادر دواى بەخێرهێنان و دەربڕینى خۆشحاڵى بە دیدارەکە، ڕایگەیاند: خوێندنى پزیشکى لە زانکۆى تاران لە ئاستێکى بەرزدایەو پێگەى خۆى لە بوارى پزیشکى هەیە، کردنەوەى دو لقى زانکۆکە لە هەرێمى کوردستان جێگەى خۆشحاڵیمانەو پشتیوانى دەکەین، ئەویش لە چوارچێوەى جێبەجێ کردنى مەرج و ڕێنماییەکانى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین لە وەزارەتەکەمان مامەڵەى لەگەڵدا دەکەین، وتیشى: لەگەڵ ستافى وەزارەت هاوکارو هەماهەنگتان دەبین بۆ سەرخستنى پرۆژەکەتان.
وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى ئێران لە ئاستێکى باشدایەو دەمانەوێت هاوکارى و هەماهەنگیمان لەبوارى خوێندنى باڵا و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى زیاتر پەرەپێبدەین.