ئەنجامى وەرگرتنى خویندکاران لە زانکۆکانى کوردستان ڕاگەیندرا

وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆ ڕاگه‌یندرا

بۆ ساڵی خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دا (28609) خوێندكار وەرگیران.

 

وه‌رگیراوان به‌ژماره‌

د.خەتاب شێخانى سەرۆکى لێژنەى باڵاى وەرگرتن لە وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەییدا ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕاگەیاندو وتی: وەزارەتەکەمان ماوەیەكە بەچڕی و ورد كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات، وتیشی ئەمساڵ دەرچوانى خولى يەکەم و دوەمى قۆناخى (١٢)ی‌ ئامادەیی لە یەک کاتدا بەسیستمەکانى (زانکۆلاین, ڕاستەوخۆ بەکریدیت, پارالێل و ئیواران) (54042) ده‌رچوی پۆلی دوانزه‌ فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كرد، لە ئەنجامدا ( 28609) خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) له‌ ئیستا وەرگیران، به‌وه‌ش ڕێژه‌ی وه‌رگرتن بریتیه‌ له‌ (53%)ه‌، به‌ڵام به‌هۆی پڕكردنه‌وه‌ی كورسیه‌ به‌تاڵه‌كان ڕێژه‌كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ (60%) و، كه‌مترین كۆنمره‌ی وه‌رگیراو بریتیه‌ له‌ (60،143)یه‌.

 

گۆڕانكارییه‌كان ناوندی وه‌رگرتن ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌یان به‌دیهێناوه‌

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكاری و چاكسازییانه‌ی له‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن كراوه‌، ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ به‌دیهاتوه‌، بۆ نمونه‌ بۆ یه‌كه‌مین ساڵه‌ كه‌ له‌ زانكۆكانی كوردستان (680) خوێندكار له‌ كۆلێژه‌كانی پزیشكی گشتی وه‌رگیراون و، كۆنمره‌ی وه‌رگرتنیش له‌و كۆلێژانه‌ دابه‌زیوه‌‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی دوو كۆلێژی پزیشكی نوێ له‌ زانكۆكانی (گه‌رمیان و زاخۆ)، هه‌روه‌ك فراوانكردنی سیستمه‌كانی وه‌رگرتن و گۆڕانكاری له‌ پڕۆگرامه‌كانی خوێندن و گه‌شه‌پێدانیان چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌ بون بۆ به‌ده‌یهێنانی ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ كۆلێژ و به‌شه‌ زانستیه‌كانی دیكه‌ش له‌ ڕوی چه‌ندایه‌تی چۆنایه‌تیه‌وه‌ ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ به‌دیهاتون.

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ چاكسازییه‌كانی ناوه‌ندی وه‌رگرتن به‌رده‌وام ده‌بێ

د.خەتاب شێخانى هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەیەدا, کە ئەمرۆ پێنچ شەممە, ڕێکەوتى (١١/١٠/٢٠١٨) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو, پیرۆزبابی له‌ وه‌رگیراوان و كه‌سوكاریان كرد، هه‌روه‌ك سوپاسی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و، ڕێكخراوه‌ قوتابی و خوێندكاریه‌كانیشی كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ی پڕۆسه‌ی سیستمه‌كانی وه‌رگرتن هاوكار و هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بون، ئەوەشى ڕاگەیاند: به‌راورد به‌ساڵانی ڕابردو ئه‌مساڵ به‌نزیكه‌ی مانگێك زوتر ناوی وه‌رگیراوانمان له‌ زانكۆكان ڕاده‌گه‌ێنین، وتیشی ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و چاكسازییانه‌ دێ كه‌ وه‌زاره‌ت له‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتنی خوێندكاران ده‌یكات، ئاشكراشیكرد كه‌ وه‌زاره‌ت به‌رنامه‌ی هه‌یه‌ ساڵی داهاتو زوتر ناوی وه‌رگیراوان ڕابگه‌ێندرێ، به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ره‌تایی مانگی (9) ده‌ست به‌خوێندن بكه‌ن، د.خه‌تاب شێخانی وتی: به‌هۆی ئه‌و چاكسازیانه‌ی وه‌زاره‌ت له‌ ماوه‌ی ڕابردودا ئه‌نجامیداوه‌ كۆنمره‌ی وه‌رگرتن كه‌م بۆته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ دێته‌وه‌ سه‌ر ڕیچكه‌ ڕاسته‌كه‌ی خۆی.

 

كاتی دۆزینه‌وه‌ی شوێنی وه‌رگرتن له‌ زانكۆكان

سه‌رۆكی لێژنه‌ی باڵای وه‌رگرتن دەرچوانى پۆلى دوانزەی ئامادەیی ئاگادار كرد، كه‌ سبەى هەینى، ڕێكەوتی (١٢/١٠/٢٠١٨) لە سەعات (١٠)ی بەیانی بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی(www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمەکانیان پێ‌ بڕكردبوەو، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.

 

ئه‌وانه‌ی نمره‌یان به‌رزه‌ و ناویان نه‌هاتۆته‌وه‌

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌ش ڕاده‌گه‌ێنێ، كه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌رچوی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی، كه‌ ژماره‌یان (860) ده‌رچوه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ (50) شوێنیان له‌ فۆرمه‌كانی پێشكه‌شكردن له‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن پركردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی لیستی شوێنه‌كانیان ڕه‌وانه‌ نه‌كردوه‌ (Submit)، بۆیه‌ ناویان له‌ هیچ شوێنێك نه‌هاتۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌رچوانه‌ی هاوشێوه‌ی نمره‌كانیان وه‌رگیراوه و‌، (50) شوێنیان له‌ فۆرمه‌كانی پێشكه‌شكردن له‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن پركردۆته‌وه، به‌ڵام ناویان له‌ هیچ شوێنێك نه‌هاتۆته‌وه‌، ده‌توانن ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (14/10) سه‌ردانی دیوانی وه‌زاره‌ت/به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندی وه‌رگرتن بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانیان یه‌كلای بكه‌نه‌وه‌ و  چاره‌سه‌ر بكرێ، به‌شێوه‌یه‌ك به‌پێی نمره‌كانیان ناویان له‌و شوێنانه‌ بێته‌وه‌، كه‌ ئاره‌زوی ده‌كه‌ن.

 

ده‌ستپێكردنی ده‌وام و كات و شوینی سكاڵا تۆماركردن

سەرۆکى لێژنەى باڵاى وەرگرتنى خوێندکاران لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند:  كات و ماوه‌ی په‌یوه‌ندیكردن به‌به‌شه‌كانیان و تۆماركردنی سكاڵا تا رێكه‌وتی (20/10/2018) ده‌بێت و، سکاڵاش لە مەڵبەندى راوێژکارى زانکۆکان دەبێت، لەهەمان کاتدا داواشى لە خوێندکاران کرد بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە تا دەست بە پرۆسەى خوێندن بکەن، چونكه‌ رێكه‌وتی (21/10/2018) یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌وامی قۆناخی یه‌كه‌م ده‌بێت له‌ زانكۆكانی كوردستان.

 

وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كان

د.خه‌تاب شێخانی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: هێشتا پڕۆسه‌ی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان ڕانه‌گه‌یندراوه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌فته‌یه‌ك دوای ڕاگه‌یاندنی وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆ حكومیه‌كان، وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ تایبه‌ته‌كانیش ڕاده‌گه‌ێندرێ، وتیشی پلانی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ تایبه‌ته‌كان نزیكه‌ی (25،000) بیست و پێنچ هه‌زار خوێندكاره.‌