وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مامۆستایان و توێژەرانی کوردستان ئاگادار دەکات، کە لەئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٧/٢/٢٠١٨)ەوە دەرگای پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی بەستهێنانی گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی دەکاتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا توێژەرانی کوردستان دەتوانن لەم بوارانەی لای خوارەوە پرۆپۆزەڵەکانیان ئاڕاستەی وەزارەت بکەن، بوارەکانیش بریتین لە:
- بوارە فرە دیسپلینەکانی زانستە سروشتی و تەتبیقییەکان.
- بوارەی زانستی پزیشکیی.
- بواری وزە و سامانە سروشتییەکان و ژینگە.
- بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری و گەیاندن.
- بواری گەشەپێدانی ئابوری.
- بواری جێندەر.
- بواری یاسا و ڕامیاری.
- بواری زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان.
گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی دەبەخشرێتە ئەو توێژینەوانەی کە لە ئەولەویەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانیی هەرێمی کوردستانن و، چارەسەری گرفتە هەنوکەییەکانی هەرێمەکەمان دەکەن، لەسەر بنەمای کواڵیتی و کاریگەریی توێژینەوەکان و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و شەفافیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەم مەبەستەش پەیڕەوی سیستمی پێداچوونەوەی هاوەڵانە (Peer Review) دەکرێت.
تێبینى:
- دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵەکان ڕۆژی دوو شەممەی ڕێکەوتی (١٢/٣/٢٠١٨) یە.
- توێژەران دەتوانن پرۆپۆزەڵەکانتان بۆ ئەم ئیمەیلە (Scholraships@mhe-krg.org) ڕەوانە بکەن.
ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان کۆمیتەیەکی زانستیی ستراتیجی نیشتیمانییە کار دەکات بۆ هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە بواری پسپۆڕی جیاجیادا لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەکارهێنانی بەرهەمەکانی توێژینەوەی زانستی بۆ مەبەستی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان، وەک گرانتى یەکەم گرانتى نیشتیمانى بڕی (٢٥٠ ملیۆن دینار) بۆ ئەنجومەنەکە تەرخان کراوە.