وه‌زیری خوێندنی باڵا، ئاڵای كوردستانی به‌رزكرده‌وه‌

newsitem-1473-17.12.2012-ku.jpg1_.jpg

ئه‌مرۆ دوو شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی 17/12/2012، له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ڕاوێژكارانی وه‌زیری و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانبه‌رانی دیوانی وه‌زاره‌ت به‌رێوه‌چوو، د.عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی دیوانی وه‌زاره‌ت ئاڵای كوردستانی به‌رزكرده‌وه‌.

به‌ر له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵاكه‌، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وته‌یكدا باسی له‌ پێرۆزی ئاڵای كوردستان و مێژووی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستانی كرد، كه‌ پێش (67) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا قازی محمد له‌ كۆماری كوردستان له‌ مهاباد ئاڵای كوردستانی هه‌ڵكرد، له‌و ڕۆژگاره‌و له‌ پێناو به‌رز راگرتنی ئه‌و ئاڵایه‌دا به‌سه‌دان و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی گه‌له‌مان خۆیان كرده‌ قوربانی، هیواشی خواست ڕۆژی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان ببێته‌ هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژێر سێبه‌ری ئاڵای كوردستاندا بره‌وی زیاتر به‌ بواری زانست و مه‌عریفه‌و به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان بدرێت.

پاش پێشكه‌شكردنی وته‌كه‌ی د.عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاڵای پیرۆزی كوردستانی له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌ڵكرد و پیرۆزبایی ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ ئاماده‌بوان كرد و سڵاو رێزی و وه‌فاداریشی بۆ پێشه‌وا قازی محمد ڕه‌وانه‌ كرد، كه‌ له‌و ڕۆژگاردا ئه‌م مێژوییه‌ی بۆ گه‌له‌كه‌مان تۆماركرد.