د.یوسف گۆران: بایەخى زۆر بە بەرزکردنەوەى کواڵیتى زانکۆکانمان دەدەین

4.jpg

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: هەنگاو بەهەنگاو زانکۆکانمان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەبین، کە زمانى ئینگلیزى بکەنە زمانى دوەمى خوێندن.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران لە میانەى دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى ئەمریکى لە دهۆک هات, کە ئەمڕۆ چوارشەممە, ڕێکەوتى (٢٦/٨/٢٠١٥) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردبوو.

لەو دیدارەدا, کە بەئامادەبونى د.سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو بەوەکالەت به‌ڕێوه‌چوو، د.میکائیل ویلم مولێکس سەرۆکى زانکۆى ئەمریکى لە دهۆک کورتەیەکى لەبارەى ژیانى ئەکادیمى خۆى باس کرد، پاشان ڕونکردنەوەى پێویستى لە بارەى زانکۆکەیانى پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەروەک داواى کرد وەزارەت هاریکاریان بێت لەسەرخستنى کارى زانکۆکەیان.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، تیشکى خستەسەر ئەو هەمە ڕەنگیەى کە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بونى هەیە، ڕاشگەیاند: وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و لە پێناو زیاتر بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان  و پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى ئەمڕۆى بازارى کوردستان بایەخى زۆر بە بەرزکردنەوەى کواڵیتى زانکۆکان دەدەین، وتیشى هەنگاو بەهەنگاو زانکۆکانمان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەبین، کە زمانى ئینگلیزى بکەنە زمانى دوەمى خوێندن، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکى زانکۆی ئه‌مریكی له‌ دهۆك ڕاسپارد لە کردنەوەى بەشەکاندا ڕەچاوى پێداویستیەکانى بازارى هەرێمى کوردستان بکەن.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.یوسف گۆران باسى لە زانکۆى چەرموو کرد و وتى: زانکۆى چەرموو وەک زانکۆیەکى نوێ لەسەر بنەماى ستانداردە زانستی و ئەکادیمیەکان دامەزراوە, ئەو کۆلێژانەشى کە هەیەتى لەگەڵ پێداویستیەکانى بازاری كوردستان و ناوچەکە یەک دەگرێتەوە، هەر لە قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێویستى هەماهەنگى نێوان هەردوو زانکۆى ئەمریکى لە دهۆک و زانکۆى چەرمووى بەپێویست زانى تا بتوانن ڕێکەوتنێکى لێکگەیشتن ئیمزا بکەن بۆ پەرەپێدانى پەیوەندی نێوانیان و خزمەتکردن بە بوارى زانست لە کوردستان.

لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: هەر پێداویستیەک بۆ خزمەتکردن بەزانست و بوارى پێشخستنى خوێندن و توێژینەوە پێویست بێت, لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە پشتگیرى دابینکردنى دەکرێ.