ئەمڕۆ 12/12/2010 وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى پرۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین، لە یەکەم ڕۆژى کۆنگرەى دەیەمى عەرەبى بۆ بەکارهێنانى ئاشتیانەى هێزى ئەتۆمى بەژدارى کرد. لەو کۆنگرەیەدا وڵاتانى جامیعەى عەربى بەژدارییان کرد، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح وتەیەکى پێشکەشکرد و ئاماژەى بەوە کرد ، کە لە ڕابردوودا بەهۆى خراپ بەکارهێنانى ئەتۆمى لەلایەن ڕژێمى پێشوو، گەلى عێراق بە گشتى و گەلى کورد بە تایبەتى زەرەرمەند بوون و ناخۆشییەکى گەورەیان چەشت و عێراق کرایە گۆڕەپانێکى جەنگ و خوێن.سەرۆکى حکومەتى هەرێم هیواى خواست، لەمەودوا ئەو هێزە ئەتۆمیییە بۆ خزمەتى مرۆڤایەتى بەکاربهێنرێت. هەروەک بۆ ئامادەبوان روونیکردەوە،کە ئەگەرچى کوردستان خاوەنى تایبەتمەندى خۆیەتى، بەڵام دەکرێ ئەزمونى پێشکەوتنى هەرێم ،بۆ شارەکانى ترى عێراق بگوازرێتەوە و هەموو عێراق سودى لێببینێت.
کۆنگرەکە بەسەرپەرشتى سەرۆک وەزیرانى عێراق نورى مالکى و لەژێر دروشمى (ئەتۆم بۆ خزمەتى مرۆڤ) بەڕێوەچوو، کە دەستەى عەرەبى بۆ هێزى ئەتۆمى، بەهاوکارى وەزارەتى زانست و تەکەنۆلۆژیا و هاوکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەى چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.