چراکانی نیشتمان
شەماڵ سائیب
لە ئامادەکردنى : خەلیل عبدوڵڵا
شەماڵ سائیب هونەرمەندو موزیكژەنو مامۆستایەكی دیارو ناسراوی كوردستانەو بەپێشەنگی نوێكردنەوەی گۆرانی كوردی دادەنرێتو خاوەنی دەنگێكی خۆشو بەسۆزە.
ئەم هونەرمەندە وەرچەرچەرخانێكی گەورەی لەبواری هونەری كوردیدا كردو یەكەم كەس بوو لەدەرەوەی ستۆدیۆ گۆرانیو كلیپی تۆمار كرد.
شەماڵ جەلال سائیب كە بەشەماڵ سائیب ناسراوە،12ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٣١لەباوەشی خێزانێكی روناكبیری شاری سلێمانیدا لەدایك بووە.
لەسەرەتای ژیانی لاویدا خولیای هونەری مۆسیقاو گۆرانی بووەو لەو بوارەدا خزمەتێكی گەورەی پێشكەش كردووەو شوێن پەنجەی بەنوێكردنەوەو گەشەپێدانی هونەری گۆرانی كوردییەوە دیارە.
لەسلێمانیو بەغداو ئەمریكا خوێندویەتی.
بڕوانامەی پەیمانگای هونەرە جوانەكانو بەكالۆریۆسی مێژووی كۆلیجی ئابی بەغدا و ماستەری ئەدەبی لە ئەمریكا بەدەستهێناوە.
وەك مامۆستای ئەدەبو هونەر لە زانكۆكانی سلێمانیو سەلاحەدین خزمەتی كردووە.
شەماڵ سائیب وەك موزیكژەنو گۆرانیبێژو مامۆستای زانكۆو نوسەر خزمەتی كردووەو كەسێكی دڵسۆزو بەئەمەك بووە بۆ وڵاتەكەی.وەک رێزلێنانێک لەم ھونەرمەندە گەورەیە، ساڵی 2017ھونەرمەندی پەیکەرتاش خاتوو ئاسۆس جاف پەیکەرێکی لەبەردەم زانکۆی سلێمانی بۆ دروست کردووە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كورد لە رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 1986 بەنەخۆشی كۆچی دوایی كردو لەگردی سەیوان بەخاك سپێردرا.
سڵاوی رێزو وەفا بۆ گیانی پاكو پیرۆزی مامۆستا شەماڵ سائیبی نەمر لە 32هەمین ساڵڕۆژی دوا ماڵئاواییدا.
خەلیل خەیاڵی:دانەری یەكەم ئەلفو بێ
خەلیل خەیاڵی یەكێكە لەو كەسایەتییە ناودارانەی كوردستان كە لەچەند بوارو رشتەیەكی جیاوازدا خزمەتی گەلو نیشتمانەكەی كردووە.
دانانی یەكەم ئەلفو بێی كوردی لەلایەن خەلیل خەیاڵییەوە بەتاجی شانازیی سەر بەرهەمو دەستكەوتەكانی دیكەی دادەنرێ.
خەیاڵی ساڵی 1876 لەگوندی مۆتكی سەر بەپارێزگای بەتلیسی باكوری كوردستان لەدایك بووە.
لەسەردەمی گەنجێتی بۆ خوێندن چۆتە شاری ئەستەنبوڵو لەوێ خوێندوویەتیو دەرفەتی بۆ رەخساوە چەندین كەسایەتیی سیاسیو روناكبیری بناسێتو لەچەندین رێكخراوو كۆمەڵەی سیاسیو كلتووری كاری كردووە لەوانە: (كۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی كوردی، كۆمەڵەی نەشری مەعاریفی كوردی، كۆمەڵەی هێڤی،كۆمەڵەی تەعالی كوردستان).
خەلیل خەیاڵی سەرباری ئەوەی زمانەكانی عەرەبیو فارسیو توركیو فەرەنسی بەباشی زانیوە، بەڵام زۆر بایەخی داوە بەزمانو رێنووسی كوردیو بەوتارو نووسینەكانی هانی لاوانی كوردی داوە كە بەزمانی شیرینی كوردی بنوسنو بخوێننەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش ساڵی 1907 كتێبێكی ئەلفو بێی كوردی بەناوی (ئەلفبای كرمانجی) لەشاری ئەستەنبوڵ داناو چاپو بڵاوی كردەوە.ئەوەش بەیەكەم ئەلفو كوردی دادەنرێ كە رۆڵی دیاری لەدارشتنی بناغەی ئەلفو بێو رێنووسی كوردی هەبووە.
پیرەمێردی نەمر زۆر هاوڕێی خەلیل خەیاڵی بووە كە لەئەستەنبوڵ بووەو زۆربەی كات پێكەوە بوونو زۆر پێی سەرسام بووەو بەكەسێكی رووناكبیرو خوێنەوارو بەویقار وەسفی كردووە.
پاش خزمەتێكی زۆر بەكاروانی وشەو زمانو رێنووسی كوردی، خەلیل خەیاڵی لەساڵی 1926 لەتەمەنی 50 ساڵیدا كۆچی دوایی كردو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی مامۆستا خەیاڵی دانەری بەردی بناغەی ئەلفو بێی كوردی.
لە کەلار چوارەمین کۆنفراسی کتێبخانە گشتییەکان بەڕێوەچوو
د سالار عوسمان: نەخوێندنەوەی کتێب گرفتێکی ڕیشەییە و دەبێ چارەسەر بکرێت
کۆنفراسی چوارەمی کتێبخانە گشتییەکان کۆتایی ھات و کۆنفرانس بە چەندین بڕیار و ڕاسپاردە ھەوڵ دەدات گرفتی کەم خوێندنەوە لە کۆمەڵگەی کوردستان چارەسەر بکات.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان د. سالار عوسمان لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا، کە لە شارۆچکەی کەلار بەڕێوەچوو، وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە بابەتگەلێکی پێوەنددار بە کتێب، ڕۆڵ و بایەخی بنەڕەتیی کتێب، کتێب و تاک، کتێب و جڤاک، نەخوێندنەوە و گرفتەکانی و کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی نەخوێندنەوە و ڕێگاکانی چارەسەر کرد و وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆنفرانس، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.