د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دیدگاى وەزارەتەکەمان هاندانى زانکۆ ئاستەبەرزەکانى جیهانە تا لقى زانکۆکانیان لە کوردستان بکەنەوە، بۆیە کارئاسانى تەواو بۆ ئەو زانکۆ پێشکەوتوانە دەکەین، کە دەخوازن لقى زانکۆکانیان لە کوردستان بکەنەوە.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتى (١/٤/٢٠١٨) لە میانەى دیدارێکدا لەگەڵ خاتوو (جانیت ئەلبێرتا) کونسڵى گشتى هۆڵندا لە هەرێمى کوردستان هات.
لەو دیدارەدا، کە لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و، د.محمد کەلارى بەرپرسى پەیوەندییە دەرەکیەکان بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، زانکۆکانى هۆڵندا کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى دیدارەکەدا خاتوو (جانیت ئەلبێرتا) کونسڵى گشتى هۆڵندا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى بەو دیدارە دەربڕى و، هیواى خواست پەرەى زیاتر بە پردى پەیوەندییە ئەکادیمى و زانستیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و، زانکۆکانى هۆڵندا بدەن.
لە بەرامبەردا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان وتى: بوارى هاوکارى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى هۆڵاندا زۆرە، لەهەمان کاتدا دەرفەتى زۆریش هەیە تا زیاتر پەرەیى پێبدەین، وتیشى هەندێ لە زانکۆکانمان بەرنامەیان هەیە لەگەڵ زانکۆکانى هۆڵندا، بەڵام وەک وەزارەت خوازیارین بە ڕێگەیەکى دیکە پەرەى زیاتر بەو پەیوەندیانە بدەین و، لە چوارچێوەى رێکەوتننامەیەکدا ڕێکى بخەین تا کارى نێوانمان بەڕونى دیارى بکات.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا، د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى لە کردنەوەى لقى زانکۆ ئاستبەرزەکانى جیهان کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆ تایبەتەکان، لە ئیستادا وەزارەتەکەمان بڕیاریداوە بە ڕاگرتنى وەرگرتنى پرۆپۆزەڵ بۆ کردنەوەى زانکۆى تایبەت لە کوردستان، بەڵام ئەو بڕیارە پرۆپۆزەڵى زانکۆ ئاستەبەرزەکانى جیهان ناگرێتەوە، کە ئەخوازن لقى زانکۆکانیان لە کوردستان بکەنەوە، بەڵکو وەزارەت کارئاسانى تەواو بۆ ئەو زانکۆیانە دەکات، کە لەبەرنامەیاندایە ڕاستەوخۆ لقى زانکۆکانیان لە کوردستان بکەنەوە، بەڵام زانکۆکان هۆڵندا سەربارى پیشەنگیان تا ئێستا نەیتوانیوە وەک پێویست لە هەرێمى کوردستان و ئێراق خۆیان بناسێنن و، سەرەنجى خوێندکارانى ناوچەکە بۆ لاى خۆیان ڕابکێشن.
هەر لە میانەى وتەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەو بوار و سێکتەرانەى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستنیشانکرد، کە ئەکرێ لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ زانکۆکانى هۆڵندا پەرەى پێبدرێ، بەتایبەت لە بوارەکانى (کشتوکاڵ، کارگێڕى کار، ئاو و ئەندازیارى..)، وتیشى دیدگاى وەزارەت لە ئێستادا بایەخدانە بەخوێندنى پیشەیى و کردارى و، بەرزکردنى ئاستى زمانى ستافى زانستى و، جێبەجێکردنى سیستمى بۆلۆنیا و ڕاهێنانى مامۆستایان و کواڵیتى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان و بەستنەوەى خوێندنى باڵا بە بازارى کار، چونکە لە دواجاردا وەزارەت دەخوازێت زانکۆکان لە خزمەتى کۆمەڵگە و پەرەپێدانى سەرجەم سێکتەر و کایەکانى کۆمەڵگە بێ.
لە بەرامبەردا، خاتوو (جانیت ئەلبێرتا) کونسڵى گشتى هۆڵندا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى بەو ئاستى گەشەسەندن و پێشکەوتنەى خوێندنى باڵا لە کوردستان دەربڕى و جەختى لە وتەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردەوە بەتایبەت لە بایەخدان بەلایەنى کشتوکاڵ، ئاو، کارگیڕى کار و پیشەیى و کردارى، هیواشى خواست خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بتوانن سود لە سکۆلەرشیپى (مینا) وەربگرن، کە ساڵانە لەلایەن هۆڵنداوە تەرخان دەکرێ بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریکا.