FacebookMySpaceTwitterGoogle Bookmarks
karzan

karzan

Email: karzan.misha@gmail.com

بەریتانیا پڕۆژەی 
کولتوری ، ڕۆشنبیری، وەرزشی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدا

لەدیداری نێوان وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەرێز (خالید دۆسکی) و(مارتن واڕ) سەرکونسڵی گشتی بەریتانیا لەهەرێمی کوردستان، تەکید لەبەهێزکردنی پەیوەندیە ڕۆشنبیری و کولتورییەکان کرایەوە.

لەو دیداردا کە ئەمڕۆ 2018/5/8 لەنووسینگەی وەزیری ڕۆشنبیری بەرێوەچوو، باس لە ئەنجامدانی ژمارەیەک چالاکی وەرزشی و هونەری هاوبەش کرا.

جگە لەوەش باس لەوەکرا چۆن بتوانرێ لەبواری وەرزشی هەرێمی کوردستان سود لەئەزمونی دەوڵەمەندی بەریتانیا وەربگرێ بۆ ئەم مەبەستەش هێنانی ژمارەیەک ڕاهێنەرو پسپۆری وەرزشی بەئەزموونی یانەکانی بەریتانیا بۆ کوردستان بەباش زانرا تا لەڕێگای کردنەوەی چەن خولێک، ڕاهێنەرانی یانەکانی کوردستان سود لەئەزمونیان وەرگرن.

جگە لەمانەش باس لەنمایشکردنی فیلمێکی بەریتانی کرا لە سینەماکانی کوردستان کە لە بارەی عێراقەوە دەرهێنراوە بەناوی (نامەکان لەبەغدا)وە بڕیاردرا لەمانگی داهاتودا لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێم نمایش بکرێ.

هەردوولا لایان گرنگ بوو پەرە بەئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و کولتوری نێوان گەلی کوردو بەریتانی بدرێ و کۆبونەوەو دیداری لەم جۆرە بەپێویست زانرا.

لە چەمچەماڵ
لە سیمینارێکدا قۆناغە بنەڕەتیەکانی فیلمسازی بەرێوەچوو

ئێواره‌ی رۆژى دووشه‌ممه‌ 14 / 5 / 2018 بەڕێوەبەرێتی رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ به‌هاوکاری گروپی (دیدگای هزر)
سیمینارێکی بۆ هونەرمەند و سینەماکار (ئالان ئەمین) به‌ ناونیشانی (قۆناغە بنەڕەتیەکانی فیلمسازی ) له‌هۆڵی (محمد نوری تۆفیق) له‌ بینای رۆشنبیری چەمچەماڵ رێکخست 
له‌ سیمیناره‌که‌دا هونه‌رمه‌ند به‌ وردی تیشکی خسته‌ سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رهه‌مهێنانی فیلم و ئه‌و پێداویستیانه‌ی بۆ دروستکردن و به‌رهه‌مهێنانی فیلم پێویستن .
له‌کۆتایی سیمیناره‌که‌شدا به‌ڕێوه‌به‌رێتی رۆشنبیری و هونه‌ری چه‌مچه‌ماڵ بڕوانامه‌ی رێزلێنانی به‌خشیه‌ هونه‌رمه‌ند (ئالان ئه‌مین) له‌ پای ئه‌و خزمه‌ته‌ی به‌ هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری سینه‌ما به‌تایبه‌تی کردوویه‌تی.
ئالان ئه‌مین 
له‌دایک بووی سه‌نگاو - چه‌مچه‌ماڵه‌ و له‌ ساڵانی (1980)کانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ ده‌ستی کردووه‌ به‌ کاری هونه‌ری شانۆ و دواتر په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌کانی سلێمانی به‌شی ده‌رهێنانی شانۆی ته‌واوکردووه‌ ، له‌ساڵی 1995 کۆچ ده‌کات بۆ هه‌نده‌ران و له‌ هونه‌ر دانه‌بڕاوه‌ تا دواجار بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ بواری سینه‌ما به‌ده‌ست ده‌هێنێت و وا بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ده‌ست به‌ خوێندنی دکتۆرا له‌ هه‌مان بوار بکات.

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
پێشوازی لە دوو گروپی ئەڵمانی کرد

بەرێز وەزیرى رۆشنبیرى ولاوان لە نووسینگەى تایبەتى خۆى پێشوازى لە هەردوو گروپى ئەلمانى (Christoph Dinkelaker AlSharq Reisen ) کرد.
گروپەکە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چاودێرو چالاکوان رۆژى ٢٠١٨/٥/١٦ سەردانى وەزارەتى رۆشنبیریان کرد.
ئامانج لەسەردانیکردنیان لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخى کوردستان و عێراق , هەروەها ئاشنابوون بە کولتور کوردى و کێشەو گرفتەکانى نێوان حکومەتى ناوەندى و هەرێم چەن بابەتێک پەیوەست بەڕەوشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئازادییەکان لەکوردستان.
وەزیرى رۆشنبیرى وێرایی بەخێرهاتنی گەرمى وەفدەکە بەوردى تیشکى خستە سەر رۆڵى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان لە بوارى کولتورو خزمەتکردنى لاوان , جگە لە باسکردنى ڕەوشى ڕاگەیاندن و ئازادییەکان لە هەرێمى کوردستان.

هەروەها باسکردنى دۆخى ژیانى سەرجەم پێکهاتەکان لە کوردستان کەسەدان ساڵە چەندین نەتەوەو پێکهاتەو ئاینى جیاواز لەکوردستان بەشێوەیەکى ئاشتیانە پێکەوە دەژین .
لەم بارەیەوە باسى رۆڵى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى کرد لە نزیککردنەوەو ئاشناکردنى پێکهاتەکان بەکەلتورو داب و نەریتى یەک و رێزگرتن و پاراستنى تایبەت مەندییەکانى سەرجەم نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان لە کوردستان.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23/4/2018، له‌ساڵیادی ئه‌نفالدا و له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کانی کورد لقی چه‌مچه‌ماڵ ، به‌هاوکاری به‌ڕێوه‌به‌رێتی رۆشنبیری و هونه‌ری چه‌مچه‌ماڵ کۆڕاڵی (سوێند) له‌ هۆڵی رۆشنبیری نمایشکرا.
کۆڕاڵه‌که‌ له‌ ئاماده‌کردنی : فه‌یسه‌ڵ عادل یادگار
نووسین و ده‌رهێنانی : شێرزاد حه‌سه‌ن
ئاماده‌کاری میوزیک: رزگار حه‌مه‌ رئوف
نواندن و وتنی ژماره‌یه‌ک ئه‌کته‌ر و کوڕ و کچی لاو بوو

چراکانی نیشتمان

نەجمەدین مەلا

نەجمەدین مەلا وەك شاعیرو چیرۆكنووس‌و نووسەر ‌و مامۆستا خزمەتی بەكاروانی روناكبیری‌و خوێندەواری كردووە.
نەجمەدین كوڕی مەلا غەفور كوڕی مەلا عەلی كوڕی مەلا برایم كە بەنەجمەدین مەلا ناسراوە ساڵی 1898 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە‌و لەئامێزی خێزانێكی ئاینیی رۆشنبیر‌و زانستپەروەردا گەورە بووە.
لای باوكی فێری خوێندنەوەو نوسین بووە‌و لەسەر دەستی زانای ناودار شێخ مستەفا قازی بڕوانامەی خوێندنی ئاینی بەدەستهێناوە.
ماوەیەك وەك فەرمانبەری میری لە رانیە خزمەتی كردووە.
نەجمەدین مەلا لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای كاری رۆژنامەنووسی بووە‌و وتاری ئەدەبی‌و شیعرو چیرۆكی فۆلكلۆری‌و كەلەپوری لە رۆژنامەی زاری كرمانجی بڵاو كردۆتەوە كە مامۆستا حسێن حوزنی موكریانی لەشاری رواندز دەریكردووە.
هاوكارێكی بەردەوامی رۆژنامەكانی ژین‌و ژیانی سلێمانی بووە‌و وتارو چیرۆك‌و شیعری تێیاندا بڵاو كردۆتەوە.
چیرۆكی لە زمانەكانی عەرەبی‌و فارسیشەوە وەرگێڕاوە‌و لەو دوو رۆژنامەیەدا بڵاوی كردونەتەوە.
ھەروەھا لە گەلاوێژ و ھیواو رۆژی نوێ و شەفەق بەرھەمەکانی بڵاوکردۆتەوە.ژیاننامە‌و شیعری چەند شاعیرێكی وەک کەشکۆڵ بەدەست نوسیوەتەوە‌‌و لەفەوتان رزگاری كردوون.
نەجمەدین مەلا خەمخۆری پەروەردە‌و خوێندن بووە‌و قوتابخانەیەكی تایبەتی بەناوی كەشتی نوح دامەزراندووە‌و مناڵانی فێری خوێندەواری كردووەو نزیكەی حەوت هەزار كەسی فێری خوێندنەوە‌و نووسین كردووە.
لەدوای كۆچی دوایی ژیان‌و بەرهەكانی لەدووتوێی چەند كتێبێكدا چاپ‌و بڵاو كراونەتەوە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كورد لە 23ی نیسانی 1962كۆچی دوایی كرد. هەرچەند وەسێتی كردبوو كە لەچیای ئەزمڕ بەخاك بەسپێردرێ‌، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئەو كاتەوە لە گردی سەیوانی سلێمانی بەخاك سپێردرا‌و لەدوای مۆركردنی رێكەوتنی ئازاری 1970 وەسێتەكەی جێبەجێ‌ كرا‌و لەرێورەسمێكی شكۆداردا لە سەر شاخی ئەزمڕ بەخاك سپێردرا.
درودی رێز‌و وەفا بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی مامۆستا نەجمەدین مەلای ئەدیب‌و روناكبیر‌و زانستپەروەر.

 
 
بەبۆنەی یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی، سەعات 3ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 22/4/2018، لە كافێنێتی نیشتمانیی ئەمنە سورەكە لەسلێمانی، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و دەزگای ئایدیا بۆ فكرو لێكۆڵینەوە و زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی و تۆڕی ئەكادیمیاو دیلۆگی میدیا، مەراسیمێكیان بەڕێوەبرد.
 
لەمەراسیمەكەداهەر یەک لەبەرێزان ( خالید دۆسكی) وەزیری رۆشنبیری و لاوان و (بابەكر دڕەیی) بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ژمارەیەكی بەرچاو بە مامۆستایانی زانكۆ و رۆژنامەنووسان ئامادەی بوونز
سەرەتا سیمپۆزیۆمێك بەناونیشانی (میدیای تەندروست كۆمەڵگایەكی هۆشیار بەرهەمدێنێت) بەڕێوەچوو بۆ هەریەك لە بەرێزان (د.سامان جەلال، د.هێرش رەسول، ستران عەبدوڵڵا، د. نەزاكەت حەمە حسێن)
دواتر( 100) رۆژنامەنووسیی كەناڵە جیاجیاكان خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا.
هەر بەبۆنەی یادی 120 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردییەوە، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بەهاوڕێیەتی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەر، پێشانگای گۆڤاری سیخوڕمەیان بەسەركردەوەكە پێشانگایەكی تایبەتی كاریكاتێری بوو بۆ هونەرمەند (محەمەد فەتاح).

 

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 11/4/2018 بە ئامادەبوونی (ئازاد محمد ئه‌مین) سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و (بابه‌کر دڕه‌یی) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی و (ره‌مک ره‌مه‌زان) قائیمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و ئەندامانی پەرلەمان و بەڕێوەبەری بەشێک لە فەرمانگەکان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووهەمین (دیداری چه‌مچه‌ماڵ بۆ فیلمی جینۆساید) بەڕێوەچوو .

پاش وەستانی دەقیقەیەک بۆ گیانی پاکی شەهیدان، (ڕه‌مک ڕەمەزان) قائیمقامی چەمچەماڵ وتەی بەخێرهاتنی پێشکەشکرد و ئەم ڕۆژەی ڕاپەڕینی چەمچەماڵیەکانی دژی بەعس بەرز نرخاند و دەستخۆشی لە ڕۆشنبیری چەمچەماڵ کرد کە دوو ساڵە دیداری فیلمی جینۆساید بەڕێوە دەبات .

دواتر وتاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی لەلایەن ( بابەکر دڕەیی) بەڕێوەبەری گشی خوێندرایه‌وه‌، تیشکی خسته‌ سه‌ر کار و چالاکیه‌کان و دواتر بەرنامەکانی دیدار دەستی پێکرد .

گروپی یاران بە پێشکەشکردنی چالاکیەکی هونەر و موزیک گوزارشتیان لە مەرگەساتی ئەنفالکرد و دواتر چەند فیلمێکی کورت و درێژ پێشکەش کران کەباسیان لە جینۆساید گەلی کورد دەکرد .

ئێوارەی هەمان ڕۆژ له‌ هۆڵی (محمد نوری تۆفیق) له‌ رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ پانێڵێک لەسەر ڕۆڵی هونەر له‌ ناساندنی جینۆسایددا پێشکشه‌کرا له‌لایه‌ن (محمد حمه‌صالح) نووسه‌ر و توێژه‌ر و (هه‌ڵوێست نه‌ریمان) هونەرمەند بابه‌ته‌کان پێشکه‌شکران.

دواتریش کورته‌ فیلمێک و فیلمێکی درێژ نمایشکران ، که‌ سه‌رجه‌میان گوزارشتیان له‌ جینۆساید ده‌کرد.

له‌کۆتای دیداریشدا که‌ ئێواره‌ی هه‌مان رۆژبوو ، خه‌ڵاتی رێزلێنان به‌سه‌ر فیلمه‌ به‌شداربووه‌کان و پانێڵیسته‌کان دابه‌شکرا.

دووه‌مین (دیداری چه‌مچه‌ماڵ بۆ فیلمی جینۆساید) له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کانی رۆشنبیری و هونه‌ری چه‌مچه‌ماڵ و هونه‌ری سینه‌مای سلێمانیه‌وه‌ له‌هۆڵی رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ به‌ڕێوه‌چوو به‌هاوکاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی

دیداری رۆشنبیرى
کوردی ، ئەڵمانی بەرێوە دەچێ
 
وڵاتى ئەڵمانیا : سپۆنسەرى ژمارەیەک چالاکى رۆشنبیرى و کولتورى هاوبەش دەکات
وڵاتی ئەڵمانیا لەڕێگای پەیمانگای (غۆتە) و ڕێکخراوی (گیز) یارمەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەدات بۆ ئەنجامدان و بەرێوەچوونی ژمارەیەک چالاکی کولتوری و ڕۆشنبیری.
 
ڕۆژی 2018/4/11 بەرێزی (خالید دۆسکی) وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی پێشوازی لەبەرێز (تۆماس کویسلر) شارەزا لەبواری ڕوشنبیری لەپەیمانگا (غوتە)ى ئەڵمانى کرد.
 
ئامانج لەسەردانی نوێنەری پەیمانگای (غوتە) گەیاندنی زانیارو وردەکارییەکانی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەبوو بۆ وەزیری ڕۆشنبیری کە بڕیارە لەئایندەیەکی نزیک لەکوردستان ژمارەیەک چالاکی ڕۆشنبیری و کولتوری ئەنجام بدەن.
 
دەسپێکی چالاکییەکانی پەیمانگاکەیان، هێنانی تیمێکی ڕاوێژکاری ئەڵمانیە و ئەنجامدانی وۆرک شۆپێکە بەئامادەبوونی نوێنەرانی دام و دەزگاکانی وەزارەت.
 
ئامانج لە وۆرک شۆپ ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە دەربارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی چالاکی کولتورییەکانە کە ووڵاتی ئەڵمانیا لە ڕێگای ڕێکخراوی (گیز) و پەیمانگای (غۆتە) سپۆنسەری دەکات.
بۆ ئەم مەبەستە بەرێز وەزیری ڕۆشنبیری وێرایی سوپاسکردنی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا لەپای هاوکاری و پاڵپشتیە بەردەوامیەکانیان بۆ گەلی کوردو حکومەتی هەرێم ، ئامادەیی و دڵخۆشی وەزارەتی نیشاندا بۆ سەرخستنی پڕۆژە کولتورییە هاوبەشەکان کە بەنیازن ئەنجامی بدەن لەکوردستان.
 
شایانی باسە بڕیارە کۆتایی مانگی نیسان کۆنسرتێکی موزیک و گۆرانی ، بەهاوبەشی لەنێوان هونەرمەندانی کوردستان و ئەڵمانیا بەرێوەبچێت وەک دەست پێکی یەکەم چالاکی کولتوری و رۆشنبیرى.

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

شەقامی شەست مەتری - چوارڕیانی عیزەدین فەیزی

سۆسیال میدیا

پەیوەندی

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

 
: هەولێر - شەقامى شەست مەترى
: 9640662568255
  نامەکە نەگەیشت.   نامەکەت گەیشت.