ئهمرِۆ پێنج شه‌ممه كاتژمێر 3:30 پاشنیوهرِۆ 12/8/2010 پرِۆفیسۆر د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین وه‌زیرى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى له دیوانى وه‌زاره‌ت، پێشوازى كرد له (ستیڤان بانتل) كونسوڵى گشتى ئه‌ڵمانى له هه‌ولێر.
له دانیشتنێكدا وێرِاى به‌خێرهێنانى، به‌بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌كو كونسوڵى گشتى ئه‌ڵمانى، وه‌زیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایى خۆى ئاراسته كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له كاره‌كانى داهاتووى بۆ خواست، دواتر هه‌ردوولا چه‌ندان ته‌وه‌ریان له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان ئاڵوگۆرِ كرد و جه‌خت له هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى نێوانیان كرایه‌وه.
هاوكات كونسوڵى گشتى ئه‌ڵمانى، له ئاماژه‌یه‌كیدا رِووناكى خسته‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانى رێكخراوى داد (Daad)ى ئه‌ڵمانى له‌باره‌ى په‌ره‌پێدان و وه‌به‌رهێنان له بوارى مرۆیى، له‌رێگه‌ى ناردنى خوێندكارانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به مه‌به‌ستى ته‌واوكردنى خوێندنى ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكانى ئه‌ڵمانیا. ناردنى ئهكادیمیستانى زانكۆش به مه‌به‌ستى خۆتهرخانكردنى زانستى و ئه‌نجامدانى راهێنان و مه‌شقى زانستى و ئه‌كادیمى لایه‌نێكى تر‌ى گفتوگۆكان بوو.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه وه‌زیرى خوێندنى باڵا هاوكارى و هه‌وڵه‌كانى كونسوڵى ئه‌ڵمانى له رابردوو و ئێستا به‌رز نرخاند و جه‌ختى له به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمییه‌كان و دروستكردنى پردى دڵنیایى نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه.
له میانى دانیشتنه‌كه‌دا، وه‌زیرى خوێندنى باڵا ئاماژه‌ى به ستراتیژییه‌ت و روانگه‌ى وه‌زاره‌ت كرد و تیشكى خسته سه‌ر به‌رنامه‌ى تواناسازى حكومه‌ت، له‌باره‌ى ناردنى خوێندكارانى خاوه‌ن توانست و به‌هره‌مه‌ند، به مه‌به‌ستى تهواواكردنى خوێندنى ماسته‌ر و دكتۆرا له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان.