وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی لقی سێ‌ پارتی كرد

newsitem-1919-5.02.2015-ku.jpg

د.یوسف گۆران: زانكۆی (چەرمۆ) تاكە دامەزراوەی نوێ‌ بوو، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی نیشاندا

لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ شاری كەركوك، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی لقی (3) سێ‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و بەگەرمی لەلایەن محمد كەمال بەرپرسی لقەكە پێشوازی لێكرا.

   لە دیدارێكدا دوای بەخێرهێنانی بۆ شاری كەركوك، محمد كەمال بەگرنگەوە باسی لە ڕۆڵی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد بۆ بایەخدان بەشاری كەركوك و چارەسەركردنی كێشەی خوێندكاران، هەروەك دەستخۆشی لە د.یوسف گۆران كرد كە لەو بارودۆخە ئابورییە خراپەی ڕوی لە هەرێمی كوردستان كردوە، نوسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە شاری كەركوك كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی خوێندكارانی شارەكە. 

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: خزمەتكردن و گرنگیدان بەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەی دەزانین، هەربۆیە چیمان پێ‌ بكرێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە دریخی ناكەین، ئەوەشی ڕاگەیاند: كردنەوەی زانكۆی (چەرمۆ) لە شاری چەمچەماڵ تاكە دامەزراوەی نوێ‌ بو، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا، ئەوەش لە پێناو كارئاسانیكردن بۆ خوێندكارانی كەركوك و چارەسەركردنی كێشەكانیان.